بە پێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێ شەممه له لێدوانێکدا بۆ ڕۆیتێرز وتی: کوردی عێراق له هەوڵی خۆی بۆ دەستخستنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان دەستبەردار نابێت، بەڵام به مەبەستی ڕێگری له کێشمەکێش و شەڕ، ئەم کارە له ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و دەسەڵاتەکانی ناوچەکه پێش دەخات.
مەسعوود بارزانی زیادیشی کرد: پاش بەڕیوەچوونی ڕیفراندۆمی ڕۆژی 25 سێپتێمبێر، پلانی کاتی سەربەخۆیی جێی گۆڕانە و وەرچەرخانە، بەڵام ئەم وەرچەرخانه ڕاده و سنووری خۆی هەیه. ئەو چاوەڕوانیی ئەوه دەکات که هەموو گەلی کوردستان دەنگی "بەڵێ" بەم ڕیفراندۆمه بدەن.
له نێوخۆی عێراق گەلێ نیگەرانی سەبارەت بەو پرسە لە ئارادایە که ئامانجی ڕاستەقینەی شاراوە لەو دیوی ڕیفراندۆم، نەک جیابوونەوەی کوردستان له بەغدا، بەڵکوو چەسپاندنی ئیدعای کوردەکان به سەر ناوچه کێشه له سەرەکان، که لکاوه بە سنووره پەسەند کراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. لە کۆی ئەم ناوچانەدا دەشێ ئاماژه بکرێته سەر ناوچه و شاری دەوڵەمەندی نەوتیی کەرکووک که بۆ پتر له دەیەک دەچێت گفتوگۆکان سەبارەت به داهاتووی ئەم شاره بەردەوامە.
بارزانی که له کۆشکی سەرۆکایەتی هەرێم له سەلاحەدین بۆ ڕۆیتێرز دەدوا، وتی لەم ڕیفراندۆمەدا چارەنووسی شاری کەرکووک یەکلایی دەبێتەوه. هێزەکانی پێشمەرگەی کورد ساڵی 2014ی زایینی نەیانهێشت داعش کەرکووک داگیر بکات.
بارزانی به دڵنیاییەوه ڕوونی کردەوه: "دەبێ هەر بڕیارێک که لایەن خەڵکی کەرکووکەوه له چوارچێوەی ڕیفراندۆم دەدرێت، ڕێزی لێ بگیردرێت".
بارزانی وتی: پاش ڕیفراندۆم، دانوستان لەگەڵ بەغدا، وڵاتانی دراوسێ و دەسەڵاته جیهانییەکان بۆ دەستخستنی ڕێککەوتنێکی دۆستانه، دەست پێدەکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان که جلی نەریتی پێشمەرگەی لەبەر دابوو، جەختی کردەوه: ئامانجی سەرەکی ئێمه ڕاپەڕاندن و وەدی هێنانی بڕیاری خەڵکه، ئەویش له ڕێگەی دۆستانه و دانوستانەوه".
هەوڵی له مێژینەی کورد و بارزانی بۆ گەیشتن به سەربەخۆیی
بارزانی دەوڵەتی عێراقی بەوه تۆمەتبار کرد که پابەندی ڕێککەوتننامەی دەستووری دەوڵەتی فیدراڵ نەبووه که تێیدا ڕێگه به کورد دراوه هەتا بتوانێت له دەوڵەتێکی فێدڕاڵیدا مافێکی بەربڵاوتری هەبێت. دەوڵەتی نوێی عێراق پاش ڕووخانی سەدام حسێن له ساڵی 2003ی زایینی له سەر دەستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دامەزرا.
