بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێشبڕکێی پاڵەوانی لاوان و گەورەساڵانی وڵات لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە هۆڵی وەرزشیی سێ هەزار نەفەریی میلادی نووری کۆمەڵەی وەرزشیی بۆکان بەڕێوەچوو.
ئەم خولە کێبەرکێیە لە دوو ڕیزە تەمەنی لاوان و گەورەساڵان و هەروەها لە دوو بەشی سامبۆ (زۆرانبازی) و کامبێت سامبۆ (کێبەرکێی ئازاد) و لە ٩ کێشی جۆراوجۆردا بەڕێوەچوو.
١٨٠ وەرزشوان لە قەوارەی ٢٢ هەڵبژاردە لە پارێزگاکانی گوڵستان، تارانی ئەلف و بێ، هەمەدان، مازەندەران، گیلان، زەنجان، قوم، قەزوین، هورموزگان، فارس، کوردستان، کۆهکیلوویە و بۆیەرئەحمەد، ئەردەبیل، خوزستان، چوارمەحال و بەختیاری، ئەلبورز، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، خوراسانی باکوور، خوراسانی باشوور، سمنان و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە کێبەرکێکەدا ڕووبەڕووی یەک بوونەوە.
لە بەشی سامبۆ و لە ڕیزی تەمەنی لاواندا، گیلان پلەی یەکەمی وەدەست هێنا و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بوو بە دووهەم و کوردستان پلەی سێیەمی مسۆگەر کرد و لە ڕیزی گەورەساڵاندا گیلان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و خوزستان پلەی یەکەم تا سێیەمیان وەدەست هێنا.
لە بەشی کامبێت و لە ڕیزی لاوان، هەڵبژاردەکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و خوزستان پلەی یەکەم تا سێیەمیان مسۆگەر کرد و لە بەشی گەورەساڵانیشدا ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و خوزستان بوونە یەکەم تا سێیەم.
هەڵبژاردەکانی کێشە جۆراوجۆرەکان بۆ پێشبڕکێی ئاسیایی جۆزەردانی ساڵی داهاتوو لە وڵاتی کۆریای باشوور بەڕێ دەکرێن.
سامبۆ ڕشتەیەکی نوێی ڕەزمی دێتە هەژمار کە لە دەیەی ١٩٢٠ لە سوپای سۆڤیەت بە مەبەستی سەرخستنی ئاستی توانای سەربازان بۆ شەڕی تاکەکەسی بناغەی دانرا و پاشان وەکوو ڕشتەیەکی نوێی وەرزشی لە جیهاندا پەرەی سەند.
لەو ڕشتەیە لەسەر تەکنیکەکانی تێکهەڵچوون و فڕێدان داکۆکی دەکرێت و تێکەڵاوێکە لە تەکنیکە کاریگەرەکانی چەندین ڕشتەی دیکە وەکوو جۆدۆی ژاپۆنی، زۆرانبازی ئازاد و فەرەنگی و شێوازە ناوچەییەکانی زۆرانبازی لە ئاسیای ناوەندی و قەفقاز.
ڤیکتۆر ئێسپیریدۆنۆڤ و واسیلی ئوشچێپکۆڤ وەدیهێنەرانی سامبۆن کە سەرەتا دوو شێوازی جیاوازیان دانابوو بەڵام لە ئەنجامدا پێکەوە تێکەڵ بوون و نێویان نرایە سامبۆ کە کورتکراوەی وشەیەکی ڕووسییە بە واتای شەڕی بێ چەک.
کۆدی بابهت: 53934 | بهروار: ۱۳۹۴/۱۲/۱۷ | کاتژمێر: 0 : 48
- - , .
برچسب:
نویسنده: استخدام کار