به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌م به‌یاننامه‌دا هاتووه: به هه‌موو خه‌ڵکی ئێران و خوازیارانی زیاره‌تی ماڵی خودا ڕاده‌گه‌یه‌نین که نوێنه‌رایه‌تیی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ڕێکخراوه‌ی حه‌ج و زیاره‌ت بۆ ئاماده‌بوونی حاجییه ئێرانییه‌کان له ڕێوڕه‌سمی حه‌جی ساڵی 1395 به‌پێی ساڵانی ڕابردوو، کاری به‌ربڵاو و به‌رده‌وامیان ئه‌نجام داوه.
1) ڕوانینی کۆماری ئیسلامیی ئێران به پرسی حه‌جی گه‌وره و بچووک، ڕوانینێکی مه‌عنه‌وی، یه‌کڕێزی هێنه‌ر، گه‌شه‌ده‌ری برایه‌تیی ئایینی و ئیسلامی و دووریگرتن له فیرقهگرایی و عه‌شیره‌گه‌ری بووه و هه‌یه و به‌شداریی به‌شکۆی حاجییه ئێرانییه‌کان له نوێژه به‌کۆمه‌ڵه‌کانی مزگه‌وتی حه‌رام و مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ)، له‌به‌رچاوگرتنی جیدی خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز و نزا و پاڕانه‌وه له پێش خودا، شاهیدی ئه‌وه ده‌دات که کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوانگه‌یه‌کی سه‌روو نه‌ته‌وه‌یی به ڕێوڕه‌سمی حه‌ج هه‌یه.
2) کۆماری ئیسلامیی ئێران له ڕێوره‌سمی حه‌جی پێشووه‌وه به‌رنامه‌ی بۆ حه‌جی ئه‌مساڵ داڕشتووه و ده‌ستی داوه‌ته دابینکردنی پێداویستییه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی حه‌ج له ساڵی 95 و له‌و کاته‌وه هه‌تا ئێستا هیچ چه‌شنه دوودڵییه‌کی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حه‌ج نه‌بووه و وه‌کوو جاران سووره له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه به‌شکۆیه.
3) خولی یه‌که‌می دانوستانه‌کانی حه‌جی گه‌وره‌ی ئه‌مساڵ، وێڕای پێداگرییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ واژۆکردنی ڕێککه‌وتننامه‌ی حه‌ج، به‌هۆی هاوکاری نه‌کردنی به‌رپرسانی عه‌ره‌بستانی سعوودی له‌ژێر کاریگه‌ری مژاره سیاسییه‌کان، به جێگه‌ی به‌فرانباری ساڵی 94، له مانگی خاکه‌لێوه‌ی 95ه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد که به‌هۆی قبووڵ نه‌کرانی دانی ویزا له ناوخۆی ئێران و ڕێگری له به‌کارهێنانی فرۆکه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هۆکاری دیکه ناته‌واو ماوه‌ته‌وه.
4) بۆ خولی دووهه‌می دانوستانه‌کان، وێڕای به‌ڵێنه‌کانی به‌رپرسانی عه‌ره‌بستان، ویزا بۆ سه‌فه‌ری دووهه‌می لیژنه‌ی ئێرانی به 45 ڕۆژ دواکه‌وتن و پاش لهسهرکاردانانی وه‌زیری نوێی حه‌جی عه‌ره‌بستان ده‌رکرا و له ئاکامدا لیژنه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران به بانگهێشتی فه‌رمیی وه‌زیری نوێی حه‌جی عه‌ره‌بستان و به‌ڵێنی ئه‌رێنی بۆ هاوکاری له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له ڕێکه‌وتی 5ی جۆزه‌ردان، ڕۆیشتن بۆ ئه‌و وڵاته.
5) له وتووێژه‌کانی ئه‌م خوله‌دا، وێڕای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی دانی ڤیزا له ئێران و به‌کارهێنانی فرۆکه‌کانی ئێران له گواستنه‌وه‌ی حاجییه‌کان، هه‌وڵ درا تا به له‌به‌رچاوگرتنی ڕووداوه دڵته‌زێنه‌کانی پێشوو، بارودۆخی هه‌ناردنی حاجییه ئێرانییه‌کان به دڵنیاییدان له "دابینکردنی هێمنایه‌تی و پاراستنی شه‌رافه‌ت و گه‌وره‌یی حاجییه‌کان" دابین بکرێت که به‌هۆی ناهاوئاهه‌نگی له ئاسته باڵاکانی عه‌ره‌بستان و کاریگه‌ریی ڕوانگه‌ی سیاسی به بابه‌ته‌کانی حه‌ج، وه‌ڵامی ئه‌رێنی به‌م داخوازییانه نه‌درایه‌وه.
6) به هه‌بوونی ئیدعای لایه‌نی سعوودی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی باڵوێزی، هه‌تا ئێستا هیچ چه‌شنه ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی نووسراو له‌م باره‌یه‌وه له‌نێوان به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی سویسڕا به‌پێی کۆنڤانسیۆنه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئه‌نجامی نه‌گرتووه.
7) عه‌ره‌بستانی سه‌عوودیا وێڕای پڕۆپاگه‌نده‌ی خراپی میدیاکانی خۆی، له ژێر که‌شی سیاسیی نێوان دوو وڵات، بابه‌تی حه‌جیان به کێشه سیاسییه‌کان په‌یوه‌ندی داوه و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، ده‌قی ڕێککه‌وتننامه‌ی به‌رده‌وام و ههرساڵهیان گۆڕاوه. ئه‌مه ده‌وڵه‌تی سعوودییه که وێڕای که‌ڵکوه‌رگرتنی سیاسی له حه‌ج، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ مافی سرووشتیی گه‌لی ئێران بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمی حه‌ج ده‌کات.
8) ئێستا به له‌به‌رچاوگرتنی له‌ده‌ستدانی کات بۆ به‌رنامه‌دانان و ڕێکخستنی حاجییه ئێرانییه‌کان و دابین نه‌کرانی داخوازییه ڕه‌وا و سروشتییه‌کانی کۆماری ئیسلامی، ڕایده‌گه‌یه‌نین که به‌هۆی به‌رده‌وامبوونی کارشکێنییه‌کانی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بستانی سعوودی، حاجییه ئێرانییه‌کان له ڕێوڕه‌سمی ئه‌مساڵی حه‌ج بێوه‌ری ده‌بن و به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌م کاره‌ش له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بستانی سعوودی دایه.
کۆدی بابه‌ت: 57323 | بهروار: ۱۳۹۵/۳/۱۱ | کاتژمێر: 10 : 27
برچسب:
نویسنده: استخدام کار