بە پێی هەواڵی کوردپرێس، حاجی بایەزید نیکبەخت، شاخەوانی ناسراوی شاری پیرانشار پاش سەرکەوتن لە دوو لووتکەی "کورژنێفسکایا" (7495 مەتر) و "کۆمۆنیزم" (7105 مەتر) لە وڵاتی تاجیکستان لەنێو پێشوازی بەرچاوی هاوشارییەکانی گەڕایەوە پیرانشار.
ئەم شاخەوانە پیرانشارییە دوای سەرکەوتن لە لووتکەی "لێنین" لە ساڵی 1391 و "کورژن وسکایا" و "کۆمۆنیزم" (سامانی) لەمساڵەدا ئێستاکە بۆ گەیشتن بە لووتکەی "خانتێنگێری" و "پوویدا" و وەدەست هێنانی نیشانی پڵینگی بەفرین چاوەڕێیی ساڵی داهاتوو دەکات.
ئاوەڵناوی پڵینگی بەفرین بە شاخەوانێک دەدرێت کە لە پێنج لووتکەی سەرەوەی حەوت هەزار مەتری وڵاتی سۆڤیەتی پێشوو یان ڕووسیا و وڵاتە هاوبەرژەوەندەکانی ئێستای بە شرۆڤەی ژێر سەر بکەوێت:
1. سامانی (کۆمۆنیزمی پێشوو)، 2. کورژن وسکایا، 3. ئێبنی سینا (لنینی پێشوو)، 4. پوبدا، ٥. خانتانگێری.
ئەم شاخەوانە پیرانشارییە تەنیا دوو سەرکەوتنی دیکەی تا نیشانی پڵینگی بەفرین ماوە و هیوادارە لە ساڵی داهاتوودا وەدەستی بێنێت.
ئەمیر پیرووتی، ئەندامی هەڵبژاردەی شاخەوانی "سپی سەنگ"ی پیرانشاریش توانیی هاوکات لەگەڵ حاجی بایەزید نیکبەخت لە لووتکەکانی "کازبەک"ی گورجستان بە بەرزی 5047 مەتر و "ئاراگاس"ی ئەرمەنستان بە بەرزایی 4095 مەتر سەرکەوێت و هاوکات لەگەڵ حاجی بایەزید نیکبەخت لەنێو پێشوازی گەرمی هاوشارییانی بگەڕێتەوە ئەو شارستانە.
ئەم شاخەوانە پیرانشاریانە دوای گەڕانەوە بۆ وڵات چوونە سەردانی گڵکۆی نەمران "موقبل هونەرپەژوو" لە شارستانی بۆکان و "محەمەد هەوراز" لە شارستانی نەقەدە و یادی ئەم دوو شاخەوانە بەناوبانگەی وڵاتیان بەرز ڕاگرت.
کۆدی بابهت: 61901 | بهروار: ۱۳۹۵/۶/۶ | کاتژمێر: 3 : 1
برچسب:
نویسنده: استخدام کار