به پێی هەواڵی کوردپرێس، خەسرەو گۆران سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی له پەرلەمانی عێراق، له لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی ئەو حیزبە وێڕای ڕەخنەگرتن له سەفەری ئەم دواییەی شاندی هاوبەشی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند که ئەم سەفەرە بۆته هۆی کێشە له هەڵوێستی هاوبەشی فراکسیۆنه کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق که له دوو ساڵی ڕابردوودا، سەرباری کێشه ناوخۆییەکان؛ سەبارەت به کردار و هەڵوێستەکانیان له پەرلەمان هاوهەڵوێست بوون.
ناوبراو زیادی کرد که فراکسیۆنی پارتی، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دژی سەفەری ئەم لێژنه هاوبەشه بوون بۆ بەغدا.
هاوپەیوەند بەم باسە، ئەحمەد حاجی ڕەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان له پەرلەمانی عێراق، له لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حیزبەکەی، وتەکانی خەسرەو گۆرانی ڕەت کردەوه و وتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دژایەتی سەفەری ئەم لێژنه هاوبەشەی بۆ بەغدا نەکردووه.
ناوبراو وتیشی که هەر دوو حیزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان له پەیوەندی و سەردانەکردنی پارتەکانی دیکەی وڵات، ئازادن.
له هەمان کاتدا ئەحمەد ڕەشید لەو ڕووەوە که ئەو دوو پارتە به بێئاگادار کردنەوەی حیزبەکانی دیکە شاندێکی هاوبەشیان ناردووه بۆ بەغدا، ڕەخنەی له یەکێتی و گۆڕان گرت.
له لایەکی دیکەوه موسەننا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان له پەرلەمانی عێراق له لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی SNN وتی که سەردانی ئەم لێژنه هاوبەشه بۆ بەغدا سەبارەت به پرسی ئەو ڕێککەوتنه بووه وا له نێوان ئەم دوو حیزبه هاتۆته ئاراوه و ئەمەش بابەتێکی ئاساییه و ئەم حیزبەش هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئەوه نییه و هەڵوێستی خۆی ڕاستەوخۆ ڕاگەیاندووه.
هەروەها ڕوونی کردەوه که ئەگەر سەفەری شاندی ئاماژه پێکراو گرێدرابا به کێشه و ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوا له لایەن کۆمەڵی ئیسلامییەوه قبووڵ نەدەکرا، چوونکا ئەم پرسە پێویستی به هاوکاری هەموو فراکسیۆنه کوردییەکانی پەرلەمانه.
کۆدی بابهت: 59079 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۱۶ | کاتژمێر: 16 : 35
برچسب:
نویسنده: استخدام کار