بە پێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار؛ دوکتۆر حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی سێشەممە لە دانیشتنێکدا لە گەڵ بەڕێوەبەرانی ناوچە ئازادە سنوورییەکان، کەمکردنەوەی خەسارە ئابوورییەکان و بە هێز کردنی بۆ خۆڕاگری لە ڕەوشی نالەبار و دژواری بە بنەماکانی ئابووری خۆڕاگرانە وەسف کرد و وتی: یەکێک لە بەشە گرینگەکانی سیاسەتی ئابووری خۆڕاگرانە، سازانی پێکهێنەر لە گەڵ جیهانە و ئاراستەی دەوڵەتی یازدەهەم لە مانگی جۆزەردانی ٩٢ ئابووری خۆڕاگرانە بووە و دەشبێت.
سەرۆک کۆمار دابەزاندنی دەرەوەستی بە داهاتەکانی نەوت، بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەی کاڵای نانەوتی و هاوسەنگی ئیجابی لە نێوان هەناردە کردن و هاوردە کردن، دابەزاندنی هەڵامسان، پێکهێنانی سەقامگیری و پاوەجێی ئابووری. بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردەکردن و متمانەبەخۆبوون لە گەڵ بە کردەیی کردنی بەڵێنەکانی بە بەشێک لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی یازدەهەم زانی و وتی: هەموو ئەوانە ئەو خاڵانەن کە لە چوارچێوەی ئابووری خۆراگرانەدا جەخت و پێداگریان لە سەر دەکرێت.
دوکتور ڕۆحانی ساڵی ١٣٩٥ی بە ساڵی جوڵەکردن، هیوا و هەوڵی زیاتر بۆ گەشەسەندنی ئابووری و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئابووری خۆراگرانە وەسف کرد و وتی: ناوجە سنوورییە ئازادەکان دەبێ لە بواری جێبەجێکردنی سیاسەتی ئابووری خۆڕاگرانە پێشەنگ بن.
سەرۆک کۆمار زیادیشی کرد: بەرەوپێشبردن و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئابووری خۆڕاگرانە لە ناوچە ئازادەکان بە واتەی ڕاکێشانی سەرمایە، تەکنۆلۆژیا و وەبەرهێنان و هەناردە کردنی زیاترە.
سەرۆکی ئەنجومەنی دارایی ئێران بە شیکردنەوەی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەتی یازدەهەم بە تایبەت لە بوارەکانی دابەزاندنی نرخی هەڵامسانی ئابووری و هاتنە دەر لە سستی ئابووری وتی: دابەزینی نرخی هەڵامسانی ئابووری و کەمکردنەوەی تا ئاستی ١ ژمارەیی، سیاسەتی نەگۆڕی دەوڵەتی یازدەهەم بووە و هەیە و لەم پەیوەندییەشدا توانیومانە نرخی هەڵامسان لە ٤١ لە سەدی ساڵی ٩٢ بگەیێنینە ١١.٣ لە سەد لە ڕەشەمەی ٩٤.
دوکتور ڕۆحانی ئامانجی حکوومەتی لە بەشی گەشەی ئابووری لە ساڵی ٩٥ گەیشتن بە گەشەی ٥ لە سەدی وەسف کرد و وتی: دەبێ هەوڵەکان بۆ گەشەی ئابووری و نەهێشتنی سستی ئابوری چڕتر بکرێنەوە و بانکەکان دەبێ بۆ ئەم مەبەستە یارمەتیدەر بن.
سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە دابەزینی ١ لە شەشی داهاتە نەوتییەکانی دەوڵەت بە تایبەت لە ساڵی ٩٤ زیادی کرد: لە بەشی تێپەڕاندنی سستی ئابووری، دەوڵەتی یازدەهەم سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و کێشەکان توانی وێڕای خستنە دەرەوەی ئابووری لە سستی، گەشەی لە ٣ لە سەدی لە ساڵی ٩٣ جیبەجێ بکات کە هەڵبەتە ئەم گەشەیە لە هەندێک لە بەشەکاندا زیاتر و لە هەندێکیشیاندا کەمتر بووە.
دوکتور ڕۆحانی لە درێژەدا ئاماژەی بە دەسکەوتە سیاسییەکانی دەوڵەتی یازدەهەم کرد و وتی: گەلی ئێران لە ساڵی ٩٤ و لە پڕۆسەی دانوستانەکانی ١+٥ توانی سەرکەوتنێکی کەم وێنە و مێژوویی سیاسی و یاسایی لە مێژووی وڵاتی ئێراندا تۆمار بکات.
سەرۆک کۆمار، جەختی لە سەر پیویستی ئاوڕدانەوە لە ڕەخساندنی هەلی کار لە گەڵاڵە و پڕۆژە گەشەتەوەرەکاندا کرد و وتی: بە داخەوە لە ساڵانی زۆری داهاتی نەوت، هەلی کار لە وڵات زۆر کەم بوو کە ئەم ڕەوتە دەبێ چاکسازی بۆ بکرێت. هەلی کاری هەمیشەیی وەکوو خاڵێکی گرینگی حکوومەتی بە بەرزکردنەوەی بەهرەوەری، گەشەی ئابووری و هێنانی تەکنۆلۆژیا جێبەجێ دەبێت.
سەرۆک کۆمار لە کۆتایی لێدوانەکانی خۆیدا گەشەپێدانی زیاتری ژێرخانەکان لە ناوچە ئازادە سنوورییەکان بۆ سەرمایەدانانی بە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر زانی.
کۆدی بابهت: 54479 | بهروار: ۱۳۹۵/۱/۵ | کاتژمێر: 5 : 7
برچسب:
نویسنده: استخدام کار