بهشی عێراق و ههرێمی کوردستان- رووماڵکردنی سەنگەرەکانی پێشەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میدیاکانی ههرێمی کوردستان قەدەخە کراوه، و بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش ئهوه بۆ هۆکاری ئهمنی دهگهڕینێتهوه و دهڵێت:" ئەو بڕیارە بۆ سەلامەتی گیانی پێشمەرگەکانە".
بهپێی ههواڵی کوردپرێس لە سەر راسپاردەی مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان رووماڵکردنی سەنگەرەکانی پێشەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە میدیاکان قەدەخە کراوه.
ههر لرم پێوهندییهدا فەریق جەبار یاوەر، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی پاراستنی هەرێمی کوردستان بە "تۆڕی میدیایی رووداو"ی راگەیاند: "دەمێکە رووماڵ و وێنەگرتنی سەنگەرەکانی پێشەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە میدیاکان قەدەخە کراوە، هەر کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی یان فەرماندەیەکی پێشمەرگەش ئەو کارە بکات پێچەوانەی فەرمان و راسپاردەکان دەکات، چونکە بۆ سەلامەتی گیانی پێشمەرگە قارەمانەکان و دەرنەچوونی زانیاری لە سەر ساتیر و سەنگەرەکانی پێشمەرگە رووماڵکردنمان قەدەخە کردووە".
فەریق جەبار یاوەر گوتی:" دەمێکە ڕاسپاردەی بارزانی لەو بارەیەوە هەیە و ئێمەش وەکوو وەزارەتی پێشمەرگە راسپاردە و بڕیارەکانی جەنابیان جێبەجێ دەکەین بۆ ئەوەی سەنگەرەکانمان سەلامەت بێت، چونکە ئەوەی لە میدیاکان دەبیندرا بەڕاستی گواستنەوەی زانیاری بوو بۆ دووژمن، ئەوەی لە کەناڵەکان دەگواسترایەوە کارئاسانی بۆ دووژمن کردبوو کە پێویستی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان نەبێت تاوەکوو سەنگەرەکانی پێشمەرگە وێنە بگرێت".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەیە زیادیشی کرد: کە لێدوان و قسەکردنیش بۆ میدیاکان لەلایەن پێشمەرگە و فەرماندەکان قەدەخەکراوە.
کۆدی بابهت: 54249 | بهروار: ۱۳۹۴/۱۲/۲۵ | کاتژمێر: 13 : 1
برچسب:
نویسنده: استخدام کار