بەپێی هەواڵی کوردپرێس و بە گێڕانەوە لە پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕیوەبەرایەتی گشتیی رێگا و شارسازی کوردستان، ئەمیر قادری لە چوارەمین کۆبوونەوەی دەستەی فەرماندەیی ئابووری خۆڕاگرانە، ئەنجامدانی داشکان لە باج و تێچووی لقی، ئاو، گاز و تەلەفونی بە بەشێک لە پەکەیجە هاندەرەکان بۆ کەرتی خانوبەرە لە بەشە کۆنەکانی شارەکان لەقەڵەمدا و وتی: بەهۆی ئەوەی کە لە بەشە کۆنەکاندا ژێرخانی پێویستە دابین کراوە هەیە هەر بۆیە ماڵکردنەوە لەم ناوچانە لە ڕووی ئابوورییەوە کارێکی گونجاوە.
قادری داوای لە شارکانی پارێزگا کرد وەکوو ڕابردوو هەندێ داشکان بۆ دروستکردنی خانو لە بەشە کۆنەکاندا لەبەرچاو بگرن تا لەم رێگایەوە خەڵک پاڵنەری پێویستیان بۆ دروستکردنی خانوو هەبێت.
ئەو وێرای ئاماژەدان بەوەی کە پێشوازی خەڵکی کوردستان لە دروستکردنی خانوو لە بەشە کۆنەکاندا کەمە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بابەتەی بۆ ڕانەگەیاندنی باشی ئەم پرسە گەڕاندەوە و وتی: خەڵک ئاگایان لە پلانەکانی دەوڵەت لەم بوارەدا نییە و دەبێت ئاگادارکردنەوەی بەربڵاوتر ئەنجام بدرێت.
ئەو هەروەها نرخی بەرزی قازانجی ئاسانکارییە بانکییەکانی بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پێشوازی نەکردنی خەڵک لە ئاسانکاری بەشە کۆنەکان لە قەڵەمدا و وتی: ئەگەر نرخی قازانجی ئاسانکارییەکان کەم بکرێتەوە خواستی خەڵکیش بۆ دروستکردنی خانوو لە بەشە کۆنەکان زۆرتر دەبێت.
جێگری هاوئاهەنگی کاروباری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاری کوردستان وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر کەڵک وەرگرتن لە هەموو تواناکان بۆ گەشانەوەی کەرتی خانوبەرە وتی: دەبێت نرخی خانوو کەم بکرێتەوە و ئاستەکەشی بەرز بکەینەوە و لەم پێناوەشدا دەبێت هەموو فەرمانگە پەیوەندییدارەکان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.
قادری لە درێژەی وتەکانی خۆیدا وتیشی: دەوڵەتی تەدبیر و ئومێد بە گرتنەبەری سیاسەتی نوێ لە بواری بانکی و ئاسانکاری بە جیدییەتەوە بەدوای بەهێزترکردن و بەرزکردنەوەی توانای کڕینی خەڵک بۆ دابین کردنی خانووی پێویستی ئەوانە.
قادری وتیشی: دەوڵەت هەلومەرجێکی باشی لە رێگای بانکی مەسکەنەوە بۆ دابین کردنی خانووی پێویستی چینە جۆراوجۆرەکان دەستەبەر کردووە و دەبێت هەموو خەڵک لەم دۆخە نوێیە ئاگاداربکرێنەوە و لەم ئاسانکاریانە بۆ دابین کردنی پێویستییەکانی کەرتی خانووبەرەی خۆیان کەڵک ببەن.
کۆدی بابهت: 59069 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۱۶ | کاتژمێر: 14 : 42
برچسب:
نویسنده: استخدام کار