به‌پێی هه‌واڵی کورپرێس به گێڕانه‌وه له بنکه‌ی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت، دوکتور حه‌سه‌ن ڕۆحانی ڕۆژی شه‌ممه له کۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره و گشتی خه‌ڵکی پارێزگای ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا له یاریگه‌ی ته‌ختیی ورمێ، وتی: هێمنایه‌تی و سه‌قامگیریی ئێران له‌ژێر ئاڵای ئیسلام، ویلایه‌تی فه‌قێ و زه‌حمه‌تی هێزه چه‌کداره‌کان و به یه‌کگرتوویی و گه‌شه به‌ده‌ست هاتووه.
دوکتور ڕۆحانی، هه‌موو ئیتنیکه‌کانی ئێرانی وه‌کوو هاوتراز و برا و باسکه به‌هێزه‌کانی ئێرانی ئیسلامی زانی و وتی: نه‌کوو که‌سێک له‌بیری دووفاقی نانه‌وه و جیاکردنه‌وه‌دا بێت؛ هه‌موومان بۆ ئێرانی ئیسلامی گیانی خۆمان به‌خت ده‌که‌ین.
سه‌رۆک کۆماری ئێران له درێژه‌دا، ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوای وه‌کوو نیشتمانی سنوورپارێزه‌رانی ئێران و ورمێی وه‌کوو نگینی ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا ناوبرد و زیادی کرد: به‌رده‌وام، شانازی خوڵقاندنهکانی خه‌ڵکی ئه‌م نیشتمانه له ناوچه سنوورییه‌کاندا به‌تایبه‌ت ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا ده‌بینین.
ناوبراو به ئاماژه به به‌شداری 66 له‌سه‌دی خه‌ڵکی پارێزگای ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا وه‌بیری هێنایه‌وه: گه‌لی ئێران به به‌شداری خۆیان له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا، پیشانیان دا که له‌م نیشتمانه‌دا خوازیاری باشتربوونی بارودۆخی ژیانیان و هاوده‌نگی و یه‌کگرتوویی به‌رپرسان بۆ گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی ئابووریی و به‌دوای فه‌رهه‌نگ و شوناسی ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌یین. خه‌ڵک له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ده‌نگی "نا"یان به توندئاژۆیی و توندوتیژی دا و ڕایانگه‌یاند که ئێمه خوازیاری گه‌شه و پێشکه‌وتنین، نه‌ک ئه‌و دروشمانه‌ی که په‌یوه‌ندی ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان له‌گه‌ڵ کێشه به‌ره‌وڕوو بکاته‌وه.
ڕۆحانی زیادی کرد: ئه‌مه به هونه‌ر ئه‌ژمار ناکرێت که دوژمنان و لایه‌نه به‌رانبه‌ره‌کان به دژی خۆمان یه‌ک بخه‌ین و بارودۆخێک دروست بکه‌ین که ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی که ساڵانێک دۆست و پشتینوانی ئێمه بوون، له ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌پاڵ ئه‌مریکا وه‌کوو دوژمنی ئێران بن و به دژی ئێمه ده‌نگ به گه‌مارۆدرانی ئابووریمان بده‌ن.
ناوبراو به ئاماژه به پێویستییه‌کانی ڕه‌خساندنی هه‌لی کار و گه‌شه‌ی ئابووریی له وڵات وتی: گه‌لانی ئێران له‌م ماوه‌دا ویستیان که ڕێگا بۆ هه‌نارده‌کرانی شتومه‌کی ئێرانی بۆ وڵاتانی جیهان بکرێته‌وه و یه‌که‌م هه‌نگاوی ده‌وڵه‌ت له‌م پێناوه‌دا ئه‌وه بوو که ئه‌و درگایانهی که دوژمن به‌ره‌وڕووی گه‌لی ئێران دایخستبوو و به دانانی گه‌مارۆکان، ڕێگای هه‌نارده‌کردن و گه‌شه‌ی ئابوورییان داخستبوو، بکاته‌وه و گه‌مارۆکان لاببات.
سه‌رۆک کۆماری به ئاماژه به‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له بارودۆخێکداین که کۆمپانیا جۆراوجۆره‌کان له وڵاتانی جیهان به‌دوای ئاماده‌بوون و سه‌رمایه‌دانان له ئێراندان، زیادی کرد: له مانگه سه‌ره‌تایییه‌کانی دوای لابرانی گه‌مارۆکان، یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانی سهرمایهدانانمان له ئێڕان بینی و هه‌ر له‌م یه‌که‌مین هه‌نگاوانه‌دا، وڵاتانێک که به‌شی ئێرانیان له نه‌وت و مه‌یدانه گازییه‌کان گرتبوو، له‌حاڵی گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و بارودۆخی پێش گه‌مارۆکانن.
