بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی هەواڵیی سبەی، لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا، یوسف محەمەد سادق، پەیامێک ئاراستەی رۆژنامەنووسان دەکات و نیگەرانیی خۆی پیشاندەدات لەوەی کە؛ لەم چەند ساڵەی رابردوودا هەرێمی کوردستان لەلایەن رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە، بە شوێنێکی مەترسیدار بۆ کار و پیشەی رۆژنامەنووسی ئاماژەی بۆ کراوە.
پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی:
" ئەمڕۆ یادی 119هەمین ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییە، لە دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لە لایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکان لە قاهیرەی پایتەختی میسر، تا ئێستا رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی، قۆناغی جیاوازی بڕیوە.
پاش راپەرین، مەودایێکی فراوان بۆ کار و پیشەی رۆژنامەگەری رەخسا، بەڵام بەداخەوە، پاشتر، رۆژنامەنووسان قوربانیی گەورەیان بە خوێن و گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو پیشەکەیاندا.
لەو سەردەمەوە تا ئێستا، رۆژبەڕۆژ هەوڵی بەرتەسکردنەوەی ئازادیی رۆژنامەگەری دەدرێت. لەوەش خراپتر، چەندین رۆژنامەنووسی ئازا و بوێر تیرۆر کراوە.! بە ئاستێک لەم چەند ساڵەی رابردوودا هەرێمی کوردستان لەلایەن رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە، بە شوێنێکی مەترسیدار بۆ کار و پیشەی رۆژنامەنووسی ئاماژەی بۆ کراوە.
لەبەرامبەر ئەمەشدا، دژ بەو چەند کەناڵە ئازا و ئەهلییانە، چەند کەناڵ و ئۆرگانێکی زەبەلاح بە پارەی میللەت و بە پشتیوانی و سێبەری حیزب، خەریکی گەوجاندن و شاردنەوە و ئاوەژو کردنەوەی راستییەکانن.
لە کۆتایدا و لەم یادە پرشنگدارەدا سڵاو دەنێرین، بۆ گیانی پاکی رۆژنامەنووسە شەهیدەکان، سڵاو بۆ ئەو رۆژنامەنووس و دەنگە دلێرانەی، پێشمەرگانە و ئازایانە، لەم بارودۆخە سەخت و دژوارەدا، شەڕی دژ بە گەندەڵی و دزینی قووتی هاوڵاتیان دەکەن."
کۆدی هەواڵنێر: 60105
کۆدی بابهت: 72087 | بهروار: ۱۳۹۶/۲/۳ | کاتژمێر: 14 : 44
برچسب:
نویسنده: استخدام کار