خرید بک لینک

کوردپرێس: ئەم ئەشکەوتە سەرنج ڕاکێشە کە لە دوای ئەشکەوتی عەلی سەدری هەمەدان دووهەم ئەشکەوتی ئاوی ئێرانە، لە ساڵی ١٣٧٩ وەکوو شوێنەوارێکی سروشتی تۆمار کرا و چووە ناو ڕیزی کۆمەڵە ناوچە پارێزراوەکانی ڕیکخراوی ژینگە پارێزی وڵات.

تایبەتمەندییە ناوچەییەکانی ئەشکەوتی سەهۆڵان

ئەم ئەشکەوتە خاوەن گۆلێکی گەورە و دالانی پێکەوە لکاو بە ئاوێکی زوڵاڵ، مام ناوەندی قووڵایی ئاوەکە ١١ مەتر، پانتایی ٢ مەتر و درێژایی ٢٥٠ مەترە. بوونی ئێستالاکتیکی ئاهەکی دیمەنێکی تایبەتی بە ئەشکەوتەکە بەخشیوە.

ڕووبەری ناوەوەی ئەشکەوتی سەهۆڵان نزیک ٦٠٠ مەتری چوارگۆشە و ناوەوەی بەردی ئاهەکین. بەرزایی بنمیچی ئەشکەوتەکە تا سەر ئاوەکە ٥٠ مەترە و قووڵایی ئاوەکە لە هەندێک شوێن دەگاتە ٣٢ مەتر. جیاوای پلەی گەرما لە دەرەوە و ناوەوەی ئەشکەوتەکە تا ١٠ بۆ ١٥ پلەی سیلیزی دەچێت.

خۆشی و سەرنج ڕاکێشی ئەشکەوتەکە و شینایی دۆڵی سەهۆڵان، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بۆ ئەم ناوجەیە رادەکێشێت. بە هۆی نەبوونی تیشکی خۆر هیچ جۆرە گیایەک لە ناو ئەم ئەشکەوتەدا ناڕوێت.

شوێنەواری سروشتی نیشتمانی ئەشکەوتی سەهۆڵان کە زیاتر لە ٢ هێکتار لە خۆ دەگرێت بە "کونە کۆتر"یش ناسراوە. بەر لەوەی کە شارەوانی مەهاباد ئەم ناوچەیە بکاتە شوێنێکی گەشتیاری و کاتێک کە ئەشکەوتەکە حاڵەتی سروشتی خۆی راگرتبوو ناوەوەی ئەشکەوتەکە هێلانەی شەمشەمە کوێرە و کۆتر بوو کە بە جریوەیان دەنگ بێ دەنگی ئەشکەوتەکایان دەشکاند و بە خێرایی لە ئەشکەوتەکە دەهاتنە دەرەوە و دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشی دیکەیان دروست دەکرد.

گەشتیاران و سەردانکەرانی ئەشکەوتەکە دەبێ لە تەنیشت گوندی عیساکەندەوە تێپەڕ بن بۆ ئەوەی بگەنە ئەشکەوت و گوندی سەهۆڵان.

تایبەتمەندییە مێژوویەکانی ئەشکەوتی سەهۆڵان

خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری سەهۆڵان باس لە گۆڕگەلێک دەکەن کە ساڵەها حەشارەگەی ئەم خەڵکە لە کاتی هێرشی دوژمنان بوون و ئێساش شوێنەوارێکی ئەوتۆ لەو گۆڕانە کە گوایە لە بەشە وشکەکەی ئەم ئەشکەوتەدا هەڵکەوتوون نەماوەتەوە.

لە دەوروبەری گوندی سەهۆڵان کە بە سەر ئەم ئەشکەوتەدا دەڕوانێت شوێنەواری مێژوویی وەکوو گۆزە، سفاڵی کۆنی سەردەمی ئەشکانی و ئیلخانی دۆزراونەتەوەکە نیشانی کۆن بوونی نیشتەجێبوون لەم ناوچەیەیە.

