"سیروان خزرپوور" دەرهێنەری ئەم شانۆیە ڕۆژی شەممە (١ی جۆزەردان) بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: ئەم شانۆیە لە نووسینی سابر نیکبەخت بە زمانی کوردی و سەبارەت بە چارەنووسی منداڵیک بە ناوی عەزیز لە شاری شەنگالە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەم منادڵە کە بە عەزیزی شەنگال ناسراوە لە کاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شاری شەنگال لە پێ دەکەوێت و دوای چەند ڕۆژ تینوێتی لە بەر خۆرەتاو چاوەکانی لە دەست دەدا. پاشان لە لایەن شەرڤانانی کوردەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە سووریا دەگوازرێتەوە و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت. باوکی ئەو منداڵە دوای ئەوەی کە زانی منداڵەکەی هیشتا زیندووە دەچێت بۆ سووریا بەڵام فریای بینینی ناکەوێت و منداڵەکەی گیانی بەخت دەکا.
خزرپوور وتیشی: شانۆی "لەگلەگەکان" چیرۆکی ئەم منداڵە لە ڕوانگەی چەند کەسێکەوە دەگێڕیتەوە. ڕوانگەی دایک و باوکی مناڵەکە، ئەندامێکی داعش، دوو کچە شەرڤانی کورد کە منداڵەکەیان ڕزگار کردووە، ملوانکەکەی عەزیز و دوو حاجی لەق لەقیش کە ڕووداوەکەیان بە چاوی خۆیان بینیوە.
دەرهێنەری ئەم شانۆیە زیادیشی کرد: شانۆی لەگلەگەکان لە ٥ بڕگەدا نمایش دەکرێت، هەر بەشێکیش چیرۆکێک دەگیڕێتەوە کە لە ئەنجامدا ئەم چیرۆکانە یەک دەگرنەوە و تا ڕادەیەک دەتوانین بلێین شێوازی سورریاڵی هەیە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: ڕەخنە گرتن لە چییەتی داعش سەرەکیترین دنەدەری من بۆ دروست کردنی ئەم شانۆیە بوو و هەروەها ئەم تراژدیە و هاوزمان بوون لە گەڵ ئەم منداڵە، وای لێکردم کە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەواڵی کارەساتی ئەم منداڵە شەنگالییە بە گوێرەی پێویست لە میدیاکاندا ڕەنگدانەوەی نەبوو، بە جۆرێک چیرۆکەکە بگێڕمەوە.
خزرپوور وتی: چیرۆکی ئەم شانۆیە دەیەوێت باس لە شەڕی داعش و نەهامەتییەکانی ئەم شەڕە بکات و پرسی چییەتی داعش و ڕەخنە و سەرکۆنەکردنی ئەم گروپە بە دروست کردنی کەسایەتییەکی ئەندامی داعش لە شانۆکەدا زەق بکاتەوە.
ئەم دەرهێنەرە ئاماژەی بە ٥ مانگ پڕۆڤە و ڕاهێنان بۆ ئامادەکاری شانۆکە کرد و وتیشی: بە هۆی پێشوازی گەرمی تەماشاوانانەوە دەمانەوێت لە شارە کوردنشینەکانی دیکەش ئەم شانۆیە نمایش بکەین.
شانۆی "لەگلەگەکان" لە هۆڵی شانۆی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی شاری مەهاباد بۆ ماوەی ١٠ شەو نمایش دەکرێت.
کۆدی بابهت: 56945 | بهروار: ۱۳۹۵/۳/۲ | کاتژمێر: 10 : 48
برچسب:
نویسنده: استخدام کار