حەسەن ڕەحیمیان ئەندامی بنکەی فەرهەنگیی هیوا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لە بارەی چالاکییەکانی بنکەی هیواوە ڕایگەیاند: ئەو بنکە فەرهەنگییە تا ئێستا زۆر چالاکیی نواندووە و بەرنامەی فەرهەنگیی چاکیشمان پێیە بۆ داهاتوو.
ناوبراو هەندێک لە چالاکییەکانی ئەو ئەنجومەنە بەم شێوازە ڕادەگەیەنێت: هەندێکیان بریتین لە: دامەزراندنی کتێبخانەی نەشمیلان بەزیاتر لە 9هەزار بەرگ کتێبەوە و زیاتر لە 220 ئەندام، بڵاوکردنەوەی کتێب بەسەر چەند قوتابخانەدا لەوانە: داراوێ، بسام، بۆبەکتان، زەڕینە، ساحێب و.... و لە ناوشاریشدا چەند قوتابخانەی دواناوەندی وەکوو ئیمام خومەینی و پەروین ئیعتسامی و...، تێکۆشانی بەربڵاو بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگی خوێندن و خوێندنەوە، پێوەندی گرتن لە گەڵ کەسایەتییە چالاکەکان لەم بوارەدا لە کورد و فارس، بەڕێوەبردنی کارگەیێکی دوو ڕۆژە بۆ ڕاهێنانی زیاتر لە پەنجا کەس لە مامۆستایانی بیرکاریی قۆناغی سەرەتایی، ڕۆژانی 1٦و17ی مانگی ئاخری هاوین بڕێوە بردنی کۆڕبەندی کتێبخانە گشتییەکانی ڕۆژاوای ئێران لەشاری سەقز.
ڕەحیمیان ئەوەشی زیاد کرد: قوتابخانەیێک بۆ منداڵانی ئاوایی قشڵاخی پرد بە یارمەتیی خێرخوازێکی بەڕێز دەستی پێکردووە کە تا ئێستا تەواو نەبووە و کتێبخانەیێکیشی تێدا لەبەرچاو گیراوە.
ئەنجومەنی هیوای زانست ماوەی زیاتر لە ساڵێکە دەستی بەکار کردووە و ئەندامانی بەڕێوەبەری ئەنجومەن بریتین لە :ئازادئەمینی، زاهید مورادی،حەسەن ڕەحیمیان ، ڕەحیم حسەینی، عەزیز مەرزی و هادی ئەحمەدی.
ئەندامی بنکەی فەرهەنگیی هیوای زانست لەبارەی کێشەکانی چالاکی نواندی ئەو بنکە فەرهەنگییەوە دەریبڕی:
بەگشتی لەوڵاتی ئێمەدا و بەتایبەت لە ناوچەی ئێمەدا هەم بنەماڵەکان و هەم دەوڵەت بایەخێکی زۆربە فەرهەنگ و کتێب نادەن و لەبەرنامەی ڕۆتینی ژیاندا جێگایێکی لاوازی هەیە. ئێمە پێویستمان بە جێگا و شوێنی شیاو هەیە بۆ ئەوەی لە شوێنە جۆربەجۆرەکانی ناوشار و دێهاتەکان کتێبخانە دابنێین بەداخەوە تا ئێستا پێشوازییێکی ئەوتۆ نەکراوە و لام وایە ئەبێ هەموو دڵسۆزان و ڕۆشنبیران و کاربەدەستان بۆ وشیار کردنەوەی کۆمەڵگا تێبکۆشن بەڵکوو چۆن بۆ دروست کردنی مزگەوت تێچوویێکی بەرچاو سەرف ئەکەن و هەموومان پێمان خۆشە ئاواش بۆ دروست کردنی قوتابخانە وکتێبخانە تێبکۆشن.
ڕەحیمیان لە بارەی چارەسەری کێشەی ڕێژەی کەمی خوێندنەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی راگەیاند: لە هەر کۆمەڵگایێکدا چینی مام ناوەند و نەخوێندەواریش زۆرترە. ئەبێ لە سەرەتای منداڵییەوە منداڵەکانمان وا ڕابێنین کە وا هەست بکەن خوێندنەوە یەکێک لە پێداویستییەکانی ژیانیانە. مامۆستایانی قوتابخانە قوتاییەکانیان هان بدەن بۆ خوێندنەوە ، کتێبخانەی قوتابخانەکان ئەبێ سەرلەنوێ بەکتێبی باش نۆژەن بکرێنەوە. پێشانگای کتێب بەدوور لە سانسۆر لە شوێنە جیاوازەکاندا دابنرێ
وەکوو نەریتێ لە جێژن و بۆنە تایبەتەکاندا بەجێگەی شتومەکی جواروجۆر کتێب بکرێتە دیاری بۆ خۆشەویستانمان.
ناوبراو لە کۆتاییدا سەبارەت بە بەرنامەکانی ئەو بنکە فەرهەنگییە بۆ داهاتووش ڕایگەیاند: ئەنجومەنی هیوای زانست لەسەربەرنامە و کارەکانی پێشووی بەردەوام دەبێ و لەوانەش بەهیواین لە هەر شوێنێکی کوردستان ئەگەر یارمەتی بدرێین کتێبخانەیێکی خنجیلانە بکەینە دیاری بۆ خەڵکی خۆشەویستمان و لە دروست کردنی قوتابخانەش بەردەوام دەبین بە هیمەتی هەموو گەلی خۆمان و لەگەڵ ئەوەشدا بە چالاکیی جۆراوجۆر و بەڕێوەبردنی کۆڕ و کوبوونەوە و... تێدەکۆشین بۆ ئەوەی ئاستی زانستی خەڵکی وڵاتمان سەرخەین.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
کۆدی بابهت: 77049 | بهروار: ۱۳۹۶/۵/۶ | کاتژمێر: 13 : 22
برچسب:
نویسنده: استخدام کار