خرید بک لینک

کوردپرێس: کێشه له سه‌ره‌تاییترین پێناسه‌ی خۆیدا چ نییه جیا له پرسیار یان گرفت یان دۆخێک که ده‌بێ وه‌ڵام و رێگه‌چاره‌یه‌کی بۆ بدۆزرێته‌وه. که‌واته هه‌ر کێشه‌یه‌ک له خۆیدا ده‌وڵه‌مه‌نده به سێ دۆخی کێشه‌ساز، کێشهدۆز و چاره‌ساز. له‌مناوه دۆخی دووهه‌م واته دۆخی کێشهدۆزی ڕه‌نگه سه‌ره‌کیترین حه‌وڵێک بێت بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی چه‌شنه‌کان له درێژه‌ی زه‌ماندا. واته کاتێک کێشه‌یه‌ک سه‌رهه‌ڵده‌دا پێویسته فامستێک ئاماده‌بێ بۆ ناسین و ده‌ربڕین و پاشان به‌گریمانه‌کردنی چاره‌یه‌ک بۆ کێشه‌که به پێوه‌ری هه‌مان فامست، که ڕه‌نگه ئه‌ویش له درێژه‌ی خۆیدا ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌یه‌کی نوێ له ناو کۆی وه‌ڵام و گریمانه پێشنیارکراوه‌کاندا. ئه‌مه ڕێک ئه‌و فۆرمۆلهیه که پووپێر ئاستی مێژوومه‌ندی زانستی مرۆیی پێ پێناسه ده‌کا و لایوایه یه‌که‌مین ته‌قه‌ڵای مرۆڤ بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه فیزیۆلۆژیکییهکان بنه‌مای هه‌ر چه‌شنه ژیانێکی به کۆمه‌ڵ و پێشکه‌وتنێکی مێژوویی و ڕه‌مزی سه‌ره‌کی به سووژه‌بوونی مرۆڤه. مرۆڤ له‌م سونگه‌وه وه‌ک پووپێر ده‌ڵێ به ناوبژێتی کێشه‌وه ڕووبه‌ڕووی جیهان ده‌بێته‌وه و سووژه‌بوونی مرۆڤ چ نییه جیا له بیرێکی کێشهدۆزانه. به‌ڵام هه‌مان کێشه پاش به‌گریمانه‌کردنی وه‌ڵام و رێگه‌چاره‌یه‌ک له به‌رده‌می، بهناوبژێتی سووژه‌وه ده‌بێته کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی. یان وه‌ک رابینگتۆن و واینبێرگ ده‌ڵێن: بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌یه‌ک ببێته کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته کێشه‌کان ببنه دۆخێکی ده‌ربڕاوه و هاوکات ئاماژه‌ده‌ری دژایه‌تییه‌ک له‌گه‌ڵ بایه‌خه‌کانی تاقمێکی گرینگ له جه‌ماوه‌ر و حه‌وڵێک بۆ چاره‌سه‌رکردن و گۆڕینی ئه‌و دۆخه بن. ئه‌وه‌ی له‌م پێناسه نوێیه‌دا جێی سه‌رنجه گردبوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی دۆخێکی ده‌ربڕاوه، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ بایه‌خه‌کان، ئاماده‌بوونی تاقمێکی گرینگ له جه‌ماوه‌ر و پێویستی به حه‌وڵێک له پێناو چاره‌سه‌رکردنی خودی کێشه‌کانه.

ئاوا کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به جۆرێک له جۆره‌کان گرێی خواردووه به زمانه‌وه هه‌تا هه‌م له لایه‌که‌وه بتوانێ له رێگه‌ی زمان له دۆخێکی فیزیکاڵهوه بگوازرێته‌وه بۆ دۆخێکی به کۆمه‌ڵ و له هه‌مانکاتدا له رێگه‌ی ئه‌وه‌وه رێگا چاره‌یه‌ک بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بکا یان هه‌ر هیچ نه‌بێ بگوازرێته‌وه بۆ دۆخێکی دیکه. که‌واته بنه‌مای بوونناسانه بۆ فامستی کێشه و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، به کێشه‌بوونی خودی بابه‌تی کێشه‌یه که وه‌ک هانا ئارێنت ده‌ڵی پێویستی هاوکاتی به کرده‌وه (Praxis) و زمان هه‌یه: ئێمه له رێگای زمانه‌وه مانای کێشه و کرده‌وه‌کان ده‌دۆزین و خۆمان له‌گه‌ڵ کرده‌وه‌ی سووژهکانی دیکه هاوسه‌نگ ده‌که‌ین و هاوکات له رێگه‌ی کرده‌وه‌وه پاکژیی وته‌کان و ئاستی توانسته‌کانمان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان تاقی ده‌که‌ینه‌وه.

