بە پێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامی نەورۆزی خۆیدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی تورکیا دەربڕی.
لە پەیامەکەی بارزانیدا سەبارەت بە بارودۆخی تورکیادا هاتوە: زۆر نیگەرانی قووڵبوونەوە و ئاڵۆزتربوونی کێشەکان لە تورکیام و بۆ پێشگرتن لە ڕوودانی کارەساتی گەورە و شەڕی ئیتنیکی، هیوادارم شەڕ و خوێنڕێژی کۆتایی پێبێت و کێشەکانی ئێستا قووڵتر نەبنەوە و پەرە نەستێنن.
بارزانی، پێشنیاری جێبەجێکردنی سیستەمی فیدراڵی بۆ سووریای دا و سەرەڕای جەخت کردن لە سەر ئەوەی کە ئەم سیستەمە، گونجاوترین بژاردە بۆ داهاتووی سووریایە، ڕێککەوتنی هەموو پارت و لایەنە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینیەکانی لە سەر ئەم بابەتە بە پێویست زانی.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان دا و وێڕای دەستنیشان کردنی هۆکارەکانی قەیرانی دارایی کە بە وتەی ناوبراو بڕینی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغدا، دابەزینی نرخی نەوت، بوونی کێشە لە ناو سیستەمی ئیداری هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێم لە گەڵ شەپۆلی ئاوارەکان و گوشاری ئابووری بە هۆی ئەم لێشاوەی هاتنی ئاوارەکان، جەختی کردووە کە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوانە ئەم قۆناغە تێپەڕ دەکەن و کۆتایی بەم بارودۆخەی ئێستا دێنن.
ناوبراو لەمەڕ قەیرانی سیاسی کە بە هۆی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، وێڕای ڕەخنە لە پارت و لایەنە سیاسییەکان کە نەیانتوانیوە چارەسەرییەک بۆ ئەم بابەتە بە پێی سێ پشێنیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دیاریکردنی سەرۆکی هەرێم، دیاری کردنی کەسێک بۆ ئەم پۆستە بە پێی ئیتفاق و ڕێککەوتن و یان خود مانەوەی بارودۆخی هەنووکەیی و مانەوەی خۆی لە سەر ئەم پۆستە تا ساڵی ٢٠١٧ و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بدۆزنەوە، جەختی لە سەر ئەم پێشنیارانە کردەوە و بە بێ ئەوەی ناوی کەس یان خود لایەنێک ببات، هەندێک لە پارت و لایەنەکانی بە خۆبواردن لە ڕاستییەکان تۆمەتبار کرد.
بارزانی هەروەها جەختیشی کرد کە ڕێکەوتن سەبارەت بە دامەزرانی دەوڵەت و دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکان کۆتایی پێهاتوە و دەبێ زوو دەوڵەتێکی نوێ دابمەزرێت و شاندێکی سەرۆکایەتی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامانجەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی ئاشتیخوازانە وەسف کرد و جەختی کردەوە کە هەوڵێکی لەم چەشنە بە هیچ شێوەیەک مەترسی بۆ سەر هیچ کەس نابێت و دەیانەوێت بە شێوەی ئاشتیخوازانە و بە پێی ڕێککەوتن و دوور لە توندوتیژی سەبارەت بەم بابەتە لە گەڵ بەغدا گفتوگۆی جیدی بکەن و ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوە.
ناوبراو ئەوانەی کە لە ناو هەرێم سەربەخۆیی وەک هەڕەشە سەیر دەکەن بە تێکدەرانی ئاسایشی هەرێم تۆمەتبار کرد و هەروەها سەبارەت بەو کەس و لایەنانەی کە دەڵێن هێشتا کاتی سەربەخۆیی نەهاتوە، وتی کە ئەوان هیچ بەشێکیان لە شانازی ئەنجام دانی ئەم ئەرکە نیشتمانیەدا نابێت و هیچ بەرپرسیارەتییەکیشیان سەبارەت بە ئەنجام و پاشهاتەکانی نابێت.
برچسب:
نویسنده: استخدام کار