لەو شوێنەی کە بەشی ئاوی بە بەشی وشکی دەگات لێژاییەکی بەرچاو هەیە کە لە کۆتایی ئەم لێژاییەدا کونێکی تەسک بە قووڵایی ٢٠ تا ٣٠ مەتر هەڵکەنراوە کە بە رای پسپۆڕان سەردەمانێک ڕێگایەکی ون لە نیوان قەڵای سەر کێوەکە و ناوەوەی ئەشکەوتەکە بووە کە بە هۆی جوڵەی زەوی گیراون، دوای ئەوەش دانیشتوانی ناو ئەشکەوتەکە ویستویانە بە دروست کردنی ئەم کونە دیسان ئەم ڕێگایە بکەنەوە بەڵام بە هۆی کەمی ئۆکسیژێن و نەبوونی کەرەستەی پێویست لەم کارەدا سەرکەوتوو نەبوون.

سەبارەت بە قەڵای سەر کێوەکەش دەبێ بڵێین ئێستاش دیوارە بەردینەکانی قەڵاکە هەر ماون و لە تەنیشت ئەم قەڵا بەردینەوە، شوێنەواری بوونی قەڵایەکی دیکەش هەن کە کەرەستەی بە کارهاتوو تێیدا لە جۆری گڵی ناوچەکەن و بە تەواوی لە قوڕ ساز کراون کە ئێستا شتێکی وایان لێ نەماوەتەوە.

بە هۆی هەڵکەوتەی قەڵاکە کە لە سەر کێوەکەیە، دەوروبەری قەڵاکە و قەلای چەکچ لە ڕۆژئاوای گوندەکە و هەروەها قەڵای سارم بەگ لە ڕۆژهەڵاتی شاری مەهاباد دیارن. سەردەمانێک کە مەراغە پێتەختی ئیلخانەکانی مەغول بووە لە بواری سەربازییەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەوە گرینگی پێدراوە.

لە مێژووی کوردەکاندا هیچ نیشانەیەک لە ئەشکەوتی سەهۆڵان بەدی ناکرێت

بە ئاورذانەوە لە شێعری شاعێرانی کورد و ئێرانی لە کۆنەوە هیچ ناوێک لەم ئەشکەوتە نەبراوە. لێکۆڵینەوەی ئەشکەوتنشینان نیشان دەدات کە ئەم ئەشکەوتە بە هۆی چالاکی زەوی ناسییەوە بۆ کۆتاییەکانی چاخی کەرتاسە واتە بۆ ٧٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئەم ئەشکەوتە سەد ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ژاک دێمۆرگانی فەڕەنسییەوە پشکنین و لێکۆڵینەوەی بۆ کرا. دوای ئەوەش لە ساڵانی شەڕی جیهانی دووهەمیشدا لە لایەن تیمێکی بەریتانییەوە لێکۆڵینەوەی لە سەر کرا و لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٧٣شدا لە لایەن ئەشکەوت ناسانی ئێرانەوە ناسرا.

ئەشکەوتی سەهۆڵان هەزاران گەشتیار وەردەگرێت

دوای ئەوەی کە ئەشکەوتی سەهۆڵان لە ساڵی ١٣٧٦دا کرایەوە، خرایە بە دەستی شارەوانی مەهاباد بۆ ئەوەی کە ئەم ئەشکەوتە بکات بە شوێنێکی گەشتیاری. ئەم ئەشکەوتە لە ئێستادا لە لایەن کۆمپانیای هاوکاری گەشتیاری ئەشکەوتی سەهۆڵان و شارەوانی مەهابادەوە بەڕێوە دەبرێت.

سالانە زیاتر لە ١٥٠ هەزار گەشتیاری ئێرانی و بیانی سەردانی ئەم شوێنە دەکەن.

شیاوی ئاماژەیە کە دوای ئەوەی کە داڵانی ئەشکەوتە تێپەڕ دەکەیت دوای پێوانی مەودایەکی کورت دەگەیە دەریاچەی ئەشکەوتەکە کە بە سواربوونی بەلەم و گەڕان لە ناویدا دەتوانی چێژ لە دیمەنە جوانەکانی ئەشکەوتەکە ببەیت.

برچسب: نویسنده: استخدام کار تاريخ: جمعه 28 اسفند 1394 ساعت: 19:06

صفحه بندی