له‌وڕووه‌وه ده‌بێ بۆ دانوستان کردن له‌گه‌ڵ کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، بچینه‌وه سه‌ر بنه‌مای بوونناسانه‌ی کێشه‌کان که وه‌ک ده‌سته‌به‌رکه‌ری زمان و کرده‌وه واته ئاستی ده‌ربڕینی کێشه تا حه‌وڵی چاره‌سه‌ریی کێشه‌کان، وێنا ده‌کرێت. بنه‌مایه‌ک که وه‌ک له ناوی ئه‌م یادداشته ده‌رده‌که‌وێ له جیهانی ئێمه‌دا غه‌یابی هه‌یه و نادیاره. هه‌ڵبه‌ت غهیاب لێره‌دا نه‌ک به مانای نه‌بوونی کێشه به‌ڵکوو به مانای نه‌بوونی سووژه و زمانێک بۆ کێشهدۆزی و چاره‌سه‌ریی کێشه‌کانی جیهانی ئێمه. ئه‌وه‌ی که ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌م پێگه‌یه له سوبژێکتیویتهی ئێمه‌دا سه‌رچاوه له "چی" و "کوێ" ده‌گرێ؟، پرسێکی دوورمه‌ودایه که له‌م کورته‌دا ناگونجی و ته‌نیا ده‌کرێ ئاوڕێکی خێرا بده‌ینه‌وه له چه‌ند هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و بابه‌ته. واته کۆمه‌ڵێک هۆکار که هاوکاتی سازدانی کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ده‌سکه‌وتی هه‌مان کێشه‌ن و ده‌ستی باڵایان هه‌یه له وهپشتگوی خرانی و درێژهدارکردنی کێشه‌کان، کۆمه‌ڵێک که لێره‌دا ده‌بێ وه‌ک مه‌نزوومه‌یه‌کی بنیامینی چاولێبکرێ که ده‌وری بابه‌ته‌که‌یان ته‌نیوه‌ته‌وه و هه‌رکام له سازادانهوهی کۆ و پهیوهستاری بابه‌ته‌که‌دا ڕۆڵی تایبه‌ت ده‌گێڕن. هه‌ر بۆیه به خێرایی ده‌ڕوانینه چه‌ند نموونه‌یه‌ک له‌م هۆکارانه که پێویسته هه‌رکام له خوێنه‌ران له گۆشه‌نیگای خۆیانه‌وه و به مه‌به‌ستی تاقیکردنه‌وه‌ی توانستی کێشهدۆزییان، به‌زیادکردنی کۆمه‌ڵێک بابه‌تی دیکه‌ی به مه‌نزوومه‌ی خواره‌وه، درێژه به‌م نڤیساره بده‌ن:

1. بهچهمکبوونی کێشه‌کان: هه‌ر چه‌ند "ڤێبێر" ده‌ڵێت سه‌ره‌تای زانست به مانا مۆدێرنه‌که‌ی گرێێ خواردووه به‌م هۆکاره، به‌ڵام لێره‌دا بهچهمکبوون به مانای دابڕانێکی زمانی له نێوان کێشه و واقیعی ماناییهکهیهتی که به وته‌ی "بارت" له ئاستی نیشانه‌وه ده‌یگوێزێته‌وه بۆ ئاستی چه‌مک و پاشان به سازدانی ده‌لاله‌تێکی ئهوپهڕزمانی ده‌یخاته ناو گه‌ردوونه و فۆرمۆلاسیۆنێکی نیشانه‌ناسی که هه‌تا ئاستی به ئۆستوورهبوون ناوه‌ستی و له‌وێ به سازدانی ده‌لاله‌تێکی ڕه‌ها خۆی داده‌بڕێ له په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ سووژه.

