خرید بک لینک

کوردپرێس: مەسعوود بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێبەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیمانەیەکدا لە گەڵ ماڵپەڕی "المانیتوڕ" وەڵامی پرسیاری جۆراوجۆری لە مەڕ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا، گەندەڵی دارایی لە هەرێمی کوردستان، بارودۆخی کوردەکان لە سووریا و تورکیای داوەتەوە.

کۆی ئەم دیمانەیە لە خوارەوە دەخوێننەوە:

* ئێوە لە ئێستادا زیاتر لە جاران بە دەنگی بەرزەوە باسی سەربەخۆیی و گشتپرسی لە کوردستان دەکەن، هەندێک گومانیان هەیە چونکە پێیان وایە ئەم لێدوانانەی بەڕێزت بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک لە کێشەی دارایی و سیاسییەکانی کوردستانە. ئەوان گومانیان هەیە ئێوە لەمبارەوە جیدی بن. ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن و جیدین، دەتوانن ڕۆژێکی تایبەت بە گشتپرسی دیاری بکەن و بڵێن کە گشتپرسی سەبارەت بە چی دەبێت؟

ـ ئایا ئێوە پێتان وایە کە من ئەو بابەتە هەستیارە کە پەیوەندی بە چارەنووسی ملیۆنان کەسەوە هەیە کە ئازار و مەینەتی زۆریان بینیوە و قوربانی زۆریان لەم ڕێگایەدا داوە، بۆ بەرەوپێشبردنی داهاتووی سیاسی خۆم وەکوو ئامرازێک بە کاری دێنم. من دوای ئەو هەموو ئەزموونە تاڵ و دوور و درێژانە و ئەوەی کە هیچ ڕێگایەکی دیکەمان نییە، ئەم بڕیارەم داوە. من لە ئێوە دەپرسم کە چ ڕێگایەکی دیکەمان لە پێشە؟ با سەیری پەیوەندییەکانمان لە گەڵ بەغدا بکەین. دوو قۆناغی پەیوەندیمان بوون. قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠٠٣ لە خۆ دەگرێت. لەم ماوەیەدا ٢٥٠٠ گوندمان خاپوور کران. ١٨٢٠٠٠ کورد بوونە قوربانی. چارەنووسی ١٢٠٠٠ کەس ئێستاش هەر ناڕوونە و لەوانە ٨٠٠٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی بارزانین و ٥٠٠٠ لە هەڵەبجە بە بۆمبی کیمیایی کوژراون. ئەمانە ئاکامی پەیوەندییەکانی ئەم قۆناغە لە گەڵ بەغدان.

ساڵی ٢٠٠٣ بە هیوای گەیشتن بە مافی یەکسان و بەرامبەر بۆ هەموو هاووڵاتیان بە پێی یاسای بنەڕەتی نوێی عێراقی نوێ بە ڕوانگەی پێکەوەژیانەوە لە ڕووخانی ڕێژیمێکدا کە هەموو گەلی عێراقی وێکرا دەچەوساندەوە بەشداریمان کرد. ئێمە لە نووسینی ئەم دەستوورە نوێیەی عێراقدا بەشداریمان کرد و دەنگمان پێدا. لە دەستووری نوێی عێراقدا بە ڕاشکاوی هاتووە کە پابەندبوون بە بنەماکانی ئەم دەستوورە کلیلی یەکڕیزی و یەکێتی هەموو گەلی عێراقە. بەڵام سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستبەجێ کۆتایی پێهێنا. حکوومەتی ناوەندی عێراق بەشی ئێمە لە بودجەی عێراقی بڕیوە و لە زۆربەی بوارەکاندا بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردوە. کەوابوو ئێمە دوو ڕێگامان لە بەر دەمە. رێگای یەکەم ئەوەیە کە نکۆڵی لە هەموو مافەکانی خۆمان بکەین، دەستبەرداری فیدراڵیزم بین و ببین بە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق. ڕێگای دووهەمیش ئەوەیە کە بە بەڕێوەبردنی گشتپرسییەک لە خەڵک بپرسین کە ئەوان چیان دەوێ. ئەم دۆخەی ئێستا ئیدی تەحەمول ناکرێت. ئەگەر ئەم بارودۆخە هەر وا بەردەوام بێت ئێمە دیسان دەکەوینە ناو قۆناغی شەڕ و خوێنڕشتن و ئەو کارەساتانەی کە پێشتر بەسەرماندا هاتوون.

