به پێی هەواڵی کوردپرێس، تەهمورس پوورنازری له دانشتنێکی رۆژنامەوانیدا که له شوێنی زانکۆی فەرهەنگ و هونەری کرماشان بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: ئەم مێهرەجانە بڕیاره له 21 هەتا 30 مانگی خەرمانان له کۆشکی ساسانی که دەکەوێته بینای مێژویی بێستوون بەڕێوه بچێت.
ناوبراو زیادی کرد: لەم مێهرەجانه هاوکات شەهرداد ڕۆحانی، گرووپی کامکارەکان، گرووپی شەمس و گرووپی پاڵێت بەرنامه بەڕێوه دەبەن، هەروەها مۆسیقای دووێتی بارتۆلۆمی بیتمەن-یش که هونەرمەندێکی نەمساییه ئاراستە دەکرێت.
پوورنازری وەبیری هێنایەوه: بەڕێوەبردنی بەرنامه له لایەن ئانتۆنیۆ ڕەی لەگەڵ سۆهراب پوورنازرییش یەکێکی دیکه له بەرنامەکانی ئەم مێهرەجانە دەبێت.
سەرپەرشتیاری باڵای مێهرەجانی مۆسیقای بارانا زیادی کرد: "ئانتۆنیۆ ڕەی" و "بارتۆلۆمی بیتمەن" له هونەرمەندانی نێونەتەوەیین که بۆ یەکەم جار له شوێنی مێژوویی بێستوون بەرنامه بەڕێوه دەبەن.
ناوبراو له مەڕ کاتی بەڕێوەبردنی مۆسیقای گرووپه بەشداربووەکانی ئەم مێهرەجانەش وتی: رۆژی 21ی مانگی خەرمانان گرووپی پاڵێت، 22ی مانگی خەرمانان گرووپی شەهرداد ڕۆحانی، 25ی مانگی خەرمانان گرووپی کامکار، 26ی مانگی خەرمانان گرووپی دووێت بارتۆلۆمی بێیتمەن، 29ی مانگی خەرمانان گرووپی شەمس به بەشداری کەیخەسرەو پوورنازری و 30ی مانگی خەرمانانیش گرووپی سۆهراب پوورنازری و ئانتۆنیۆ ڕەی بەرنامه بەڕێوه دەبەن.
پوورنازری وتیشی: مێهرەجانی مۆسیقا هەموو رۆژێ له سانسێک و له کاتژمێری 20 هەتا 21:30 خولەک بەڕێوه دەچێت و پوتانسیەلی بەشداری یەک هەزار و 500 کەسیشی بۆ تماشەوانان هەیه.
ناوبراو له کۆتاییدا وێڕای ئاماژه بەوەی که لەمڕۆوه فرۆشتنی بلیتی مێهرەجانی مۆسیقا دەستی پێکردووه، وتی: هۆگران لە ئەمڕۆوه دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی ئەنتەرنێتی Miresac.ir بکەن بۆ کڕینی بلیت که نرخەکەی 35 هەتا 79 هەزار تمەنه.
کۆدی بابهت: 62520 | بهروار: ۱۳۹۵/۶/۱۶ | کاتژمێر: 4 : 33
برچسب:
نویسنده: استخدام کار