بە پێی هەواڵی کوردپرێس، ئەکرەم تەهماسبی لە لێدوانێک بۆ "طاق نیوز" وتی: پارێزگای کرماشان میراتبەری شارستانییەتێکی کۆنە و لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پیشەی دەستی و هونەردا ناوبانگی هەیە.
تەهماسبی بە هەوڵ بۆ تۆمارکردنی میراتی فەرهەنگی پارێزگا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاماژەی کرد و وتی: شێوەزاری گۆرانی، هونەری چیخ تەنین و گڵێم چنینی هەرسین وەکوو میراتی فەرهەنگیی نادیاری پارێزگا لە ساڵی ١٣٨٩ تۆماری نەتەوەیی کراوە.
بەرپرسی دۆسیەکانی تۆمارکردنی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستی و گەشتیاری پارێزگای کرماشان ڕێوڕسمی زەماوەند لە کرماشان، کارامەییەکانی نان دروست کردن، مۆسیقای نەریتی، مەوج چنین و تەنبوورژەنینی لەو دەستە ئاسەوارانە ڕاگەیاند کە وەکوو میراتی فەرهەنگی کرماشان لە ساڵی ١٣٩٠دا تۆماری نەتەوەیی کراون.
ناوبراو وتی: کڵاش چنینی هەورامی، ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی لە تەکیەی موعاوەنولمولک، کارامەیی چێکردنی چەقۆ لە کرند، تەکنیکی دروست کردنی ڕۆنی حەیوانی، لمەدماڵی، ڕەوتی دروست کردنی نان برینجی و کاک، تەکنیکی چێکردنی تەنبووری کاسەیی، کارامەیی چێکردنی کڵاشی ژنانەی کرماشان، زایەڵەی جووزەلە، کارامەیی چێکردنی تەنبووری تەرکەیی و نانی نەریتی ساجیش بە ناوی کرماشانەوە تۆماری نەتەوەیی کراون.
تەهماسبی بە وتنی ئەوەی "موور" یان خۆ زایەڵەی ماتەمێن لە ناوچە لەک نشینەکانی کرماشان تۆماری نەتەوەیی کراوە، زیادی کرد: شمشاڵ ژەنین لە ناوچەی هەورامان، کارامەیی و تەکنیکی قاڵی چنینی سونقور، چەرمدووری لە کرماشان، چریکەی هەورە و هەروەها کارامەیی مەرەزچنین لە ساڵی ١٣٩٣ بە ناوی کرماشان تۆماری نەتەوەیی کراون.
ناوبراو یاری زۆرانی لە دیکەی تایبەتمەندییەکانی پارێزگای کرماشان ناو برد و وتی: زۆران، زانستی نەریتی بەکاربردنی یەکەکانی کێش و ئەندازەکان و شانامەخوێنی کوردیش لە ساڵی ١٣٩٤ بە ناوی کرماشان چوونەتە ڕیزی ئاسەوارە نەتەوەییەکانەوە.
تەهماسبی ئاماژەی بەو هونەر و داب و نەریتانەی کرد کە تایبەت بە پارێزگای کرماشانن و پێویستیان بە پارێزران لەلایەن میراتی فەرهەنگی نادیاری پارێزگاوە هەیە و لەمبارەوە ئاماژەی بە جل و بەرگی کوردی کرد کە لە ساڵی ١٣٨٨ بە ناوی کوردستان و کرماشان هاتە ئاراوە.
ناوبراو دەریبڕی: مۆسیقای کوردیش ناوی کرماشان و کوردستان بەخۆوە دەبینێت و بەڵام شێنگێڕی و چەمەری کوردی و کۆچ و ژیانی عەشیرەتی خێڵی کەلهور پێویستیان بە پارێزرانی دەسبەجێی میراتی فەرهەنگیی نادیاری پارێزگای کرماشانە.
ئەم بەرپرسە لە کۆتاییدا هیوای خواست: پارێزگای کرماشان زۆرتر لە هەمیشە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی هونەری و فەرهەنگیدا لە ئێران و تێکڕای جیهان بەناوبانگ و ناسراوەتر بێت.
کۆدی بابهت: 58645 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۷ | کاتژمێر: 22 : 14
برچسب:
نویسنده: استخدام کار