بەپێی هەواڵێ کوردپرێس، پێشانگای هەوارگە رۆژی یەکشەممە (١ی نەورۆز) بە پێشکەش کردنی شانۆیکی ڕاستەخۆی نەریتی بە ناوی "کۆزە بە داس" لە هۆڵی تەلاری وەحدەتی شاری مەهاباددا کرایەوە.
ئەم پێشانگایە خاوەن ژووری کتێب، گژوگیای تایبەت بە دەوا و دەرمان، پاراستنی ژینگە، کشتوکاڵ، مۆسیقا، جلی فۆلکلۆر، دابونەریت، چێشتی خۆماڵی، شێعر و وێژە ... هتد.
پۆڵا ئاغاز بەرپرسی پێشانگای هەوارگە لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا وێڕای پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ و بەخێرهێنانی میوانان وتی: گرنگی بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی دابونەریتی کۆنە چونکا لەبەرچاو نەگرتنی دابونەریتی خۆماڵی و فۆلکلۆر لەناوچوونی گەلان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
وتیشی: هەوارگە بۆ پێشوازی لە میوانانی نەورۆز و ئاشناکردنی گەنجان لەگەڵ دابونەریتی کۆنی کوردەواری و مێژووی دەوڵەمەندی ئەم نیشتمانە کراوەتەوە.
هەروەها سەیید رەسووڵ نەبەوی بەرپرسی بەشی فەرهەنگی شوڕای ئیسلامی شاری مەهاباد وێڕای پێرۆزبایی هاتنی نەورۆز و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرانی پێشانگاکە، وتی: ئامانجی ئەم پێشانگایە پاراستنی دابونەریتەکانە. لە هەر شوێنێک کە بنچینەی ئاکار و مرۆڤایەتی بەرەو نەمان چووبێت بە دڵنیاییەوە فەرهەنگی نەتەوەیی ئەو نیشتیمانەش لەبیر کراوە.
ئەو هەروەها ڕایگەیاند: جێی خۆشحاڵییە کە تاکوو ئێستا توانیومانە دابونەریتی نەتەوەیی و فۆلکلۆری خۆمان بپارێزین و لە پێناو بەهێزترکردنی ئەم بابەتەدا پێویستیمان بە پشتیوانی زۆرتری شۆڕای شار و شارەوانی بۆ بەڕێوەبردنی پێشانگای وا هەیە.
عەزیز وەلیانی نووسەر، نەورۆزی وەکوو هێمای ژیانێکی نوێ پێناسە کرد و وتی: باس کردن لە فۆلکلۆر بۆ گەنجان دەبێت بە وریاییەوە ئەنجام بدرێت. چونکە کاتێک باس لە فۆلکلۆر دەکرێت گەنجان هەست بە ڕابردوویەکی بەدەر لە هزر و بێ بنەما بوون، دەکەن. بەداخەوە ئەم تێڕوانینە تا ڕادەیەک راستە، چونکە تاکوو ئێستا بۆ ناساندنی فەرهەنگ و دابونەریتەکانمان لە رێکاری زانستی و شیاو کەڵکمان وەرنەگرتووە.
وتیشی: بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی بەیت خوێندنی سەیدوان لە لایەن فێرگەی وەفایی، زۆر کارێکی شیاو و لە جێگای خۆی بووە، لە ڕاستیدا بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی لەم چەشنە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی و گرنگی بۆ هاندانی گەنجان و ئاشنابوونیان لەگەڵ فۆلکلۆر و زمانی دایکی خۆیاندا هەبێت.
لەم ڕێوڕەسمەدا بەهمەن مەولوودی بە پێشکەش کردنی مۆسیقای شمشاڵ و زاهێر ئۆلفەتە بە لێدانی ڤیۆلۆن کەشێکی هونەریان بە کۆڕەکە بەخشی. لە کۆتاییدا گرووپی هەڵپەڕکێی لاوانی مەهاباد چەندین جۆری هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد.
ئەم پێشانگایە بۆ ماوەی ٧ رۆژ بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، شۆڕای شار، شارەوانی، ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی، پیشەی دەستی و گەشتیاری، ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد، ئامادەی میوانداری لە هۆگرانی فەرهەنگ و دابونەریتی کوردەوارییە.
برچسب:
نویسنده: استخدام کار