خرید بک لینک

کوردپرێس: بە هۆی بڕوا و ئاوڕدانەوەی تایبەتی پیاوانی ئایینی دینی زەردەشت بە کێوی بێستوون، ئەو کێوە ناوی لێ نرا "بەغستوون" بە واتای شوێن و پێگەی بەغ کە پاشان بە هۆی گۆڕانکاری لە وشەدا بە بۆنەی بەکار بردنی زۆرەوە بوو بە بەهستوون و لە ئەنجامیشدا بوو بە بێستوون، هەبوونی ئاو کە دروشم و سەمبولی پاکی و ڕووناکییە لە کێوەکەدا، بوو بە هۆکاری وەدیهاتنی کۆمەڵەیەکی بێوێنە لە ئاسەواری مێژوویی لەو ناوانە.

کۆمەڵەی مێژوویی بێستوون ئاسەواری سەردەمی بەردینەی ناوەندی تاکوو سەردەمی حکوومەتە ئیسلامییەکانی تێدایە.

یەکێک لە گەورەترین و بێوێنەترین بەڵگە مێژووییەکانی جیهان بەردەنووسی بێستوونە کە ناوبانگی جیهانی هەیە، ئەم ئاسەوارە یەکەمین دەقی مێژوویی ئێران و هی سەردەمی هەخامەنیشییەکانە کە لە ٣٠ کیلومەتری شاری کرماشان و لە شارستانی هەرسیندایە.

بەردەنووسی بێستوون لە پاڵداوێنی کێوی پەڕاو دروست کراوە و شرۆڤەیەک لە سەرکەوتنەکانی داریووشی گەورەیە بەسەر گێئۆماتی موغ و بە دیل گرتنی پاشا سەربزێوەکان کە بە سێ زمانی پارسی کۆنینە، عیلامی و بابلی نووسراوەتەوە.

دەقە پارسییەکەی بریتییە لە ٤١٤ دێڕ و ٥ ئەستوون و هەر ئەو نووسراوەیەش بوو بە کلیلی کرانەوەی ڕەمز و خوێندنەوەی خەتی کۆنی میخی لەلایەن "ڕاولینسۆن"ەوە.

هەندێک لە بەشەکانی ئەو بەردەنووسە لە درێژەی زەمەندا بە هۆی ڕووداوە سرووشتییەکان وەکوو با و باران سواون و لەناو چوون.

درێژایی بەردەنووسەکە ٦ مەتر و پاناییشی ٣ مەترە کە تێیدا داریووش خۆی و وڵاتی ژێر دەسەڵاتی خۆی ناساندووە و چیرۆکی ڕاپەڕینەکان و سەرکوت کردنیانی وتۆتەوە.

هەروەها لە ناویدا جەختی کردووە لەسەر ڕاستەقینە بوونی نووسراوەکە و بۆ پارێزەرانی ئەو نووسراوەیە دۆعای بەخێری کردووە و تووک و نەفرینی کردووە لەوەی زیانی پێ بگەیێنێت.

لە نەخشەکانی ئەم بەردەنووسە دەتوانین ئاماژە بکەین بە نەخشی ئەهوورامەزدا، داریووش، گێئۆمات، پاشا سەربزێوەکان و ... .

ئەم ئاسەوارە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە یونێسکۆ تۆماری جیهانی کرا.

لە ئاسەوارەکانی دیکەی بێستوون کۆمەڵەی فەرهادتاشە کە لە ڕۆژئاوای بەردەنووسی داریووشی یەکەمدا، دیوارەیەکی زۆر گەورە و داتاشراوە کە خەڵکی ناوچەکە فەرهادتاش یان تەختی فەرهادی پێ دەڵێن.

ئەم ئاسەوارە ٢٠٠ مەتر درێژایی و ٣٦ مەتر بەرزایی هەیە و لەسەر چۆنیەتی وەدیهێنانی سێ بیروڕا هەیە بە شێوەیەک کە هەندێک لە ئێرانناسەکان لەسەر ئەوڕایەن کە داریووش بە مەبەستی هەڵکەندنی وەسیەت نامەی خۆی فەرمانی چێکردنی داوە بەڵام هەندێکیش پێیان وایە بۆ هەڵکەندنی نەخشی سەرکەوتنەکانی داریووش ئامادە کراوە و دواهەمین دەستەش وەها بیر دەکەنەوە کە ئەو شوێنە کانگایەک بووە بۆ دەرهێنانی بەرد و بلۆکی بەردی بۆ بیناسازی ساسانییەکان.

لە وێژەی فارسیدا خولقاندنی ئەم بەرهەمە لە فەرهادەوەی دەزانن کە بە عەشقی شیرینی ڕوومییەوە هەڵیکەندووە.

پەیکەرەی هێرکوول نموونەیەکە لە دەستدرێژی ئەسکەندەر و دەسەڵاتی سولووکییەکان بەسەر ئێراندا، هێرکوول خودای شەڕی یوونانییەکان بووە و لە ساڵی ١٥٣ی پێش لە زایین پەیکەرەکەی لەوێدا دروست کراوە و لە ساڵی ١٣٢٧دا دۆزراوەتەوە.

