خرید بک لینک

1- حەوتەی ڕابردوو هەواڵێک له هەواڵنێرییەکاندا بڵاوبووەوه له سەر ئەوەی که پێکدادانی سەربازی نێوان هێزەکانی سپا لەگەڵ یەکێک له لقەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له یەکێک له گوندەکانی شنۆ بووه هۆی کوژرانی چەند کەس له هێزەکانی هەر دوولا. پاش ئەوە و له ڕۆژانی دیکەدا هەواڵێکی دیکە سەبارەت به ڕوودانی پێکدادان له یەکێک له گوندەکانی مەهاباد بڵاوبووەوه و پاش ئەوه کۆمەڵێک پێکدادان له پارێزگای کوردستان ڕاگەیێندرا که له دەورووبەری گوندی دووئاو له شاری سەوڵاوا ڕووی داوه و ئەم پێکدادانە زیانی لێکەوتۆتەوه. تۆڕی ڕاگەیاندن و سەتەلایتی وەک "العربیه"، "الجزیره"، بیبیسی و کەناڵەکانی دیکە به شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان کرد به گەورەکردنەوەی ئەم ڕووداوانه. پێکدادانەکان له شنۆ و سەوڵاوا له ناوچەیەکی بچووک ئەویش له نزیک پشتوێنی سنووری لەگەڵ هەرێمی کوردستانی ڕووی داوه؛ بەڵام هەندێ له ڕاگەیاندنەکان سەرباری مەودای زۆری ئەم دوو ناوچه له یەکتر هەوڵیان داوه وەهای دەربخەن که ئەم پێکدادانه له سنوورێکی بەرفراوان دا ڕووی داوه. هەندێ له ڕاگەیاندنه کوردییەکان لەوانه ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستانیش لەم گەورەکردنەدا بێبەش نەبوون. بەڵام بە پێچەوانەی هەوڵی هەندێ له ڕاگەیاندنەکانی ناوچەکە و جیهانیش بۆ گەورەکردنەوەی ئۆپراسیۆنه باس لێکراوەکان، له ڕاگەیاندنەکانی وڵات و لەوانه له ڕاگەیاندنە خۆجێییەکان و هەروەها تۆڕه کۆمەڵایەتییه پڕلایەنگرەکان، هەواڵی ئەم پێکدادانەی دوایی ڕەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبووه و ئەم ڕاگەیاندانه به هەندیان نەگرتووه.

2- یەکێک لە کاردانەوەکانی ڕووداوەگەلی ئەم دوواییە، ڕاگەیاندنی هاوکاری و پشتیوانی له هەڵمەته سەربازییەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستان له لایەن گرووپی تووندڕەوی ئایینی جەیشولعەدل (ریگی)ە که له بەلوچستانی پاکستانه. ئەم ڕاگەیاندنی پشتیوانییه بەدەر له بڵاوبوونەوەی له تۆڕه کۆمەڵایەتییەکانی ئەم گرووپه، له ماڵپەڕی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش بڵاوبووەوه. هەروەها ماڵپەڕی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران به نووسینی هەواڵ پڕۆپاگەندەی ئەوەی کرد که گرووپی مونافقین ستایشی هەڵمەتەکەی حیزبی دیموکرات کردووه.

