ئاوات ڕەشیدی خاوەنی ڕێکۆردی تەک چەرخ بە باسکێڵ لە ئیران، 21ی پووشپەڕ پاش شکاندنی ڕێکۆردی جیهانی تەک چەرخ بە باسکێڵ لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری کوردپرێس وتی: ئەمڕۆ بە یارمەتی خودای گەورە توانیم ماوەی ٣ کاتژمێر و ١٥ خولەک مەودای ٤٥ کیلۆمەتر و ٢٢٠ مەتر تێپەڕ بکەم و ڕێکۆردی جیهان بشکێنم.
ناوبراو زیادی کرد: ڕێکۆردی تەک چەرخ لە جیهان بە مەودای ٤٥ کیلۆمەتر لەدەستی kurt osbuی ئەمەریکی بووە کە لە ١٠ کاتژمێر و ٤٠ خولەک تۆمار کراوە و لە ڕوانگەی کاتیشەوە ئەم ڕێکۆردە ٧ کاتژمێر و ٢٥ خولەک باشتر بووەتەوە.
ڕەشیدی سەبارەت بە هاوکاریی بەرپرسانی زەنجان ڕایگەیاند: بەرپرسانی پارێزگای زەنجان دۆخێکی گونجاویان بۆ ئەم ڕێکۆرد لێدانە ڕەخساند و تەنانەت لە کاتی گرتنی ڕێکۆردەکەشدا بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای زەنجان و سەرۆکی لێژنەی باسکێڵ سواری پارێزگا ئامادە بوون و باشترین هۆڵی وەرزشی و ئیمکاناتیان بۆ ئامادە کردم و لە ناخی دڵەوە سپاس و دەست خۆش بوونیان دەکەم.
خاوەنی ڕێکۆردی نوێی تەک چەرخی جیهان کە پاش ساڵانێکی زۆر ئاڵای ئەمریکای کێشایە خوارەوە و ئاڵای پیرۆزی ئێرانی لە جێی دانا هەروەها لە بەرپرسانی وەرزشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا گلەی کرد و وتی: سەرۆکی پێشووی ئیدارەی وەرزش و لاوانی سەردەشت نەبێ، لە پارێزگادا هیچکەس بۆ ئەم ڕێکۆرد لێدانە یاریدەمی نەدا و بۆیەش گلەییم لێیان هەیە چوونکە پێم خۆش بوو ئەم ڕێکۆردە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لێبدرێت.
ئاوات ڕەشیدی ئاماژەی بە هەوڵی ئاستەم و تاقەتبڕی خۆی بۆ لێدانی ئەم ڕێکۆردە کرد و دەریبڕی: لە سەرماوەزی ٩٤ تا ئێستا تەمرینگەلێکی دژوارم بۆ ئەم کارە ئەنجام داوە و بڕوام بەوە هەبوو کە دەتوانم ڕێکۆردی جیهان بشکێنم. خودای گەورە یارمەتی دا و ئەم کارە ڕێکی هات.
ڕێکۆردی نەتەوەیی تەک چەرخ بە باسکێڵ بە مەودای ٢٨ کیلۆمەتر و ٧١٠ مەتر و هەروەها تێپەڕ کردنی سەردەشت تا هەڵەبجە بە درووشمی "ئاشتی بۆ هەموو مرۆڤەکان" و بە مەودای ٣٢٠ کیلۆمەتر و بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بە شێوەی تەک چەرخ لە کارنامەی وەرزشی ڕەشیدیدا هەیە.
ڕێکۆردگیری بۆ شکاندنی ڕێکۆردی تەک چەرخ بە باسکێڵی جیهان کاتژمێر ١٢ی ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ لە هۆڵی ڕاکردن و مەیدانیی مامۆستا سەمەد ئیپەکچیی زەنجان لەژێر چاوەدێری ڕێکخراوەی تۆمارکاریی ڕێکۆردە نەتەوەییەکانی وڵات و نوێنەری گینەس لە ئێران و بە هاوکاری ئیدارەی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای زەنجان ئەنجام درا.
کۆدی بابهت: 59424 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۲۳ | کاتژمێر: 22 : 15
برچسب:
نویسنده: استخدام کار