بە پێی هەواڵی کوردپرێس، شەعبان سێپێهر لە یەکەم مێهرەجانی هونەری فەڕشی دەستچن لە کانوونی شەهید موتەهەری شاری قوڕوە وتی: هونەری تەون لە ئێران خاوەن مێژوویەکی زۆر کۆنە کە بە داخەوە ئاوڕێکی ئەوتۆی لێنەدراوەتەوە و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەسانی دیکە ئەم هونەرەمان لێ بستێنن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە لە بازاڕە جیهانیەکاندا چەندین وڵات کە هیچ مێژوویەکی چنین فەڕش و تەونیان نییە شان بە شانی ئێران ڕاوەستاون، ڕوونی کردەوە: ئەم بابەتە واتە ئەوەی کە ئێمە لەم بوارەدا کەمتەرخەمیمان کردووە و دەبێ زیاتر ئاوڕی لێبدەینەوە.
سێپێهر بە ئاماژە بەوەی کە فەڕشی ئێرانی لە ناو بازاڕەکانی جیهاندا قسەی بۆ وتن پێیە، وتی: فەڕشی ئێرانی بە هۆی کوالێتی و تایبەتمەندیگەلێکی کە هەیەتی زۆر جێگەی پەسندە و ئەم هونەرە دەتوانێ وڵاتەکەمان لە پشتبەستن بە ئابووری تاکە بەرهەمی نەوت دوور بخاتەوە و جێگرێکی باش بێت بۆ پیشەی نەوت بەڵام بە بەرجێک کە بمانەوێت و کردەیی بکەین.
ناوبراو هونەری فەڕشی بە خاوەن پوتانسیەڵێکی تایبەت وەسف کرد کە دەتوانێ لە سەر ئاستی ناودەوڵەتیش جێگای نەوت بگرێتەوە و وڵات لە پشتبەستن بە ئابووری نەوت دەرباز بکات و یارمەتیدەری ئابووری خێزانەکان و ئابووری خۆڕاگرانە بێت.
بەڕێوەبەری ئیدارەی کاروبار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی شاری قوڕوەش لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا تەنیا ڕێگای دەربازبوون لە ئابووری تاکە بەرهەمی بە ئاوڕدانەوەی تایبەت لە کاری بە کۆمەڵ زانی و وتی: ئەم مێهرەجانە بە ڕوانگەیەکی نوێ بۆ نەریتە لەبیرکراوەکانی وەکوو فەڕشی دەستچن بۆ وەدیهاتنی ئابووری خۆڕاگرانە و بە ئامانجی پەرەپێدانی فەرهەنگی کاری بە کۆمەڵ لە گوندەکان و خولقاندنی هەلی کار بەڕێوە چووە.
کورش شەعبانی وتیشی: ڕکابەری فەڕشی ئێران لە گەڵ بەرهەمی وڵاتانی ڕکابەر بووەتە بابەتێکی زۆر ئاڵۆز و دژوار و لە ئەنجامیشدا ئەمڕۆ بە پێچەوانەی ساڵانێکی نە زۆر دووریش، بازاڕی جیهانی فەڕش لە بازاڕێکی ژێر ڕکێفی ئێرانەوە بووەتە بازاڕێکی چەند لایەنە.
شەعبانی بە جەختکردن لە سەر بەستێنەکانی ئاشناکردنی خەڵک بە فەڕشی دەستچن لە ناو بنەماڵەکان و بە کەڵک وەرگرتن لە میدیا گشتیەکان، وتی: پەرەپێدانی ئەم هونەرە لە ناوەندە فێرکاریەکان و دامودەزگا جێبەجێکارەکان پێویستی بە ورەیەکی نشتیمانی هەیە و ئەگەر پشتیوانی لێنەکرێت و هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار نەبن ئەوە دوچاری شکست دەبێت.
کۆدی بابهت: 56234 | بهروار: ۱۳۹۵/۲/۱۷ | کاتژمێر: 2 : 16
برچسب:
نویسنده: استخدام کار