* چ لە خەڵک دەپرسن؟

ـ ئێمە تا ئێستاش ئەو بابەتەمان نەبڕاندۆتەوە و خەریکە قسەی لە سەر دەکەین.

* بژاردەکان چی دەبن؟

ـ تەنیا یەک پرسیار دەبێت.

* مەبەستان ئەوەیە کە خەڵک داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەن یان خود نا؟ و یا لە ناوچە کێشە لە سەرەکان بە هەمان شێوە کە لە دەستووری عێراقیشدا هاتووە، داوا لە خەڵک دەکەن کە ئایا دەتانەوێ بەشێک لە عێراق بمێننەوە و یان خود دەنگ بە کوردستانی سەربەخۆ دەدەن؟

ـ ئەمەش هەر بەشێک لەم پڕۆسەیە دەبێت.

* ئایا دەتانەوێ بڵێن ئەم دوو پرسیارە جیاوازە لە یەک گشتپرسیدا لە خەڵک دەپرسن؟

ـ ئێمە ئێستاش لەمبارەیەوە بڕیارمان نەداوە. ڕەنگە پرسیارەکان بە شێوەی هاوکات و یان خود بە شێوەیەکی جیا بکرێن، بەڵام یەک گشتپرسی بەڕێوە دەچێت.

* ئەم گشتپرسییە لەمساڵدا بەڕێوەدەچێت؟

ـ دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم جیا لە هەندێک ڕووداو کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئێمە دان، بەڵێ ئێمە لە هەوڵی ئەوە داین کە هەر ئەمساڵ ئەم گشتپرسییە بەڕێوەببەین.

* هیچ ڕێکەوتێکتان بۆ بەڕێوەبردنی دیاری کردوە؟

ـ پێم وایە بەر لە مانگی ئاکتەوبر بەڕێوە دەچێت (بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا).

* هەموو کۆکن لە سەر ئەوەی کە کوردستانی سەربەخۆ بۆ ئەوەی کە بتوانێت خۆی لە سەر پێ ڕابگرێت، دەبێ پشتیوانی یەکێک لە دوو وڵاتی دراوسێی واتە ئێران یان تورکیای لە پشت بێت. ئێمە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە ئاشکرا بینیمان کە سیاسەتەکانی تورکیا لە بەرژەوەندی ئێوەدا گۆڕاون. ئایا تورکیا پشتیوانی لە کوردستانێکی سەربەخۆ کە لە وڵاتی عێراق جیا ببێتەوە، دەکات؟

ـ تورکیا سەرەتا دژایەتی لە گەڵ فیدراڵیزمی کوردستان دەکرد بەڵام ئەمڕۆ سەیری پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ئەو وڵاتە بکەن. بە هۆی ئەوەی کە گشتپرسی تەنیا بۆ کوردەکان لە عێراق بەڕێوە دەچێت، هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەکانی تورکیاوە نییە. کەوابوو هیوادارم کە تورکیا بزانێت و تێبگات کە کوردستان بە دوای چیەوەیە. بەڵام هاوکاتیش هەر لە سەر ئەم پرسە لە گەڵ ئێران، عێراق و تورکیا گفتوگۆ دەکەین. ئێمە دەمانەوێت کە ئەم گشتپرسییە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و هاوسەنگی پارێزانە ئەنجام بدەین.