دوکتور ڕۆحانی به ئاماژه به‌وه‌ی که به پشتیوانی ده‌وڵه‌ت و خه‌ڵک، ئه‌مساڵ گه‌شه‌یه‌کی ئابووری شیاو له وڵات ده‌بینین، وتی: ئه‌گه‌ر به‌دوای ڕه‌خساندنی هه‌لی کار وه‌کوو سه‌ره‌تاییترین کێشه‌ی وڵات و گرینگ‌ترین ئامانجی ده‌وڵه‌ت و میلله‌ت بین، ده‌بێ هه‌موومان تێکڕا هاوپه‌یمان بین تاکوو پێکه‌وه ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به لووتکه بگه‌یێنین.
ناوبراو به ئاماژه به‌وه‌ی که هه‌موو پێکهاته ئیتنیکییه‌کانی نێو ئێران ده‌بێت وه‌کوو برا پشت به یه‌ک ببه‌ستن، زیادی کرد: ده‌وڵه‌تی یازده‌هه‌م ڕێگا نادات له وڵاتێکی ئیسلامی، جیاوازیی له‌نێوان ئیتنیکییه‌کان دابنرێت، چونکه هه‌موومان لقه‌کانی دارێکی گه‌وره به‌ناوی ئێرانی ئیسلامین.
سه‌رۆک کۆماری، ئێرانی وه‌کوو نیشتمانی یه‌کگرتوویی و برایه‌تی له‌نێوان هه‌موو ئیتنیکه‌کان ناساند و وتی: ناوچه‌ی ئازه‌ربایجان، به‌تایبه‌ت ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا هه‌موو کات بووه‌ته نمانه‌ی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیخوازانه‌ی نێوان شیعه و سوننه و دیکه‌ی ئیتنیکه‌کان.
ناوبراو زیادی کرد: پارێزگای ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا به بوونی 967 کیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌کانی ئێران ده‌بێ بێته ترمیناڵی سه‌ره‌کیی هه‌نارده‌کردنی به‌رهه‌مه‌کانی وڵات بۆ وڵاتانی دراوسێ و له‌م پێناوه‌دا، ده‌وڵه‌تی یازده‌هه‌م به‌ڵێن ده‌دات که له هه‌موو سنووره‌کانی پارێزگای ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا گه‌شه‌ی ئابووری ده‌سته‌به‌ر بکات.
سه‌رۆک کۆماری به ئاماژه به‌وه‌ی که بۆ گه‌شه‌ی هه‌نارده‌کانی پارێزگای ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا، سندووقی گه‌شه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بڕی 10 ملیار تمه‌نی ته‌رخان کردووه، وتی: پارێزگای ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا به هه‌بوونی یه‌ک ملوێن دۆنم زه‌وی کشتوکاڵ، تواناییه‌کی زۆری له هه‌نارده‌کردنی هه‌موو جۆره به‌رهه‌می کشتوکاڵی بۆ وڵاتانی دیکه هه‌یه.
ڕۆحانی زیادی کرد: 6 ملیۆن و 300 هه‌زار تۆن به‌رهه‌می باخیی پارێزگای ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا، تواناییه‌کی زۆری بۆ بووژانه‌وه‌ی که‌رتی کشتوکاڵ و پیشه‌ی ئه‌م پارێزگایه هه‌یه که ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌شه‌پێدانی که‌رتی کشتوکاڵ و به‌ڕێوه‌بردنی به‌رنامه‌ی ڕاگیرکردنی ئاو و چالاکییه‌کانی دروست کرندی به‌نداو بۆ ساڵی 95 و 96، بڕی 580 ملیار تمه‌ن پاره‌ی ته‌رخان کردووه.
سه‌رۆک کۆمار به ئاماژه به‌وه‌ی که ئه‌و گه‌ڵاڵانه‌ی که بۆ گه‌شه‌ی که‌رتی کشتوکاڵ له پارێزگای ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا به‌ڕێوه ده‌چێت، 12 هه‌زار هه‌لی کاری ڕاسته‌وخۆ و هه‌زاران هه‌لی کاری ناڕاسته‌وخۆی ڕه‌خساندووه و هه‌موو جۆره به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م پارێزگایه‌ی به ڕێژه‌ی 200 هه‌زار تۆن زۆرتر کردووه، زیادی کرد: هه‌تا کۆتایییه‌کانی ئه‌مساڵ، 15 هه‌زار دۆنم له زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی پارێزگا به سیسته‌می ئاودێریی پێشکه‌وتوو ته‌یار ده‌کرێن.
کۆدی بابه‌ت: 57307 | بهروار: ۱۳۹۵/۳/۱۰ | کاتژمێر: 14 : 47
برچسب:
نویسنده: استخدام کار