خرید بک لینک

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، دوو ڕکابه‌ری له‌مێژی یه‌کترین، له‌م ماوه‌دا ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کیان واژۆ کردووه که له‌وانه‌یه ناکۆکییه سیاسییه‌کانی نێو هه‌رێمی کوردستان زۆرتر له پێش توندتر بکاته‌وه. سه‌رۆکانی سه‌ره‌کیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، ڕۆژی 17ی مه‌ی پاش ساڵێک قه‌یرانی سیاسی له هه‌رێمی کوردستان ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یان واژۆ کردووه؛ قه‌یرانێک که هه‌وڵه سه‌رنه‌که‌وتووه‌کان به ڕێبه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ له‌سه‌رکارلابردنی مه‌سعوود بارزانی (ڕێبه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان) له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، بوو به بهستێنسازی ئه‌م کاره.

یه‌کێک له ده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات، که به شۆرای دادپه‌روه‌ریی کوردستان ناسراوه، له مانگی ئهگێستی 2015، خولی سه‌رۆکایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی درێژکرده‌وه؛ کارێک که له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی توند له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و تاقمێک له نوێنه‌رانی په‌رله‌مان له پارته جۆراوجۆره‌کان ڕووبەڕووبوو. به‌هۆی زۆرتربوونی ته‌نگه‌ژه‌کان و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش، ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵک (که پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی به‌هۆکاری ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه دەزانی)، هێزه ئه‌منییه‌کانی سه‌ر به پارتی دیموکراتی کوردستان له ڕۆژی 12ی ئەکتەوبری 2015 ڕێگایان به یووسف محه‌مه‌د سدێق، نوێنه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رۆکی په‌رله‌مان بۆ چوونه‌ژووره‌وه‌ی نێو په‌رله‌مان نه‌دا. هه‌روه‌ها پارتی دیموکراتی کوردستان، وه‌زیرانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی به‌بێ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه به هیچ سازوکارێکی یاسایی له ده‌وڵه‌ت ده‌رکرد.

له بواری ئه‌م کێشانه‌دا و که‌لێنی زۆر له نێوان په‌یوه‌ندییه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموکراتیکی کوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌وڵ بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی به‌هێزتر و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زاڵبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌سه‌ر حکوومه‌ت و سیاسه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کیان واژۆ کرد.

محه‌مه‌د شه‌ریف، شرۆڤه‌کاری مژاره‌کانی کوردستان به که‌ناڵی ئه‌لمانیتۆری ڕاگه‌یاند: "ئاسایییه که پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ست به لاوازبوون ده‌کات و له هه‌مبه‌ر دانی زۆرێک له ههڤیازییهکان، نه‌ک هه‌موویان، هەڵوێست دەگرێت". به‌پێی ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه که زۆرتر له پێشنیارێک بۆ باشترکردنه‌وه‌ی هاوکارییه‌کان ده‌چێت، یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ڵێنیان داوه که له په‌رله‌مان و شۆرا پارێزگایییهکاندا پێکه‌وه یه‌کگرتوو بن.

ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه هه‌روه‌ها ڕێگه بۆ دوو گرووپ خۆش ده‌کات که له ئه‌گه‌ری ویستی هەردوولا له هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوودا، به لیستێکی هاوبه‌ش به‌شداری بکه‌ن. ئه‌م دوو پارته هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێککه‌وتوون که په‌رله‌مانی کوردستان "به‌بێ هیچ پێش مه‌رجێک" سه‌رله‌نوێ کۆبوونه‌وه‌کان ده‌ست پێ بکاته‌وه؛ داخوازییه‌ک که پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌خاته نێو ته‌نگه‌ژه. پارتی دیموکراتی کوردستان به‌رده‌وام باسی له‌وه کردووه که پاڵپشتی له دووباره پێکهێنانه‌وه‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی په‌رله‌مان ده‌کات، به‌ڵام که‌سێکی دیکه جێگره‌وه‌ی یووسف محه‌مه‌د سدێق بێت.

