بە پێێ هەواڵی کوردپرێس بە گێرانەوە لە بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی نوێنەری وەلی فەقێ لە کوردستان، ئایەتوڵڵا سەید محەمەد حسێنی شاهڕوودی لە دیمانەیەک لەگەڵ ئەندامان و بازڕەسەکانی شۆڕای نیگابان وێڕای پیرۆزبایی ساڵوەگەڕی دامەزرانی شۆرای نیگابان ڕایگەیاند: پێگەی شۆرای نیگابان و ئامانجەکانی ئەم شۆرایە زۆر گرینگ و قورسە و ئەم دەزگایە پێگەیەکی تاکانەی لە نیزامی ئیسلامی ئێران هەیە.
ناوبراو وتی: هەموو نیزامەکان کۆمەڵەیەکی چاوەدێرییان هەیە کە ئامانجەکان و ڕێگای گەیشتن بەو ئامانجانە کۆنترۆڵ دەکات و لە وڵاتی ئێمەشدا، شۆرای نیگابان بۆ پێشگری لە لادان لە ڕێگای سەرەکی شۆڕشی ئیسلامییە.
نوێنەری وەلی فەقێ لە پارێزگای کوردستان وتی: قورئان، سوننەتی پێغەمبەر و دەستوورە ئایینییەکان سەرچاوەی سەرەکیی یاسای بنەڕەتی ئێمەن و بە ڕەچاو کردنی ئەو سەرچاوانە بۆ پێداویستییەکانی مرۆڤ هەڵوەژێر کراوە و پاراستنی یاسای بنەڕەتی ئەرکی شۆرای نیگابانە.
ناوبراو ئاکاری شۆرای نیگابان لە هەڵبژاردنەکانی ڕوون کردەوە و زیادی کرد: ئەوانەی ئەرکێک وەئەستۆوە دەگرن پێویستە نەشیاو نەبن چوونکە لە ئەگەری لار جووڵانەوەی ئەوان کۆمەڵگاش بە لاڕێدا دەچێت.
نوێنەری وەلی فەقێ لە پارێزگا ئاماژەی بە پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی شۆرای نیگابان لەگەڵ تێکڕای دامودەزگا حکوومەتییەکان کرد و وتی: شۆرای نیگابان لەگەڵ ڕێبەری لە پەیوەندیدایە و ئەو یاسایانەی لە وڵاتدا جێبەجێ دەکرێن لەگەڵ شۆرای نیگابان پەیوەندییان هەیە و لە دۆخی ئێستادا هەرچی سەختگیری و وردبینیی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە زۆرتر بێت لە بەرژەوەندی خەڵکە چوونکە کەسانی شیاو و دڵسۆز هەڵدەبژێردرێن.
هەروەها زیادی کرد: دادگەری لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی ئەندامانی شۆرای نیگابانە و پێویستە لە هەموو بوارەکاندا وردبینییەکی زۆریان ببێت و قازانجی تاکەکەسی خۆیان تێکەڵ بە داوەرییەکانیان نەکەن.
ئایەتوڵڵا حسێنی شاهروودی ئاماژەی بە دوو هەڵبژاردنی داهاتوو کرد و وتیشی: سەلامەتی وڵات لەدەستی شۆرای نیگابانە چوونکە نیزام بەوان ڕاسپێردراوە و کۆنترۆڵێکی زۆر دەکرێت تاکوو ئەوانەی دەبنە پاڵێوراو کەسانێکی پاک و بێخەوش بن.
هەروەها زیادی کرد: چاوەدێری هەڵبژاردنەکان ئەرکێکی قورسە و ئەمانەتێکە کە بە شۆرای نیگابان سپێردراوە، چاوەدێری سەرەکی خودای گەورەیە و زانای هەموو دۆخێکە، چاوەدێرانی هەڵبژاردن پێش لە هەموو شتێک دەبێ ئاکاریان بە شێوەیەک بێت کە ڕەزامەندی خودای گەورەی بە شوێنەوە بێت.
ئایەتوڵڵا حسێنی شاهڕوودی زیادی کرد: پێویستە شۆرای نیگابان لە ئامرازی جۆراوجۆر و بەتایبەت دەزگای دەنگ و ڕەنگ کەڵک ورگرێت و خەڵک سەبارەت بە کاروبارەکان ئاگا بکاتەوە تاکوو بزانن شۆرای نیگابان لە مافەکانی خەڵک بەرگری دەکات و ئەم ڕاستییە دەرکەوێت کە ئەگەر سەختگیری هەیە بۆ پێشگری لە ستەم بە خەڵکە.
کۆدی بابهت: 59528 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۲۶ | کاتژمێر: 1 : 6
برچسب:
نویسنده: استخدام کار