کوردپرێس: سنوورەکان بەردەوام وەکوو دەرفەتێک بۆ گەشە و پێشکەوتنی بەشی ئابووری لە ئارادابوون، بەڵام چەند مانگێکە کە بە هۆی داخستنی ئەم سنوورانە پیت و بەرەکەتی نیشتەجێبوونی سنوور بۆ کاسبکارانی شاری پیرانشار بووەتە نیگەرانی و دڵساردی.
کاسبکارانی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار چەندین ساڵە بژیوی ژیانیان لەم سنوورە دابین دەکەن، بەڵام داخستنی سنوورەکان، بژیوی ژیانی ئەم کاسبکارانەشی بڕیوە و بەڵێنەکانی بەرپرسانی شار و پارێزگا تەنیا بۆ چەند ڕۆژ کاسبکارانی بۆ ڕۆژانی گەشەی بازاڕ لە سەروبەندی ڕۆژانی جەژندا دڵخۆش کردووەتەوە و ئێستاش بە کردەیی سنوورەکان نەکراونەتەوە و بەرپرسانیش لە وەڵامی پرسیار و چاوەڕوانیی کاسبکارانی ئەم شارە هەموو جارێ بەرپرسیارەتیەکە دەخەنە ئەستۆی لایەنێکی دیکە و لە ئەستۆی خۆیانی دادەماڵن.
داخستنی سنوورەکان و جێبەجێ نەکرانی بەڵێنەکانی بەرپرسان، دوو جار مانگرتنی کاسبکارانی بازاڕچە سنوورییەکانی پیرانشاری بە دوادا بووە.
ئەم کاسبکارانە بە مانگرتن لە بەردەم بینای فەرمانداریی پیرانشار ناڕەزایەتیان سەبارەت بە بەردەوامی داخستنی سنوورەکان دربڕی.
بە داخراوی مانەوەی سنوورەکان لە دوایین ڕۆژانی ساڵ و دەسپێکی پشوودانەکانی نەورۆز نیگەرانی کاسبکارانی لە جاران زیاتر کردوە و بە پێی لێدوانی هەندێک لە دوکاندارەکانی بازاڕچە سنوورییەکانی پیرانشار، کاڵا و شمەکەکانیان کە زیاتر لە چەند ملیارد بایەخیان هەیە لە سەر سنووری تەمرچین و لە حاجی ئۆمەران کەڵەکە بوون.
لە ڕاستیدا ئەو کاڵایانەی کە کاسبکارانی پیرانشار بۆ فرۆشتن لە ڕۆژانی جەژن کڕیویانە، بە هۆی داخرانی سنوورەکان بەرەوڕووی مەترسی لە ناوچوون بوونەوە.
(ر.ع) یەکێک لەو کاسبکارانەیە کە وێڕای دەربڕینی گلەو گازندەی لە دۆخی هەنوکەیی بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: ئەوە ماوەی سێ مانگە جل و بەرگم لە چین کڕیوە بە هەر زەحمەت و کوێرەوەرییەک بێ توانیم ئەم کاڵایانە بگەیێنمە سنووری حاجی ئۆمەران و بەڵام بە داخەوە تا ئێستا لە ئەنبارەکانی لایەنی عێراقیمان ماونەتەوە و سەرەڕای هەوڵێکی زۆر نەمتوانیوە بیانهێنمە ناو خاکی ئێرانەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتیشی: ئەگەر پارەی گواستنەوەی کاڵاکان تا حاجی ئۆمەران و ڕاگرتنییان لە ئەنبارەکانی هەرێم بدەم و بتوانم بیانگوێزمەوە بۆ ئێران تەنانەت تاقە ڕیاڵێکیش قازانج ناکەم، بەڵکوو تەنیا ئاڵوگۆڕی پارە بە پارەیە.
(ئەبووبەکر. خ) دوکاندارێکی دیکەی پیرانشار کە کەل و پەلی ناو ماڵ دەفرۆشێت، وتی: داخرانی سنوورەکان و نەهاتنی کاڵاکانمان بۆ ئەم دیو سنوور زەبرێکی قورسی ئابووری لە شاری پیرانشار داوە کە ناڕەزایەتی و نیگەرانی هەموو کاسبکارانی لێکەوتووەتەوە.
ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکانیدا وێڕای داخوازی دووبارەی بەدواداچوونی ئەم کێشە لە لایەن بەرپرسان و نوێنەری پەرلەمانەوە، ڕایگەیاند: بەردەوام بوونی ئەم دۆخە نەک هەر دەبێتە هۆی دابەزین و سستی ئابووری ئەم ناوچە بەڵکوو کەم بوونەوەی گەشتیارانی ئەم شارەشی بە دوادا دەبێت.