ڕۆژ نووری شاوه‌یس له ئه‌ندامانی نووسینگه‌ی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی 16ی ئه‌یپریڵ له هه‌ولێر به ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پێش مه‌رجێک قبووڵ ناکات" و به‌م شێوه‌یه ئاماژه‌ی کرد که پارته‌که‌ی له وه‌رگرتنی هه‌وڵه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی گۆڕان بۆ سه‌رله‌نوێ کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به سه‌رۆکی پێشوویه‌وه خۆی ده‌بوێرێت. له ماوه‌ی حه‌وت ساڵی ڕابردوودا، واته له‌و کاته‌وه که نه‌وشیروان مسته‌فا جێگری سه‌رۆکی پێشووی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، ڕێگای خۆی له جه‌لال تاڵه‌بانی جیا کرده‌وه و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی پێکهێنا، ده‌نگه‌کانی مه‌کته‌بی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو دابه‌زی.

په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان مه‌کته‌بی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ بەرزونزمییەکی زۆر به‌ره‌وڕو بووه و له سه‌ره‌تاکانی ساڵی 2011دا، یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵکی که له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه ڕێکخرا، به توندی سه‌رکوت کرد. ساڵی 2014 بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کوو هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی هاوپه‌یمانیی کورد، جێگای یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی گرته‌وه، به‌ڵام پێداگری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ سنووردارکردنی خولی سه‌رۆکایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی به‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستاندا و ده‌رکرانی وه‌زیره‌کانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و سه‌رۆکی په‌رله‌مان له مانگی ئەکتەوبری ڕابردوودا، کۆتایی به یه‌کگرتوویی لاوازی دوولایه‌نه هێنا.

له کۆتایی مانگی ئهیپریڵدا، کاتێک که نه‌وشیروان مسته‌فا، ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پاش 8 مانگ دووری له کوردستان له له‌نده‌نه‌وه گه‌ڕایه‌وه نیشتمان، زۆرێک بیریان لەوە دەکردەوە که سیاسه‌توانی به ئه‌زموون بۆ بووژاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئابڕووی بزووتنه‌وه‌که‌ی چی ده‌کات.

پێدەچێت که ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان که له یه‌ک مانگدا ده‌سته‌به‌ر بوو، وه‌ڵامی نه‌وشیروان مسته‌فا به پارتی دیموکراتی کوردستان و په‌سه‌ندکردنی ئه‌وه‌یه که شێوه‌ی پڕۆپاگەندەیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌باره‌ت به گۆڕانی یه‌کلایه‌نه و به پشتبه‌ستن به گوشاره‌کانی خه‌ڵک، تووشی شکست بووه.

شۆڕش حاجی، وته‌بێژی فه‌رمیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌لمانیتۆر، وێڕای ڕاگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی که ئامانج له‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه، بوونی دیموکراسییه‌کی زۆرتر له کوردستانه نه‌ک لاوازکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتی که "هه‌ندێک له هه‌ڵسوکه‌وته‌کان و تێکهه‌ڵچوونه‌کان ناچارانه‌یه".

شۆڕش حاجی وتی: "ئێمه بۆ کۆتاییهێنان به ته‌نگه‌ژه سیاسییه‌کان چاره‌یه‌کمان نه‌بوو جگه له‌وه‌ی که بێینه نێو شه‌ڕ، یان ئه‌وه‌ی که به له‌به‌رچاوگرتنی په‌کخرانی په‌رله‌مان، به‌ناچار ده‌ستمان به‌ره‌و لای پارته‌کانی دیکه ڕاکێشین که هه‌مان ڕوانگه‌ی ئێمه‌یان هه‌یه و بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌ک پێکه‌وه هاوکاری بکه‌ین".

