ئەم پێشنیارە، دامەزراندنی هەرێمی سەربەخۆی کەرکووک وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ لەناو هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سنوورەکانی ئێستایدا ڕوون دەکاتەوە، لە حاڵێکدا کە دەسەڵات لەنێوان بەشە نەتەوەییەکانی دروستکەری دابەش دەکرێت. دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی لە دەستی کوردەکان، سەرۆکایەتی هەرێم بە دەستی تورکمانەکان و سەرۆکی مەجلیسیش لە عەرەبەکان بێت.
وەها بەدی دەکرێت کە شەڕ لە پارێزگای نەوتیی کەرکووک، زۆرتر لەوەی کە لەسەر دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی بێ، لەسەر شوناسی نەتەوەیییە. تورکمانەکان، کەرکووک بە ناوچەیەکی تورکمانی دەزانن و دەیانهەوێت کە هەر وەکوو خۆی بمێنێتەوە. ڕۆژی ١٨ی جوون، خالید شوانی، وتەبێژی سەرۆک کۆماری عێراق وتی کە ئەندامانی تورکمانی ئەنجومەنی پارێزگایی کەرکووک لە پێشنیاری بەهەرێمکردنی کەرکووک پاڵپشتی دەکەن. بۆ دەستپێکردنی کار لەم بارەوە، دەبێ زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن ئەم پێشنیارە پەسەند بکەن، بەڵام بوارەکانی تایبەت بەم پێشنیارە، دەبێ لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت. ڕۆژی 26ی جوون، پارتی خەڵکی تورکمان و بەرەی تورکمان، کردنی کەرکووک وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆیان ڕەت کردەوە، لەحاڵێکدا پارتی تورکمانلی و بەرەی تورکمانەکانی عێراق پاڵپشتییان لێ کرد. قاسم حەمزە، ئەندامی بەرەی تورکمانەکانی عێراق ڕۆژی ١٢ی جوون بە ماڵپەڕی هەواڵی المعلومەی ڕاگەیاند: "بەرەی تورکمانەکانی عێراق، ئەنجومەنی پارێزگایی لە ساڵی 2006دا، پرۆژەی بەهەرێم بوونی کەرکووکی خستە بەرباس. ئەم داخوازییە، سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەکانی ئێمە بوو. بەهەرێمکردنی کەرکووک وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ، باشترین ڕێگەچارە بۆ کۆتایی هێنان بە ڕەنجی تورکمانەکان و بەدەستهێنانی مافەکانی ئەوانە. ئێمە بەتوندی لەگەڵ هەر چەشنە بڕیاردانی یەکلایەنە لەلایەن دەوڵەتی عێراق یان حکوومەتی هەرێمی کوردستانین."
هەر لەم حاڵەدا، کوردەکان لەسەر ئەم بڕوایەن کە کەرکووک بەشێک لە کوردستانە و ڕژێمی پێشوو بەزۆرەملی لە کوردستانی جیا کردووەتەوە. هەندێک لە کوردەکان خوازیاری لکاندنی کەرکووک بە هەرێمی کوردستانن، بەڵام هەندێکی دیکەش پاڵپشتی لە پێشنیاری نوێ دەکەن.
عەبدولقادر محەمەد لە ئەندامانی بەرەی پەرلەمانیی یەکگرتووی کوردەکان لە بەغدا بە ئەلمانیتۆری ڕاگەیاند: "کەرکووک یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستانە و دەبێ بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازە پێشبێنی کراوەکان لە مادەی 140ی یاسای بنەڕەتیی عێراق، سەر بە هەرێمی کوردستان بێت. لایەنە عەرەبەکان بەرگری لە بەڕێوەبردنی ئەم مادەیە دەکەن و هەر بۆیە کردنی کەرکووک وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ دەتوانێت سازشێکی باش بێ."
ناوبراو زیادی کرد: "بەهەرێمکردنی کەرکووک وەکوو هەرێمێکی سەربەخۆ دەبێ بە ئاساییکردنەوە دەست پێ بکات، کە بە واتای گەڕاندنەوەی بارودۆخ بۆ پێش زنجیرە ئۆپراسیۆنەکانی تەعریبە کە ڕژێمی سەدام حسێن بەمەبەستی لەناوبردنی شوناسی کوردیی کەرکووک بەڕێ بخات. "لە ڕوانگەی عەبدولقادر محەمەد" پێویستە کە دانیشتوانی کوردی کەرکووک کە لەوێ دەرکراون، بۆ ئەوێ بگەڕێنەوە و ئەو عەرەبانەی کە سەدام حسێن وەکوو ****** بۆ کەرکووکی هێنا، لە کەرکووک بڕۆن، چوون عەرەبەکان دانیشتووانی سەرەکیی کەرکووک نین."
ناوبراو وتی: "کەسانێک کە لەگەڵ گەڵاڵەی هەرێمێکی سەربەخۆ بەناو کەرکووکن، دەبێ بەبێ درەنگ، بەڕێوەبردنی مادەی 140ی یاسای بنەڕەتی بەبێ هیچ درەنگکردن و بەلاڕێ بردن قبووڵ بکەن و ئەم بیانووە وەلا بنێن کە ئەم مادەیە کۆن و بێ کەڵک بووەتەوە."
عەرەبەکانی کەرکووک سەبارەت بەم مەسەلەیە ناکۆکییان هەیە و نە هەڵوێستێکیان گرتووەتە بەر و نە داخوازییەکیان خستووەتە ڕوو.