کرانەوەی بازاڕچە سنووری تەمرچین یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بوو. ئەم کاسبکارانە دوای هەڵبژاردنی دووبارەی "ڕەسوڵ خزری" وەکوو نوێنەری شاری پیرانشار لە مەجلیسی دەیەم داوایان لێکرد کە بەڵێنەکانی لەم پەیوەندییەدا جێبەجێ بکات.
ڕەسوڵ خزری، نوێنەری خەڵکی پیرانشار و سەدەشت لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە لێدوانێکی تایبەتی بۆ هەواڵنێری کوردپرێس وتی: داخستنی سنوورەکانی پیرانشار و سەدەشت وەکوو مارێکی نووستووی ئابووری بووەتە هۆی ئەوەی کە بەردەوام هۆشداری بدەمە خودی سەرۆک کۆمار و وەزیری ناوخۆ، چونکە گرینگی ئەم بابەتە کاتێک دەردەکەوێت کە زیاتر لە ١٠ هەزار کەس وەکوو کۆڵبەر و کرێکار لە پیرانشار لە ڕێگای هاوردەکردنی کاڵا و شمەک لە بازاڕچە سنوورییەکان بژیوی ژیانیان دابین دەکەن کە ئەم ئامارە زیاتر لە ٩٠ لە سەدی کاسبکارەکانی ئەم ناوچەیە لەخۆدەگرێت. خزری سەبارەت بە دوایین بارودۆخی داخستنی سنوورەکان جەختی لە سەر ئەوە کرد کە لە دوای دانیشتن لە گەڵ کۆمەڵێک لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی پیرانشار لە بەردەم فەرمانداری پیرانشار لە ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕەشەمە دەستبەجێ دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ هەستاین بە ساز کردنی دانیشتنێکی خێرا لە گەڵ ئەندزایار "سەعادەت" پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە دوای گفتوگۆ و ڕاوێژی پێویست، پارێزگار بەڵێنی دا کە لە هەوڵی ئەوەدا دەبن لە گەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نشتیمانی وڵات ڕاوێژ بکەن و ڕەزامەندی بەرپرسانی ئەم ئەنجومەنە و وەزارەتی ناوخۆ و پاسەوانی سنوورەکانی وڵات لە پێناو کرانەوەی بازاڕچە سنوورییەکان بە دەست بێنن.
نوێنەری خەڵکی پیرانشار لە درێژەی لێدوانەکانی خۆیدا وتیشی: دانوستانەکان سەبارەت بە کرانەوەی سنوورەکانی پیرانشار تەنیا لە سەر ئاستی پارێزگا نەبوو، بەڵکوو من هەر دەستبەجێ بە هۆی گرینگی بابەتەکە سەردانی تارانم کرد و لەم پەیوەندییەدا لە گەڵ نوێنەری شارە سنوووییەکان کۆبوونەوەم ئەنجام دا و لە مەڕ چۆنیەتی تاوتوێ کردنی شیوازی تێکردنی باجی سنووری لە شارەکان و چۆنیەتی تاوتوێ کردنی ئەم ژمارانە قسەمان کرد و بە خۆشحاڵییەوە ئەنجامی زۆر باشیشی لێکەوتەوە.
ڕەسوڵ خزری لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا لە کۆبوونەوەی گرینگی خۆی بە هاوڕێتی لە گەڵ فەرمانداری پیرانشار و پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە گەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار و پاسەوانی سنووری وڵات لە وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە تاوتوێ کردنی دوایین بارودۆخی سنوورەکان بە تایبەت سنوورەکانی پیرانشار هەواڵی دا و ڕوونی کردەوە: ئەم کۆبوونەوە بڕیار وایە کە ڕۆژی شەممە (٢٢ی ڕەشەمە) لە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام بدرێت کە هیوادارم ئەنجامی باشی لێبکەوێتەوە و هەرچی زووتر بازاڕچە سنوورەییەکان لە هەموو ناوچە سنوورییەکانی وڵات بکرێنەوە کە چەندین مانگە داخرانی ئەم سنوورانە کێشەی جیدی بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچانە دروست کردوە.
ڕاپۆرت: عوسمان حەسەن زادە
وەرگێڕان لە فارسییەوە: هەواڵدەریی کوردپرێس
برچسب:
نویسنده: استخدام کار