گرووپه کوردییه‌کان، مێژینه‌یه‌کی دوور و درێژیان له شه‌ڕی ناوخۆیی له کارنامه‌ی خۆیاندا هه‌یه. پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له نێوان ساڵانی ده‌یه‌ی 1990، تووشی شه‌ڕێکی ناوخۆیی 4 ساڵه بوون. پاش ئه‌وه، ناوچه‌ی کوردستان بوو به دوو به‌شه‌وه و سه‌ره‌ڕای حکوومه‌تی هاوبه‌ش، هه‌ر کام له پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌رده‌وام له به‌شی تایبه‌ت به خۆیان، ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه‌یه.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌تا ساڵی 2014 به‌شێک له ئۆپۆزیسیۆن بوو و خۆی وه‌کوو پارتێکی دژه ده‌سه‌ڵات ناساند و به‌هۆی چه‌ن مژارێک وه‌کوو گه‌نده‌ڵی و بنه‌ماڵه‌یی بوونی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداریی لاوازی هه‌ردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانی کرده ئامانجی ڕه‌خنه‌کانی خۆیان. ڕوون نییه که پارتی گۆڕان پاش ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه، لۆژیکی دژه حکوومه‌تیی خۆی، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان هێوهرتر ده‌کاته‌وه یان نا. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌م ڕۆژانه‌دا له کاتی ڕێوڕه‌سمی بهرهوپیریچوونی به‌رپرسانی بیانی و سیاسه‌توانه خۆجێییه‌کان به‌زۆری له‌لای خزم و که‌سوکاری خۆی ده‌بینرێت و هه‌ندێک ئه‌م پرسیاره ده‌خه‌نه گۆڕێ که له‌وانه‌یه که ئۆپۆزیسیۆنی پێشوویش به‌ره‌و بنه‌مای ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی به‌ره‌وپێش ده‌ڕوات.

پێگه‌ی سه‌ره‌کیی ده‌سه‌ڵاتداری و چالاکیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له پارێزگای سلێمانی و ناوچه ژێر ده‌سه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بوو. بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یویست که ده‌زگاکانی ژێر ده‌سه‌ڵاتداریی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌م ناوچه‌یه‌دا بگرێته ده‌سته‌وه و هه‌روه‌ها بووه‌ته هۆی ناسه‌قامگیری له‌م ناوچه‌یه‌دا.

فه‌رید ئه‌سه‌سەرد، له ئه‌ندامانی کادری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و یه‌کێک له نووسه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ڕه‌شنووسی ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه به ئه‌لمانیتۆری ڕاگه‌یاند: "پێویست بوو که له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا ڕێک بکه‌وین و په‌یوه‌ندییه دوولایه‌نه‌کانمان پته‌و بکه‌ینه‌وه."

ناوبراو ڕایگه‌یاند: "به بێروڕای ئێمه، هه‌تا کاتێک که لایه‌نێک به‌هێز و لایه‌نی دیکه لاواز بێت، سه‌قامگیری و هێمنایه‌تی ده‌سته‌به‌ر ناکرێت. سه‌قامگیری ته‌نیا کاتێک ئه‌نجام ده‌گرێت که هه‌ردوو لایه‌ن به‌هێز بن."

کاردانه‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان که زۆر جێگای ڕه‌زامه‌ندی نییه به هه‌واڵی ڕێککه‌وتننامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی نێشتمانی له‌گه‌ڵ کاتێکی هه‌ستیار بۆ ئه‌م پارته هاوکاته: بارزانی خۆی وه‌کوو ڕێبه‌رێکی هه‌ستاوه بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردی داناوه.

یه‌کێک له مه‌رجه‌کانی ڕێککه‌وتننامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کیتیی نێشتمانیی کوردستان، به‌ڵێندانی ئه‌م دوو پارته بۆ به‌ڕێوه‌بردنی گشتپرسی بۆ ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی کوردستانه، به‌ڵام به‌پێی ڕێککه‌وتننامه‌که، گشتپرسییه‌که ده‌بێت به واژۆی په‌رله‌مان بگات. به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی به‌ربه‌ره‌کانێی ده‌سه‌ڵاتی پێشوو له نێوان ڕێبه‌رانی پارتی دیموکراتی کوردستان، مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هێشتا دیار نییه که ئه‌م سێ پارته، چۆن ده‌توانن له که‌مکردنه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کانی نێوان خۆیان و هاوکاریکردن سه‌باره‌ت به پرسێک هه‌تا ئه‌م ڕاده گرینگه بۆ کورده‌کانی عێراق سه‌رکه‌وتوو بن.