٣- له قۆناغی ڕیفۆرم له ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی و هەروەها له کاتی دەستبەکاربوونی دەوڵەتی بەڕێز ڕۆحانی، هیوا بۆ گرینگیپێدان به ناوچه سنوورییەکانی وڵات و لەوانه سنووره کوردنشینەکان زۆر بووه. دەنگه گرینگ و زۆرەکەی خەڵکی ئەم ناوچانه بۆ سەرۆکی دەوڵەتی ڕیفۆرم و هەروەها بەڕێز ڕۆحانی، دەرخەری هیواداری خەڵکی ئەم ناوچە و هاوکاریکییەکان بۆ گوتاری ڕێفۆرمخوازییه. هەر لەم پێناوەدا بۆ کەڵک وەرگرتنی زیاتر له هێزه کورده سوننەییەکان له پێکهاتەی سیاسی و ئیداری وڵات له ئاستی ناوچەیی و نیشتمانیدا بەرزبووەتەوە و له دەوڵەتی نوێدا جگه له بەکارهێنانی ئەو هێزانه له سەر ئاستی ناوچەکە لەوانه زۆربەی فەرماندارەکانی شاره سنوورییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی دەزگا بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگایی له پارێزگای کوردستان، یەکێک له هێزه کورده سونییەکان بۆ یەکەم جار له سێ دەیەی ڕابردوو وەک باڵوێزی ئێران له یەکێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دیاری کراوه. هەروەها بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچانه ڕێکارێکی نوێ گیراوەته بەر و هیوادارین دەوڵەت زیاتر لە جاران گرینگی و بەها بداته ڕەوتی گەشەی ئەم ناوچانه. بەشداریی سەرۆکی دەوڵەت له ڕەوتی سەفەرە پارێزگاییەکانی له سنه و هەروەها لەم دواییانە له مەهاباد و پێشوازی بەربڵاوی مەهابادییەکان له سەفەری سەرۆک کۆمار لەم شاره دەرخەری بەردەوامی هاوڕێیەتی خەڵک لەگەڵ هەڵوێستی ژیرانە، مەدەنی و نیشتمانی بۆ چارەسەری پرس و کێشەکانی بەردەمە.

4- سەرەڕای پێکدادانەکەی ئەم دواییه و بەشداری چەکدارانەی هەندێک له هێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران له ناوچەدا، گەلێ پرسیار دێته ئاراوه. لەوانه: ئاخۆ هەڵبژاردنی ستراتژی نوێ، به هۆی ڕکابەری لەگەڵ هێزی جیابووەوەی حیزب به ڕێبەری خالید عەزیزییه؟ بۆ لەم بەینانەدا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری چەکدارانه له ناوخۆی وڵاتی خستۆته نێو چوارچێوەی کارەکانییەوه؟ ئایا هێزی سەربازی، مرۆیی، لۆجستیکی و دارایی حیزبی لەم ساڵانەی دواییدا وەها هەڵکشاوه که توانا و هێزی بەرەنگاری هێزه سەربازییەکەی وڵاتیان هەبێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیاره ئەرێنی بێت ئەم حیزبه دەبێ ڕوونکردنەوە بدات چۆن و له چ دوخێکدا و به کامه سەرچاوەی ماڵی توانیویه خۆی پتەو بکات؟ و ئەگەر وەڵامەکه نەرێنی بێت، کەواته حیزب به چ لۆژیکێک دیسان له هەوڵدایه بۆ هاتنه نێو بواری سەربازییەوه؟ له لایەکی دیکەوه ئایا حیزب چاوی له دەستی هاوکاری دەسەڵاتی ناوچه و جیهانییه که وەها ستراتژییەکیان خستۆته نێو بەرنامەی کاریی خۆیانەوه؟ ئایا حیزب چاو له دەستی هاوکاری خەڵک و هاتنی خەڵکی بۆ نێو ڕیزکانیانن که ئاوا کەمتەرخەمانه هاتۆته نێو بوارێکی نوێوه؟ ئایا حیزب هیچ بیری له دەرئەنجامە مرۆیی و سیاسی و سەربازی و ناوچەییەکانی ستراتژییه نوێکەی کردۆتەوه که له کۆتاییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان که لە دۆخێکی مەترسیداردا بەسەر دەبات، له دۆخێکی ئاڵۆزدا دادەنێ که ئەنجامەکانی دەستپێکی ئەم ستراتژییەیە؟ بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن که له باری هێزی سەربازی و لۆجستیک و پشتیوانی و تەنانەت هاوکاری خەڵک له شەڕی چەکدارانه، هیچ گۆڕانکارییەک له دۆخی حیزب ڕووی نەداوه که ئەم حیزبه دیسان پێکدادانی چەکداریانه بخاته نێو چوارچێوەی ستراتژییەکەیەوه؛ به جۆرێک که دۆخی دژواری ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان، وەک یارمەتیدەری ئابووری ئەم حیزبانه بۆته هۆی ئەوی که پتر له ڕابردوو ڕووبەڕووی کێشەی ئاڵۆزی ببێتەوه. کەواته چ گۆڕانکارییەک له هاوسەنگی هێز و یا هەلومەرجی سیاسی و ناوچەکه ڕووی داوه که ئەو حیزبەی بەرەو ستراتژییەکی نوێ هانداوه؟