"ئێمه ماوەی چوارده ساڵه چاوەڕوان بووین و ئەم بەشدارییەمان خسته بەر تیشکی لێکدانەوه، بەڵام هەردەم پێیان وتووین ئێستا کاتێکی گونجاو نییه و ئەم کاتبەندییه جێی قبووڵ کردن نییه. ئێستا پرسیارێک که ئاراستەی دەکەم ئەوەیه که ئاخۆ کەی کاتی گونجاوه؟"
بارزانی که باوکیشی ڕێبەری شۆڕش له دژی دەوڵەتی بەغدا له دەیەکانی 1960 بۆ 1970 زایینی بوو، سەردەمی منداڵیی خۆی له وڵاتی ئێران و له تاراوەدا برده سەر، بەڵام لە هەرەتی مێرمنداڵیدا گەڕایەوه بۆ کوردستانی عێراق و تەڤڵی ڕێزەکانی پێشمەرگه بوو. خۆی دەڵێ کورد ئامادەیه ئەنجامی ڕیفراندۆمەکه قبووڵ بکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی: "ئێمه دەبێ مێژووی هەڵسوکەتی ناشیرین له دژی گەلەکەمان بگۆڕین و ئەوانەی وا دەڵێن سەربەخۆیی شتێکی باش نییه، لێیان دەپرسین: ئەگەر بۆ ئێمه باش نییه، ئەی چۆن بۆ ئێوه باشه؟"
بارزانی ئەو ئەگەر و نەگەرانەی وا سەربارەت به کەوتنەوەی توندئاژۆیی باسی لێوە دەکرێت، به هەند وەرنەگرت و داکۆکی کردەوه: "شەرعییەتی خەڵک زۆر له شەرعییەتی هەموو حیزبه سیاسییەکان یان هەر چەشنه دەستێوەردانێکی دەرەکی گرینگتره. به ڕای من کاتێک خەڵکی کوردستان بڕیار بۆ چارەنووسی خۆیان دەدەن، کەس ناتوانێ بەرگەی شەپۆلی به تەوژمی ئەوان بگرێت. ڕەنگه هەندێک هەوڵی شکست پێ هێنانی دەدەن. ... ئێمه هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینه گەڕ بۆ ئەوەی ڕێگه نەدەین وەها ڕووداوێک بکەوێتەوه".
ناوبراو وێرای ئاماژه بەوەی که دواخستنی سەربەخۆیی ناجێگیری و ناسەقامگیری زیاتری لێ دەکەوێتەوه، وتی: ئامادەی ڕەواندنەوەی نیگەرانی ئەمنیی عێراق، ئێران و تورکیایه.
بارزانی وتی: ئێمه سەلماندوومانه که هۆکاری ئۆقرەیی و سەقامگیرین. کەواته ئەوەی ئێمه له ڕێی ڕیفراندۆمەوه پێی هەڵدەستین، ڕێگری له ناسەقامگیری و بشێویی داهاتووه. ئێمه نیازمان وایه پێشگری بکەین له ئەگەری هەر چەشنه شەڕێک له داهاتوودا".
ناوبراو وێڕای ئاوردانەوە لە بابەتی گیان بەخت کردنی سەدان هێزی پێشمەرگه لە پێناو ئازادکردنەوەی خاکی نیشتمانەکەیان له بندەستی داعش، وتی: "وڵاتی کوردستان"ی ئێمە کەمینه نەتەوییەکانی وەک مەسیحییەکان، ئێزدییەکان و شەبەکەکان به تەواوەتی دەپارێزێت.
له کاتێکدا که شەڕ له پێناوی ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ له بندەستی داعش بەرەو کۆتایی مل دەنێت، بارزانی ڕوونی کردەوه: سەرکەوتن به بێ پلانێک بۆ ڕێککەوتن و سازشی سیاسی نوقسانه".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، عێراقی بەوه تۆمەتبار کرد که نەیتوانیوه پلانێکی سیاسی، ئەمنی و دەوڵەتی بۆ قۆناغی دوای ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئاماده بکات.
بارزانی جەختی لەوەش کردەوه: "من هۆشداری ئەوه دەدەم که ئەگەر وەها بەرنامەیەکتان نەبێت، هەموو شتێک خراپتر دەبێت".
بارزانی وتی: کۆمیتەیەکی باڵا بۆ هاوکاری کردنی پڕۆسەی ئاوەدان کردنەوەی شاری مووسڵ له لایەن ڕێبەرانی شارەکەوە، بە هاوبەشیی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتی بەغدا و هاوپەیمانێتی سەربازی به ڕێبەری ئەمریکا پێکهات کە تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی نەبووه.
ڕێبەری پارتی وتی: "ڕووخانی داعش له مووسڵ به مانای کۆتایی داعش نییه و من زۆر مەراقی بارودۆخی مووسڵ و مووسڵی پاش ئازادبوونەوەم. چوونکە ئەو هەلومەرجانەی وا داعشی ئاوقانی مووسڵ کرد، هێشتا وەک خۆیەتی".
بارزانی له کۆتاییدا جەختیشی کردەوه: من زۆر نیگەرانی داهاتووی ناوچەکەم. ئەگەرچی خۆزگه دەخوازم هەڵە بم".
کۆدی ههواڵنێر: 60109
برچسب:
نویسنده: استخدام کار