بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە "میراث آریا" (chtn)، سەرۆکی ڕێکخراوەی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستی و گەشتیاری وڵات لەو کۆبوونەوەدا کە سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٣ی گوڵان لە هۆتێل لالەی تاران بەڕێوەچوو، بە ئاماژە بە ویستی جیدیی سەرۆک کۆمارانی هەردوو وڵات بۆ گەشەی هەموولایەنەی پەیوەندییەکانی ئێران و تورکیا، وتی: هەردوو وڵات لە پێناو گەشەی هاوکاریی گەشتیاری، کەڵک وەرگرتن لە دەفرایەتییەکانی یەکتری و گۆڕینەوەی ئەزموونەکان ویستێکی جیدییان هەیە.
مەسعوود سوڵتانی فەڕ وێڕای ڕاگەیاندنی پێوشوێنگری پلانڕێژییەکان بۆ گەشەی هاوکارییەکانی بواری گەشتیاری نێوان ئێران و تورکیا، زیادی کرد: ڕەخساندنی دۆخی پێویست بۆ ئامادەبوونی سەرمایەدانەرانی کەرتی تایبەت لە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا لەلایەن سەرۆک کۆمارانی هەردوو لاوە جەختی لەسەر کراوە و بە بەشداری سەرمایەدانەرانی کەرتی تایبەت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هیوادارین تەباییەکی ڕوون و شیاوی جێبەجێ کردن ئەنجام بدرێت.
سەرۆکی ڕێکخراوەی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دستی و گەشتیاری بە وتنی ئەوەی لە ئێراندا دەفرایەتی گەشتیاری زۆرمان هەیە ڕاشیگەیاند: ڕاکێشەرە فەرهەنگی، مێژوویی، سروشتی و زیارەتییەکانی ئێران بۆ گەشتیارانی وڵاتی تورکیا سەرنج ڕاکێشن و لەم دۆخەی نوێی وڵاتدا و پاش هەڵوەشانەوەی گەمارۆوە نادادپەروەرانەکان و جێبەجێ بوونی بەرجام، بەستێن بۆ ئامادەبوونی گەشتیارانی وڵاتی تورکیا لە ئێراندا ڕەخساوە.
سوڵتانی فەڕ هەروەها وەدیهێنانی تووری ئاوێتەی لە دیکەی تەوەرەکانی هاوکاری گەشتیاری نێوان ئەم دوو وڵاتە زانی و وتی: وەدیهێنانی تووری ئاوێتە بۆ گەشتیارانی وڵاتانی چین، ئەندۆنێزی و هیندستان بە مەبەستی سەردانی ئێران و تورکیا دەبێتە هۆکاری ئاشنابوونی زیاتری گەشتیارانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ڕاکێشەرە فەرهەنگی و مێژووییەکانی ئێران و تورکیا.
ناوبراو وتیشی: کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی وڵاتی تورکیا وەکوو یەکێک لە ١٠ وڵاتی سەرتری جیهان لە بواری گەشتیارییەوە لە دیکەی تەوەرەکانی هاوکاری نێوان دوو وڵاتە و بە ئاوڕدانەوە لە داکۆکی سەرۆک کۆمار لەسەر گەشەی گەشتیاری، بزاڤێکی نوێ لەم دەڤەرەدا دەستی پێکردووە و ئێمەش لە سەرمایەدانەرانی بیانی بۆ بەشداری لە بەشی گەشتیاری ئێران پێشوازی دەکەین.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ماهیر ئوناڵ وەزیری فەرهەنگ و گەشتیاری وڵاتی تورکیا وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی خۆی بۆ ئامادەبوون لە ئێران، وتی: پەیوەندییەکانی دوو وڵاتی ئێران و تورکیا لە هەموو بوارەکاندا ڕوو لە پەرەستاندنە.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بە دانوستانەکانی لەگەڵ سەرۆکی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستی و گەشتیاری لە پەراوێزی سەفەرەکەی مانگی پێشووی سەرۆک کۆمار بۆ تورکیا ڕایگەیاند: دانوستان و کۆبوونەوەی بەکەڵک لە پێناو گەشەی هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات ئەنجام دراوە و هیوادارین کۆبوونەوەکەی ئەوڕۆ ببێتە هۆکاری واژۆی پرۆتۆکۆلێکی جێبەجێکاری لە بواری بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی گەشتیاری نێوان دوو وڵات.
وەزیری فەرهەنگ و گەشتیاری تورکیا وێڕای ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەشتیارانی تورکیا لە ئێران وەک لە یەکەمایەتیی هاوکاری نێوان ئێران و تورکیا، زیادی کرد: ئێران و تورکیا لە بواری گەشتیاریدا هەڤیازیی زۆریان هەیە و دەتوانن بە هاوکاری لەم بەشەدا سەرکەوتنێکی زۆرتر وەدەست بێنن.
برچسب:
نویسنده: استخدام کار