به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس لە ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردەدا کە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوی کردۆته‌وه ، ھاتووە: ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (22/2/2016)ی زایینی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، لەگەڵ دوکتۆر پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەت و سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و ھەردوو بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەکانی ھەولێر و سلێمانی کۆ بوونەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ھاتووە: مەبەستی کۆبوونەوەکە گەیاندنی پەیامی مامۆستایان بە سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێم و دۆزینه‌وه‌ی چارەسه‌ر بۆ ئەو گرفتانە بوو کە لە ماوەی ڕابردوودا بوونە ھۆی بایکۆتکردنی خوێندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان.
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له ڕاگه‌یێندراوه‌که‌یدا ده‌ڵێت: دووبارە دڵنیایی درایەوە بە مامۆستایان کە ئەم دۆخە بەردەوام نابێت و تێدەپەڕێت، "گرینگ ئەوەیە منداڵان لەوە زیاتر زەرەرمەند نەبن و بتوانن ئاسوودە وانەکانیان بخوێنن و ئەزموونەکانیان ئەنجام بدەن".
بەپێی ھەمان ڕاگەیێندراو، ئەنجامی ئەرێنی ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری پەروەردە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت دەکرێتەوە:
یەکەم: بەم نزیکانە و لەم چەند ڕۆژەی داھاتوودا، "وادەی دابەشکردن"ی نیوەمووچەی مانگی (9/2015)ی زایینی دیاری دەکرێت.
دووەم: پێداچوونەوە بە خشتەی مووچەی فەرمانبەران بە گشتی دەکرێت و ناھێڵدرێت فەرمانبەر زەرەرمەند بێت.
سێیەم: زەوی یا کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان دابین دەکرێت.
چوارەم: بڕوانامەکانی "کۆلێژی کراوە" کە ژمارەیان نزیکەی (500) بڕوانامەیە، پەسه‌ند ده‌کرێن و دانیان پێدا ده‌نرێت.
ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده له کاتێکدایه که به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ڕایگەیاند: له کۆبونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ بەرپرسانی حکوومەت "هیچ بڕیارێک له‌باره‌ی مووچه‌ی مامۆستایانه‌وه نه‌دراوە".
دڵشاد عومەر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به تۆڕی میدیای گۆڕان ڕایگه‌یاندووه که کۆبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم و یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان له‌باره‌ی مووچه‌وه بێ هیچ بڕیارێک کۆتایی هات و له کۆبونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی دووشه‌مه‌دا هیچ به‌ڵێنێک بۆ پێداچوونه‌وه به خشته‌ی مووچه‌ی مامۆستایان نه‌دراوه.
هاوکات زیادیشیکردووه:" له کۆبونه‌وه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا پێیانڕاگه‌یاندین که رۆژی پێنجشه‌ممه واده‌یه‌ک بۆ دابه‌شکردنی نیومووچه‌ی مامۆستایان دیاری ده‌کرێت".
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕەخنەی لە بەیاننامەکەی دوێنێی لقی سلێمانی یه‌کێتی مامۆستایان گرت و وتی: "بەیاننامەکەیان له پێناوی هیچدا نووسراوه، له هه‌مان کاتیش‌دا هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بوو، جگه له‌وه‌ش ده‌رکردنی بڕیار ده‌بێت به ته‌وافوق بێت نه‌وه‌ک به‌بێ پرسی لایه‌نه‌کانی دیکە".
کۆدی بابه‌ت: 53372 | بهروار: ۱۳۹۴/۱۲/۴ | کاتژمێر: 15 : 32
- - , .
برچسب:
نویسنده: استخدام کار