2. بهئاکادیمیکبوون و پسپۆڕێتیی کێشه‌کان: یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که جیهانی مۆدێرن له ڕووخاندنیدا ده‌ستی باڵای بوو، ئه‌و باوه‌ڕه‌یه که پێی وابوو زانست و هونه‌ری کێشهدۆزی بڕاوه به به‌ژنی تاقمێکی تایبه‌ت له‌و ئهریستۆکراتانهی که ئاکادیمیایان کردووه‌ته شوێنی مشتمڕی زانستی ئێسکولاستیک و که‌ڵامی، به‌ڵام ڕووخانی دیواری زانکۆکان له دوای سه‌ده‌ی هه‌ڤده له ئا‌ڵمانیا و پاشان له فه‌ڕه‌نسه، ده‌رفه‌تێکی له‌باری ڕه‌خساند بۆ سازبوونی ئه‌و شته‌ی هابێرماس پێی ده‌ڵێی "فه‌زای گشتی"، تا ئه‌مجار بیری کێشهدۆزانه بگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی ئاگۆرایی و ناو قاوه‌خانه‌کان و هه‌مووان له هه‌مبه‌ر کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی بکه‌ن. ئینجا وه‌ک گیدنز ده‌ڵێ، ئه‌م حه‌وڵه مۆدێرنه بوو به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی "جه‌ربه‌زه" (Risk)ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ کێشه‌کان تا هه‌موان بهئهرخهیانهوه توانستی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه‌کان تاقی بکه‌نه‌وه و له به‌رامبه‌ردا جیهانی مۆدێرن به سازدانی داموده‌زگای "بیمه" (Insurance) حه‌وڵی ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و جه‌ربه‌زه گشتێیهی دا هه‌تا ئه‌ویش به قوزتنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌وڵه جیهانێکی ڕوو له گه‌شه بئافرێنێ.

3. ههرهمهکیبوونی کێشه‌کان: ئه‌م بابه‌ته به پێچه‌وانه‌ی بابه‌تی پێشوو کاتێک ده‌رده‌که‌وێ که کۆمه‌ڵگا نایه‌وێ له دۆخێکی نه‌ریتی به‌ره‌و دۆخێکی نوێ هه‌نگاو بنێ و حه‌وڵ ده‌دا به هه‌مان وه‌ڵامی کۆن کێشه‌کانی تاوتوێ بکا. یان به واتایهکیتر ههرهمهکیبوونی کێشه‌کان ڕواڵه‌تێکی حه‌شیمه‌تی به کێشه‌کان ده‌به‌خشێ و به‌م پێیه په‌نا بۆ که‌مترین تێچووی بیرکردنه‌وه و کرده ده‌با و رێگه ده‌دا ته‌واو که‌سانی ناو کۆمه‌ڵگا له شاره‌زا تا ناشاره‌زا له‌باره‌یه‌وه هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی بکه‌ن. به‌مجۆره ههرهمهکیبوون له جیات به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی عه‌قڵ به نیسبه‌تی کێشه‌کان، ئاستی کێشه‌کان به نیسبه‌تی عه‌قڵی خۆی داده‌به‌زێنێته خوارێ و له رێگه‌ی به‌هادان به عه‌قڵێکی سووک و نزمی له‌م چه‌شنه، ههڵدهکوتێتهوه سه‌ر ده‌لاله‌ته میتافیزیکییه‌کانی وه‌ک سێحر و جادوو بۆ چاره‌سه‌ریی کێشه‌کان.

4. ناهاوکاتێتیی کێشه‌کان: ترازانی شیرازه و ڕه‌وتی مێژوویی کێشه‌کان که له خۆیدا ده‌سکه‌وتی ژیانی موزاییکی و جیهانگیری (Globalization)یه. واته ئه‌و ژیانه‌ی که به گوێره‌ی ئایزیا بێرلێن: "له گه‌ڵ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌یه‌ک، کێشه‌یه‌کی نوێ ده‌دۆزێ، یان سه‌رقاڵه به چاره‌سه‌ریی کێشه‌ی پێشتره‌وه که ڕه‌نگه وه‌ک کێشه‌یه‌کی نوێ ده‌رکه‌وتبێ". ئێستاش ئه‌م چاره‌سه‌رییه به بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی هیچکام له پرسه‌کانی ئێمه بێ و چاره‌یه‌کی له نه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی ئێره بۆ دیاری کرابێ، به هه‌ڵکه‌وت ڕووی له جیهانی ئێمه ناوه و ڕووخاوهته سه‌ر پرسه وهڵامنهدراوهکانی جیهانی ئێمه و ئه‌نجامه‌که‌شی چ نییه جیا له سازبوونی تێکه‌ڵکارییه‌کی شپرزه له نه‌ریت و نوێ؛ له جیهانی و لۆکا‌ڵی؛ و ... .