وه‌ها به‌دی ده‌کرێت که ئه‌م ڕێککه‌وتنه بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، وه‌کوو پیاڵه‌یه‌کی ژههروایه که خواردنه‌وه‌ی به‌م ئاسانییانه نییه.

سه‌رو قادر، له به‌رپرسانی باڵای پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان که وه‌ها گومان ده‌کرێت که هێشتا له به‌رپرسانی باڵای ئه‌م پارته‌وه نزیکه، به ئه‌لمانیتۆری ڕاگه‌یاند: "ناوه‌ڕۆکی ڕێکه‌وتننامه‌که ئاشکرا ده‌کات که ڕه‌خساندنی هه‌ل بۆ دروستکردنی کێشه له هه‌رێمی کوردستاندا له ئارادایه."

سه‌رو قادر وتی: ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیانهه‌وێت که له به‌رانبه‌ر بارزانیدا بوه‌ستن، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بیروڕای خۆی ده‌بێت. هه‌ر به‌و شێوه‌یه که بارزانی ڕێگه‌ی به بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌دا که ئاڵوگۆڕییه‌ک به‌سه‌ر بارودۆخه‌که‌دا بهێنێت، به ئیئتیلافی گۆڕان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیش وه‌ها ڕێگه‌یه‌ک نادات."

ڕێککه‌وتننامه‌ی نێوان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان، هاوکات له‌گه‌ڵ 100ئەمین ساڵی ڕێککه‌وتننامه‌ی سایکس‌پیکۆ ئه‌نجام درا؛ ڕێککه‌وتننامه‌یه‌ک که به‌رپرسانی دوو وڵاتی بریتانیا و فه‌ڕه‌نسا له‌دوای شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م واژۆیان له‌سه‌ر کرد. له ئاکامی ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه‌دا، به‌شێکی زۆری ناوچه کوردنشینه‌کانی نێوان عێراق و سووریا و تورکیا دابه‌ش کران.

به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی داعش، لاوازیی حکوومه‌تی عێراق و شه‌ڕی ماڵکاولکه‌ر له سووریا، کورده‌کان زۆرتر له هه‌رکات له ماوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نزیک بوونه‌ته‌وه. له حاڵێکدا که ڕێککه‌وتننامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتی نیشتمانی له حاڵه‌تی گه‌شبینانه‌دا له‌وانه‌یه ڕێگا بۆ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان خۆش ده‌کات، له ڕاستیدا و به شێوه‌یه‌کی نه‌خوازراوانه له‌وانه‌یه که ده‌ستپێکێک بۆ چه‌ندین ساڵ کێبه‌رکێی به‌رده‌وام و توند و هه‌روه‌ها زه‌قکردنه‌وه‌ی هێڵه جیاکه‌ره‌وه‌ی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌لایه‌ک، و مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌لایه‌کی دیکه‌وه بێت.

شه‌ریف ده‌ڵێت: "هه‌م بارودۆخی هێمنایه‌تیی لاواز که به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌یه، و هه‌م ئابووریی ناکارامه‌ی هه‌رێمی کوردستان، پێگه‌ی کوردستانی زۆر هه‌ستیارتر و مه‌ترسیدارتر له‌وه‌ی کردووه که ڕێگه به هه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتێکی نابه‌رپرسانه بدات تا که‌لێنێکی زۆرتر له ته‌مووی سیاسه‌تی کوردستاندا درووست بکات.

ژێده‌ر: ئه‌لمانیتۆر

وه‌رگێڕان لە فارسییەوە: محه‌مه‌د حسێنی

برچسب: نویسنده: استخدام کار تاريخ: دوشنبه 10 خرداد 1395 ساعت: 15:19

صفحه بندی