به پێی هەواڵی کوردپرێس، حوجەتولئیسلام ئەیووبی شەوی دوێنێ لە سنە لە دانیشتنێکدا بوو به میوانی کۆمەڵێکی زۆر له هونەرمەندان و چالاکانی سینەمایی پارێزگای کوردستان و لەم دیدارەدا له وتەدانێکدا ڕایگەیاند: لە ڕابردوودا نزیکەی 40 بۆ 50 فیلم لە ساڵ لە وڵات پیشان دەدرا بەڵام ئێستا ئەم ڕێژە بۆ 100 فیلم لە ساڵدا بەرز بۆتەوه.
ئەیووبی زیادی کرد: ئەوساڵ بۆ ئەنجومەنەکانی سینەما جەوان لە هەموو وڵات بودجەی باشیان بۆ تەرخان کراوه و ئەنجومەنی شارەکانیش تەیار دەکرێت.
ناوبراو جەختی کردەوە: ئێرانی ئیسلامی خاوەن شارستانییەت و فەرهەنگ و هونەری چەند هەزار ساڵەیه و لە وڵاتێکدا که شێعر، ئەدەب، مۆسیقا و خۆشنووسی جەوهەر و فەرهەنگی خەڵکەکەیەتی، سینەماش گەشه و پێشکەوتن به خۆوه دەبینێت و لەگەڵ بوونی ئەم فەرهەنگ و هونەره دەوڵەمەنده لە ئێران سینەمایەکی بەدی هێناوه که دنیای سەرسام کردووه.
سەرۆکی ڕێکخراوی کاروباری سینەمایی وڵات وێڕای وتنی ئەوی که هەوڵی ئێمه ئەوەیه که کەرتی تایبەت پشتیوانی بکات له بەرهەمهێنانی فیلم لە ئێران که لەم پێناوەشدا بەشێکی هەرەزۆر له فیلمەکانی ساڵی ڕابردوو به پشتیوانی نادەوڵەتی چێ کرا ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو بونیادی سینەمایی فارابی پشتیوانی کردووه له پتر له 45 فیلم و ئێمەش ڕوانینێکی دادپەروەرانەمان دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و لە پڕۆژهی بەرهەمهێنانی فیلم ڕوانگەی تارانی و هەڵاواردنی پارێزگایی بوونی نییه.
ئەیووبی درێژەی دا: له ئێستادا 500 پەردەی سینەما لە وڵات بوونی هەیه، له حاڵێکدا که دەبێ سێ هەزار هۆڵی سینەمامان لە وڵاتدا هەبێت که له هەوڵداین بتوانین هەر هیچ نەبێت کەمێک لەم کەمایەسییانه قەرەبوو بکەین.
ناوبراو له درێژەی وتەکانی بەڵێنی دا که بۆ ئەوساڵ فیلمی مێهرەجانی فەجر لە پارێزگای کوردستان نمایش دەدرێت و وتی: تەیارکردنی ئەنجومەنی سینەما جەوانی پارێزگایی، یارمەتی و پشتیوانی له بەڕێوەچوونی مێهرەجانی فیلمی کوردی و هەروەها پشتیوانی له هونەرمەندانی سینەما لەو کارانەیه وا چۆتە چوارچێوەی کارەوه.
هەروەها لەم چاوپێکەوتنەدا، سیروس سەنایی سەرۆکی ئەنجومەنی سینەما جەوانی کوردستان، له وتەدانێکدا ڕایگەیاند: نووسینگەی سینەمای جەوانی کوردستان 29 ساڵه که چالاکی دەنوێنێ و بەم زووانه دەچێته نێو سییەمین ساڵی چالاکی خۆیەوه و لەم ماوەدا گەلێ کاریگەری بووه به سەر بواری سینەمایی پارێزگادا و هونەرمەندانێکی بەرچاوی بووه و هەیه که له ئاستی نیشتمانی و نێونەتەوییدا سەرکەوتنی پڕبایەخیان بووه.
سەنایی زیادی کرد: ئەم ئەنجومەنه لە درێژەی ساڵەها چالاکی خۆی لە پارێزگا، فیلمسازان و سینەماکارانێکی زۆری پەروەرده کردووه و وەک دەزانن هەر ئێستاش لە بواری نیشتمانی و نێونەتەویی بوونیان هەیه و له شانازییەکانی سینەمای کوردستان و ئێرانن و سینەمای کوردستان بەتایبەت له بواری کورته فیلمدا لە وڵاتدا پێگەیەکی دیاری هەیه.
ناوبراو ڕەخنەی گرت له گرینگیپێنەدان به بواری سینەما و فیلمسازی لە کوردستان و وێڕای ئاماژه کردن به نەبوونی هۆڵی شانۆی گونجاو، کتێبخانه و ئاتۆلییەی تەیار وەک کێشەکانی ئەم بواره و ڕوونی کردەوه: تەمەنی جیهازاتی فێرکاری لە ئەنجومەن سینەما جەوانی کوردستان دەگەڕێتەوه بۆ پتر له یەک دەیە و ئەم جیهازاته وەڵامدەری پێداویستی فیلمسازانی ئەوڕۆیی نییه و کاراییەکی ئەوتۆی نەماوە.
لەم چاوپێکەوتنه خۆمانییەدا یەکێک له هونەرمەندان هەستا به دەفژەنی و دەفەکەی وەک دیاری پێشکەشی سەرۆکی ڕێکخراوی سینەمایی وڵات کرد و سینەماکارانیش کێشه و داخوازییەکانی خۆیان باس کرد و کەمتەرخەمی بەرامبەر به سینەمای کوردستان، کەمیی بودجە و هەست به جیاکاریی لەو گلەیی و گازندانە بوو که به ئامادەبوونی حوجەتولئیسلام ئەیووبی سەرۆکی ڕێکخراوی سینەمایی وڵات خرایه ڕوو و ناوبراو له کۆتاییدا بەڵێنگەلێکی بۆ هەرچی باشتربوونی دۆخی سینەمای پارێزگا، تەیار کردنی ئەنجومەنی سینەما جەوانی کوردستان، ڕێخستنی سینەمای گەڕۆک و بەڕێوەچوونی مێهرەجانی فیلمی کوردیی پێدان.
هەر لەم دانیشتنەدا پۆستەری یەکەمین مێهرەجانی نێوەنەتەویی فیلمی کوردی سنه دێژ و دەیەمین مێهرەجانی ناوچەیی فەرهەنگی خۆماڵی ژیاریش ڕوونوێنی کرا.
کۆدی بابهت: 59834 | بهروار: ۱۳۹۵/۴/۳۱ | کاتژمێر: 4 : 35
برچسب:
نویسنده: استخدام کار