هه‌لومه‌رجێکی له‌م چه‌شنه ده‌رگای له ڕووی کێشه‌ی زیاتر ئاوه‌ڵا ده‌کا، هه‌تا کێشه‌ی هاورده له رێگای سنووره‌کانی جیهانی مودێرن، ته‌واو ههوهجێیهکانی ئێمه به کێشهدۆزی و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان بسڕێته‌وه. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م دۆخه پاسیڤه نغرۆبوونی ئێمه‌یه له ژێر ته‌لیک له کێشه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره که به وته‌ی کاستێلز فۆرمێکی شپرزه و چه‌واشه‌ی به‌خشیوه‌ته جیهانی سیهه‌م و به‌رده‌وام بۆ جیهانه‌کانی دواتری دوور و دوورتر ده‌خاته‌وه.

5. بهئایدۆلۆژیکبوونی کێشه‌کان: واته وه‌ک ئالتووسێر ده‌ڵێ ئایدۆلۆژی دوای ئه‌وه‌ی سێبه‌ری خسته سه‌ر کێشه‌کان وه‌ک شتێکی نه‌گۆڕ و ئه‌زه‌لی، حه‌قیقه‌تێکی لێ ساز ده‌دا که سووژه له رێگای زمانه‌وه باوه‌ڕی پێدێنێ و کاتێک ده‌یه‌وێ خۆی له‌م باوه‌ره ده‌رباز بکا، ئایدۆلۆژی هه‌مدیسان، له رێگه‌ی لێپرسینه‌وه (Interpellation) و هاوکات دروستکردنی ڕۆحێکی پاساوده‌ر، ده‌سه‌ڵاتی ناوبژیکارانه له کێشه‌کان ده‌ستێنێته‌وه و مرۆڤ له بوونه‌وه‌ری کێشهدۆزهوه ده‌کاته ئاژه‌ڵی کارکه‌ر و نامۆ له جیهان (world alienation) و ئه‌مه‌ش به‌ش به حاڵی خۆی ده‌بێته هۆی فه‌وتان و له‌ناوچوونی ئه‌و ئه‌زموون و کرده‌وه‌یه‌ی که بۆ خۆناسی و تێگه‌یشتنی پێویست له واقیع به شێوه‌ی نێوانزهینییهتی پێویسته. که‌واته ئاکامی بهئایدۆلۆژیکبوونی کێشه چ نییه جیا له دۆڕاندنی توانستی کێشهدۆزی و باری کۆمه‌ڵایه‌تی زاڵ به‌سه‌ر کێشه‌کان.

6. نوستالۆژیکبوونی کێشه‌کان: برایان تێرنێر دوای به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن ئاماژه به ماخولیای سه‌رتڵی له ئه‌ندێشه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی مۆدێڕن ده‌کا و له‌باره‌یانه‌وه ده‌نووسێ: کۆمه‌ڵێک له ئه‌ندێشه‌کان پێیانوایه جیهان رۆژ به رۆژ به‌ره‌و ئاستێکی نزمتر ده‌چێ و هه‌رده‌م ده‌بێ خه‌فه‌ت بۆ سه‌رده‌می پێشتر بخوازی. نۆستالۆژییهکی له‌م چه‌شنه ده‌بێته هۆی پاسیڤبوونی سووژه له به‌رامبه‌ر کێشه‌کان و سازبوونی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که هه‌رچی کرده‌وه‌یه دۆخه‌که سه‌خڵه‌تتر له جاران ده‌کا و ده‌بێ بوه‌ستێ. ئه‌م باوه‌ره به پێخۆری باوه‌ڕێکی ئایینی و ئهزهلیگهرایانهوه له دژی بڵاوبوونه‌وه‌ی ژین ـ جیهانه‌کان ده‌وه‌ستی و لایوایه کرده‌وه به مانا پراکسیسییهکهی ده‌بێته هۆی لێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بیر و بڕواکان.