بەپێی مادەی 140 و بە بەڵگەهێنانەوە بە مادەی 58ی یاسای حکوومەتی گواستنەوەیی، ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانەی کە کێشەیان لەسەرە، لەوانە کەرکووک، دەبێ لە 3 قۆناغدا بەڕێوە بچێت: ڕێگە بدرێت کەسانێک کە لە نیشتمانی خۆیان وەدەر نراون، بگەڕێنەوە سەر نیشتمانی خۆیان و بۆ جێگەدان بەوان، ئەگەر پێویست بوو، دەبێ ناخۆجێییەکان لەوێ بڕۆن و غەرامەیان پێ بدرێت. پاشان دەبێ سەرژمێری ئەنجام بگرێت و پاش ئەوەش دەبێ گشتپرسی بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر کوردستان یان پارێزراوبوونی پێگەی ئەو پارێزگایە لە عێراق وەکوو یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە بچێت. مادەی 140 هەروەها باس لەوە دەکات کە ئاسایی کردنەوەی بارودۆخ دەبێ هەتا کۆتایی ساڵی 2007 ئەنجام بدرێت. عەبدولقادر محەمەد، بە ئەلمانیتۆری ڕاگەیاند کە هەندێک لە لایەنەکان بەبۆنەی کۆتایی هاتنی ماوەی ئاساییکردنەوە، ئیدعا دەکەن کە مادەی 140 چیدی بەکەڵک نایەت، لەحاڵێکدا کە کەسانی دیکە ئیدعا دەکەن کە ناکرێت مادەکانی یاسای بنەڕەتیی پێش بەڕێوەچوونی بە بەکەڵک نەهاتوو وەسف بکرێت.
سەلیم موسەلماوی لە پارتی یەکێتیی نیشتمانیی عێڕاق و ئەندامی کۆمیتەی هەرێمەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەلمانیتۆری ڕاگەیاند: "یاسای بنەڕەتی، پێویستییەکانی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی دیاری کردووە، بەڵام ناوچە کێشەلەسەرەکان وەکوو کەرکووک، مژاری مادەیەکی تایبەت لە یاسای بنەڕەتین. هەر بۆیە قۆناغەکانی بەهەرێم کردن بەپێی یاسا بۆ ئەم ناوچانە ناتوانین جێبەجێ بکەین."
11ی فێبریوێریی 2008 بەپێی خاڵی 2ی مادەی 117 و مادەکانی121-118 یاسایەک پەسەند کرا کە کاری تایبەت بۆ دروستکردنی هەرێم لە پارێزگاکان جێبەجێ دەکات. بەپێی ناوەرۆکی ئەم یاسایە، ئەنجومەنی پارێزگایی دەبێ داخوازییەک ڕادەستی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق بکات و دەوڵەتی فیدڕاڵیش ئەم داخوازییە ڕادەستی شۆرای هەڵبژاردنەکان بکات تا بۆ بەهەرێم بوون، گشتپرسییەک بەڕێوە ببات.
موسەلماوی وتی: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هێمنایەتیی ئێستا و بوونی داعش لە زۆرێک لە ناوچەکانی کەرکووک، لەگەڵ دیکەی خاڵەکانی جێی ناکۆکی لە کەرکووک، ئێمە بە ناوی پارتی یەکێتیی نیشتمانیی عێراق، لەگەڵ کردنی کەرکووک بە هەرێمێکی سەربەخۆ نین. ئێمە بڕوامان وایە کە بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک کە لەلایەن هەمووان پەسەند دەکرێت، دەبێ داهاتووی کەرکووک لە ئاستی نەتەوەییدا بخرێتە بەرباس."
ناوبراو زیادی کرد: " ئێمە هیوادارین کە ناکۆکییە سیاسییەکان سەبارەت بە کەرکووک بکەوێتە پاش کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ داعش. ئەوکات ئێمە دەتوانین کە سەبارەت بە داهاتوو و مادەی 140 یان ڕێگەچارە دادپەروەرانەکانی دیکە باس بکەین".
لە هەڕەمی ناکۆکییەکانی ئێستا و بە لەبەرچاوگرتنی سەرچاوەیەکی هەرەزۆری نەوت لە کەرکووک، ئەگەری هەر چەشنە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە داهاتووی ئەو پارێزگایە لە داهاتووێکی نزیکدا زۆر کەمە. وەها بەدی دەکرێت کە ئەم باسە، پێویستی بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی و سازینی هەموو لایەنەکان بۆ دەستەبەرکردنی بارودۆخی یاسایی کەرکووک و گشتپرسی سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو پارێزگایە بۆ سەر کوردستان، بەهەرێم کردنی ئەو پارێزگایە یان پاراستنی بارودۆخی ئێستای وەکوو پارێزگایەکی سەر بە حکوومەتی بەغدا بێت. ئەگەر ناکۆکییەکان سەبارەت بە داهاتووی کەرکووک زۆرتر ببێتەوە، بژاردەی سەربازی، لەوانەیە وەکوو یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم بە ئەژمار بێت.
ژێدەر: ئەلمانیتۆر
وەرگێڕان بۆسەر کوردی: محەمەد حسێنی
کۆدی بابهت: 59538 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۲۷ | کاتژمێر: 2 : 58
برچسب:
نویسنده: استخدام کار