پەیکەرەی ١٤٧ سانتیمەتری هێرکوول کەسێکی بەهێز پیشان دەدات کە لەسەر پاڵووی چەپی خۆیدا لەسەر شێرێک و لە ژێر سای دارێکدا حەساوەتەوە و پیاڵەیەک شەراب لە دەستی چەپیدایە و دەستی ڕاستیشی لەسەر لاقی ڕاستی داناوە.

هەروەها بەردە تاشراوەکانی ساسانیش لە پاڵداوێنی کێوی بێستوون دەبینرێن کە لە جنسی ئاهەکن و بە درێژایی ٧ کیلۆمەتر پرژ و بڵاو بوونەتەوە.

پێویستە ئاوڕ لەوەش بدەینەوە کە بێستوون تەنیا بە سەردەمی هەخامەنشی و ساسانی کۆتایی پێنایەت بەڵکوو مێژوویەکی زۆر کۆنتری هەیە و دۆزینەوەی ٤ ئەشکەوتی سەردەمی بەردینەی ناوەندی ئەو بابەتە دەسەلمێنێت.

ئەشکەوتی مەڕدوودەر بەرزترین ئەشکەوتی بێستوونە و ٢٠ مەتر قووڵایی و ١٧٠ مەتر پانتایی هەیە و چوونکە دوو دەرگانەی هەیە بە دوو دەر ناوی دەرکردووە، دەرگانەی ڕۆژهەڵاتی ئەشکەوتەکە بەهۆی داڕووخانی دیوارەی ئەشکەوتەکەوە وەدیهاتووە.

ئەشکەوتی خڕ یان مەڕەخڕ ئەشکەوتێکی زۆر قووڵە و لە بەرزایی ١٤٠٠ مەتر لە ئاست زەریایە و بەبۆنەی بێچمی دەرگانەکەیەوە کە خرت و گردە ئەو ناوەی لێنراوە.

ئەم ئەشکەوتەش ٢٧ مەتر درێژایی هەیە و لە ساڵی ١٩٦٥دا لەلایەن لێژنەیەکی کەنەدایی کەوتە بەر کەند و کۆڵ و ئاسەواری گرینگی سەردەمی بەردینەی ناوەندیی تێدا دۆزرایەوە.

ئەشکەوتی مەڕ تاریک لە باکووری ڕۆژئاوای پاڵداوێنی کێوەکەدایە و ٢٥ مەتر قووڵە و نزیک بە ٨٠ مەتر پانتایی هەیە و بە شێوەی داڵانێکی قووڵ و تەسکە و چوونکە داڵانی سەرەکی ئەشکەوتەکە تاریکە مەڕە تاریکی پێ دەڵێن.

ئەم ئەشکەوتە لە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن لێژنەیەکی هاوبەشی ئێران و فەڕەنسا کەوتە بەر کۆڵینەوە و ئێسقانی مرۆڤی نێئاندێرتاڵی تێدا دۆزرایەوە. ئەم ئەشکەوتە و ئەشکەوتی مەڕدوودەریش لە ساڵی ١٣٦٥ لەلایەن فەرەیدوون بیگلەرییەوە دۆزرابوونەوە و کەوتبوونە بەر توێژینەوە.

ئەشکەوتی شکارچیان، لە سەرەوەی پەیکەری هێرکوولدایە و وەکوو حەشارگەیەک بۆ ڕاوچیان کەڵکی لێوەرگیراوە و لاشەی ڕاوەکەیان لەوێ بۆ گواستنەوە ئامادە کردووە.

ئەشکەوتی شکارچیان ٣٥ مەتر پانتایی هەیە و لە ساڵی ١٩٤٩دا هەندێک کۆڵینەوەی لەسەر ئەنجام درا و ئێسقانی مرۆڤی نێئاندێرتاڵی لێ دۆزرایەوە.

دەسکەوتی نێو ئەم ئەشکەوتانە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆنینەناسەکان بتوانن گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، جۆری گیا و گیانلەبەری ناوچەکە لە سەردەمی بەردینەوە تاکوو ئێستا بخەنە بەر کۆڵینەوە.

سەراوی بێستوونیش شوێنێک بووە بۆ وچان و پشووی ئەو کاروانانەی لەوێوە هاتووچۆیان کردووە.

هەبوونی ئاسەواری مێژوویی زۆر لە دەوروبەری ئەم سەراوە و ڕاکێشەریی جۆراوجۆری سرووشتی و ڕابواردن بۆتە هۆی ئەوەی سەراوی بێستوون ببێتە یەکێک لە جوانترین سەراوەکانی ئێران.

برچسب: نویسنده: استخدام کار تاريخ: دوشنبه 24 اسفند 1394 ساعت: 3:14

صفحه بندی