5- له مێژووی هاوچەرخدا، حیزبەگەلێکی چەکداری وەک حیزبی دیموکرات جار نه جارێک به هەستکردن به پاڵپشتی دەرەکی ستراتژی خۆیان ناساندووه. دیاره تێچووی قورسی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و جیهازات و هاتووچو و تێچووی دیکەی تەدارکاتی و بژێوی و تەنانەت بنەماڵەی هێزی حیزب، ئەویش لەو دۆخەی ئێستایان له دەرەوەی سنوورەکانی وڵات، بە ڕادەیەک کە بووەتە بارگرانییەک بۆ سەر حیزبەکان و ناچاری کردوون دەستی یارمەتی بۆ لایەنی دیکه درێژ بکەنەوه. یارمەتییه دەرەکییەکانیش گرێدراوه به سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی لایەنی یارمەتیدەر. ڕکابەری ناوچەیی، بەرەوپێشبردنی سیاسەتی نفوز له وڵاتی دژبەر، گوشارخستنه سەر لایەنی بەرامبەر بۆ گۆڕینی سیاسەت یان دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتێکی دیکە یان هیوای ڕووخاندنی دەوڵەتی دەسەڵاتدار بەسەر وڵاتی دژبەر، لەو زەمینانەن کە وڵاتێک هان دەدا بۆ ئەوەی حیزبێکی چەکدار تەیار بکات یان پشتیوانی ماڵی و تەدارکاتی و سیاسی لێبکات. پلانی دەوڵەتی سۆڤییەت بۆ دامەزراندنی حیزبی دیموکرات له مەهاباد یان فیرقەی دیموکرات له تەورێز له بۆ گرتنی ئیمتیازی نەوتی باکوور بوو و بەڵگەی حیزبی کمۆنیستی یەکیێتی سۆڤییەت و فەرمانی ستالین لەم بارەوە لەبەر دەسته. یارمەتییەکانی سەدام بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەر لەم ڕووەوە شایانی سەرنجدانه. له هەلومەرجی ئێستای ناوچەکەدا رۆژهەڵاتی ناڤین گرژی و ناسەقامگیری به خۆوه دەبینێ. بەهێزبوونی چالاکیی گرووپه تەکفیرییەکان و دەرکەوتنی داعش له عێراق و سووریا و به دوایدا پەرەستاندنی ڕکابەری نێوان ئێران و تورکیا و عەرەبستان و هەندێک له وڵاتانی ناوچەکەش بوونەتە هۆی گرژتربوونی ئەم دۆخه و رۆژهەڵاتی ناڤین خەریکه دۆخێکی تازه له هاوسەنگی هێزەکانی ناوچەکەدا بەرهەم دێنێتەوه. له وەها هەلومەرجێکدا که تەوەری پشتیوانی گرووپه تەکفیری – جیهادییەکانی وەکوو داعش، نووسره و ئەحرارولشام (که پێکهاتووه له وڵاتانی تورکیا و عەرەبستان، قەتەر و ...) ... خەریکی گوشارخستنی زیاترن بۆ سەر بەرەی پشتیوانی دەوڵەتی سووریا که پێکهاتووه له ئێران و ڕووسیا، له وەها بارودوخێکدا چاوەڕوانی ئەوه دەکرێت که گرووپی جەیشولعەدل، وەک پارتێکی مەزهەبی یان دیکەی ڕەوته چەکدارکان، پێشوازی له ئاراستەی نوێی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لقی مستەفا هیجری بکەن. ئایا له وەها بارودۆخێکدا حیزبی دیموکراتی کوردستان به شیکارییەکی ستراتژی هاتۆته نێو ئەم سناریۆیەوه؟ له بیرمان نەچێت که له دەیەی ڕابردووشدا ڕێبەرانی حیزبی دیموکرات داوایان له ئەمریکا و جۆرج بووش کرد له ئێراندا دەستێوەردانی سەربازی بنوێنێ. ئایا ڕێبەرانی ئەم حیزبانه ئەنجام و پێویستی ئەم ستراتژی نوێیەیان به وردبینییەوه لێکداوەتەوه؟ ئایا رێبەرانی حیزب له ئەنجامی وەها ستراتژییەک بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارن؟ ئایا له باری مرۆیی و سەربازی و هاوسەنگی هێزەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتی، دۆخەکه بۆ حیزبی دیموکرات لەباره؟ لە ئەگەری لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی هەڵە و هەڵەی شیکاریی رێبەرانی ئەم حیزبە، تێچووی مرۆیی و سیاسی و ئابووریی هاوپەیوەند بەو ستراتژییه نۆیە لە لایەن منداڵانی رێبەرانی حیزبەوە دەدرێت یان هەر هەموو خەڵکی کورستان؟