7. بهڕهقهمکردنی کێشه‌کان: هه‌ر چه‌نده ئه‌م بابه‌ته قسه و باسی زۆری له سه‌ره به‌ڵام من لێره‌دا ته‌نیا ئاوڕ ده‌ده‌مه‌وه له خوێندنه‌وه‌ی زیمێلی له ژیانی مێترۆپۆڵی، ئه‌ویش له‌کاتێکدا که پێیوایه عه‌قڵانییه‌تی ژیانی مۆدێرن له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری پووڵی، په‌یوه‌ندییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و ئاستێکی ژمارهگهرانه بردووه که تێیدا ته‌واو هه‌ڵسوکه‌وته‌کان به پێوه‌ری نرخ و ژماره هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن و مرۆڤ به‌ده‌ر له ته‌واو جیاوازییه‌کانی، تا ئاستی ڕه‌قه‌مێک هاتووه‌ته خوارێ. لێره‌دا بابه‌تی گرینگ و جێیسه‌رنج زاڵبوونی عه‌قڵێکی حهسابگهرانهیه که ته‌واو هه‌ڵسوکه‌وته‌کان به شێوه‌ی بیرکاری هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و زیمێل وتنی وه‌ک جۆرێک پارێز و قایمکاری (Reserve) ده‌وری ژیانی مرۆڤ ده‌داته‌وه، هه‌تا مرۆڤه‌کانی ناو مێترۆپۆڵ به بێزراوی و نامتمانهییهوه له یه‌کتری بڕوانن و که‌س تاسه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌بێ به گرێدانه‌وه‌ی ژین ـ جیهانی خۆی له‌گه‌ل ژین ـ جیهانهکانیتر چاره‌یه‌ک بۆ کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بدۆزێته‌وه. ئه‌م بێزراوییه له ئه‌نجامدا ڕواڵه‌تێکی دڵ‌شێواوی (Blase) به که‌سه‌کان ده‌به‌خشی و ئه‌مه‌ش له خۆیدا ئه‌و سۆز و تاسه‌یه ده‌مرێنێ که ڕه‌نگه سه‌رده‌مێک له پێناو ئامانجی کێشهدۆزانه هانده‌ری مرۆڤ بوو. دۆخێکی له‌م چه‌شنه له رێگای زاڵکردنی پرسیاری "چه‌ندایه‌تی" به‌سه‌ر مرۆڤ و شته‌کان به گوێره‌ی به‌ختیار عه‌لی جۆرێک "گوتاری مانه‌وه" (Discourse Survival) دروست ده‌کا که تێیدا ته‌واو به‌هاکانی "ئه‌ویتر" له بری به‌هاکانی "خود" پێشێل ده‌کرێن و که‌س گوێ ناداته نرکه و هاواری که‌سی ته‌نیشت خۆی.

8. میدیاکان و ڤهنواندنکاریی کێشه‌کان: میدیاکان وه‌ک بۆدریار ده‌ڵێ: ده‌توانن وێنه‌یه‌کی دهستتێبڕاوه له واقیعی کێشه‌کان ئاراسته بکه‌ن و به گۆڕینی ڕواڵه‌تی کێشه‌کان، ئاراسته‌یه‌کی به‌رساز له کێشه‌کان به ده‌سته‌وه بده‌ن که وه‌ک سیاسه‌تی هێماناسانهی میدیا پێناسه ده‌کرێت: به گرێدانه‌وه و بهخیهکردنی (suture) دوو کێشه‌ی ناهاوپهیوهند له گه‌ڵ سووژه‌ی به‌رده‌نگ له لایه‌که‌وه کێشه‌که له کێشه‌یه‌کی واقیعی ده‌که‌نه کێشه‌یه‌کی نازهمان و مه‌جازی (virtual) و ده‌رفه‌تی مه‌شوور و نێوانزهینییهت له لێکدانه‌وه‌ی کێشه‌کان زه‌وت ده‌که‌ن و له لایه‌کی دیکه به داسه‌پاندنی گۆشه‌نیگای خۆی به‌سه‌ر کێشه‌کان، وه‌ک شۆن کابیت ده‌ڵێ: به‌رده‌نگ ده‌خاته ناو گه‌مه‌یه‌کی ده‌روونی بۆ سه‌ر یه‌کخستنه‌وه‌ی فه‌زا فانتێزییه‌کان و به‌م چه‌شنه له گه‌ڵ سڕینه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌کانی سووژه له هه‌مبه‌ر کێشه‌کان، شوناسێکی نوێی پێده‌به‌خشێ که بێبه‌رییه له ڕۆحێکی دۆزهرانه و چارهسهرگهرانه.

کۆدی بابه‌ت: 58489 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۴ | کاتژمێر: 1 : 25

برچسب: نویسنده: استخدام کار تاريخ: جمعه 4 تير 1395 ساعت: 4:15

صفحه بندی