بە پێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە دیدار لە گەڵ شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بە ئاماژە بە پرسی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان وتی: ئەگەرچی مومکینە ڕیفراندۆم بە ڕواڵەت سەرنج ڕاکێش بێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی تەریکبوون و گوشار بۆ سەر کوردەکانی عێراق و لاوازبوونی کوردستان و کۆی وڵاتی عێراق.
شەمخانی لەم دیدارە لە گەڵ شاندی یەکێتی نیشتمانی کە پێکهاتبوو لە کۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەکەمی جەلال تاڵەبانی، مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، عومەر فەتاح، مەحموود سەنگاوی و خوسرەو گوڵ محەمەد ئەندامانی مەکتەب سیاسیی یەکێتی نیشتمانی و نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، سەرکەوتنی بە سەر داعش و ئازادکردنەوەی مووسڵ وەک مزگێنیی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراقێکی یەکپارچە و بەزاندنی هەوڵی ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکیی دوژمنانی بەیانی لە پێناو دابەشکردنی عێراق زانی.
نوێنەری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەو دیدارە وتیشی: عێراقی هێمن، سەقامگرتوو و یەکگرتوو دابین کەری ئاسایشی پاوەجێ و پێشکەوتنی ئەو وڵاتەیە و سەرجەم وڵاتانی دۆست و خێرخوازی عێراق دەبێ پشتیوانی لەو هەڵوێستە بکەن.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە: پێوشوێنی گرتنی پرسی ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە و دابەشکردنی گەلی عێراق بە هۆی پەراوێزی بوون و هاوتەریب نەبوونی لە گەڵ یەکەمایەتی و پێدوایستییە سەرەکییەکانی خەڵکی، بە پێچەوانەی تەگبیر و سیاسەتی بەرپرسانی عێراقییە.
عەلی شەمخانی ئاماژەی بەوەشکرد: ئامانجی هەندێک وڵات لاوازکردنی عێراق و هەندێک وڵاتی گەورەی دیکەیە لە رۆژئاوای ئاسیا. ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ جیابوونەوە لە عێراق و وەڵامدەرنەبوون لەبەرامبەر داواکاری و پێویستییەکانی خەڵک لەگەڵ سیاسەت و عەقڵانییەتی بەرپرسانی عێراق یەک ناگرێتەوە.
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتیشی: ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ گەل، حیزب و گرووپە عێراقییەکان ئارەزووی دەکات، ئاسایش، گەشەی ئابووری و ئاسوودەییە کە وەدی هاتنی دەبێتە لەمپەرێکی گرینگ لە بەردەم چالاکیی پەرەسەندنی گرووپە تیرۆریستییەکان.
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەو دیدارەدا، وێرای ئاراستەکردنی ڕاپۆرتێک لە دوا بارودۆخی گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە و ئاماژە بە پێگەی ئێران لە پشتیوانی کردنی خەڵکی کوردی عێراق، جەختی لەوە کردەوە: پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی دیرۆکی و شارستانییە و هەرێمی کوردستان بە دۆستایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران شانازی دەکات.
کۆسرەت ڕەسووڵ وتیشی: لە کاتێکدا کە تیرۆریستانی داعش لە دەروازەکانی هەولێر نزیک دەبوونەوە، تاقە وڵاتێک کە لە پەنای گەلی کورد وێرای بەرەنگاربوونەوەی جیدیی داعش، لە سەرهەڵدانی کارەساتێکی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان پێشگری کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
کۆدی ههواڵنێر: 60106
کۆدی بابهت: 76518 | بهروار: ۱۳۹۶/۴/۲۷ | کاتژمێر: 0 : 44
برچسب:
نویسنده: استخدام کار