6- بەردەوامی ستراتژیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ بەشداریی چەکدارانه له سنوور، بەدەر له ڕەهەندە باسکراوەکان دوو کارکردی سەرەکی له خۆدەگرێت:

ئا) کاریگەری نەرێنی له سەر ڕەوتی گەشەی ناوچە کوردنشینەکان؛

ب) چڕکردنی فەزای ئاسایشی له ناوچەکەدا.

له ئێستادا یەکێک له داخوازییه سەرەکییەکانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستان، گەیشتن به دەرفەتی لەباری ئابووری، فەرهەنگی و سیاسییه. به واتایەکی دیکه گەشەپێدان له بوارگەلی پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و توریزم، فەرهەنگ و هونەر و دیکەی ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی به تایبەتمەندیی هەڵکشاندنی سەرمایەدانانەکان، یەکێکه له گرینگترین داخوازییه سەرەکییەکانی گەلی کورد. ئایا ستراتژی نوێی حیزبی دیموکرات له ئاراستەی گەشەپێدانی پیشەداهێنان، پیشەیی بوون، سەرمایەدانانی ناوخۆیی و دەرەکی، زۆر بوونی ڕێژەی کارخانەی گەوره و پەرەپێدانی گەشتیاری له کوردستان و به گشتی ژیانێکی پڕکەرامەت و هێمنانه بۆ گەلی کورده؟ یان ڕاست هەرچەشنه ناجێگیری و ناسەقامگیرییەکه وەک هۆکارێکی نەرێنی له پێناوی گەشەدان و له ئاکامدا گوشار بۆ سەر کۆمەڵانی خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگایه؟ ئاخۆ ستراتژیی دوایی حیزبی دیموکرات دەبێته هۆی کراوەتربوونی پانتای سیاسی کوردستان یان ئەمنیەتیتر بوونی پانتاکه؟

ئەم نووسراوه دەرخەری ڕاو و بۆچوونی نووسەرەکەیەتی بڵاوبوونەوەی له هەواڵگری کوردپرێس به واتای پشتڕاستکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی نییه.

کۆدی بابهت: 59112 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۱۷ | کاتژمێر: 4 : 7

برچسب: نویسنده: استخدام کار تاريخ: پنجشنبه 17 تير 1395 ساعت: 8:07

صفحه بندی