* ئایا پێتان وایە کە ئەگەر ئێوە سەربەخۆیی ڕابگەیێنن حکوومەتی ئێستای تورکیا قبووڵی دەکات؟

ـ من پێم وایە کە ئەگەر حکوومەتی پارتی دەسەڵاتداری ئێستا واتە پارتی داد و گەشە ئەم سەربەخۆییە بە فەرمی نەناسێت و قبووڵی نەکات هیچ دەوڵەتێکی دیکە لە تورکیا دانی پێدانانێت.

* ڕەجەب تەییب ئەردۆغان تا ساڵی ٢٠١٩ سەرۆک کۆماری تورکیا دەبێت یانی ئێوە دەتانەوێت کە بڵێن پێویستە لەم ماوەیەدا ڕوو بدات؟

ـ مەبەستان لەوەی کە دەڵێن ڕوو بدات چیە؟

* ئەوەی کە سەربەخۆیی دەبێ لەم ماوەیەدا ڕوو بدات، ڕاستە؟

ـ ناوبراو کاتێک کە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو سەردانی هەولێری کرد و لە هەولێر گوتی کە سەردەمی نکۆڵی کردن لە کورد و مافەکانی کۆتایی پێهاتووە. ئەمە پێشکەوتنێکی گرینگ بوو. من چەندین جار چاوپێکەوتم لە گەڵی بووە و بینیومە کە ئەردۆغان باشتر لە پرسی کورد تێگەیشتووە. ئەو شتانەی کە لەوم بیستوە لە کەسی دیکەم نەبیستوە.

* بەڵام تورکیا کێشەی گەورەی لە گەڵ کوردەکانی خۆی هەیە و بارودۆخەکە بە خێرایی بەرەو خراپتر بوونیش دەڕوات. بە ڕای من تا ئەو کاتەی کە تورکیا پرسی کوردەکانی خۆی چارەسەر نەکات تەنانەت ئەگەریش پشتیوانی لە سەربەخۆیی هەرێم بکات، لە سەر ئەساس و بنەمایەکی قایم نابێت.

ـ ئێمە هیوامان ئەوەیە کە خۆزگە پڕۆسەی دانوستانەکانی ئاشتی ڕانەوەستابایە. ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ دەسپێکردنەوە و بەردەوام بوونی پڕۆسەی ئاشتی خستەگەڕ. من نامەوێ زۆر باسی وردەکارییەکانی بکەم. بەڵام پێم وایە کە دوای هەڵبژاردنەکانی ٧ی جوونی ٢٠١٥ کە ئەوان (پارتی کوردی دیموکراتیکی گەلان) ٨٠ کوردی پەرلەمانی تورکیایان بە دەست هێنا لە ڕاگەیێندراوێکدا وتمان کە هەڵەیەکی زۆر گەورە دەبێت ئەگەر ئەوان نەبن بە بەشێک دەوڵەتی هاوپەیمانی. هەر لەو کاتەدا من تێگەیشتم کە پارتی داد و گەشە، پارتی دیموکراتیکی گەلانی وەکوو بەشێک لە هاوپەیمانی قبووڵ نەدەکرد. بەڵام من دواتر لە هەندێک لە ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلانم بیست کە ئەوە پارتی دیموکراتیکی گەلان بوو کە نەیدەویست بچێتە ناو هاوپەیمانەتییەکەوە. من پێم وایە کە ئەمە هەڵەیەکی گەورە بوو.

* چونکە ئەوان نەیاندەویست یارمەتی ئەردۆغان بدەن بۆ ئەوەی کە ببێتە سوڵتان.

ـ سەردەمی بوون بە سوڵتان کۆتایی پێهاتووە. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەوان ببوونایە بە بەشێک لە هاوپەیمانەتییەکە، دەیانتوانی لە هەندێک پرس و بابەت کە ئەوان لێی نیگەرانن، "نا" بڵێن. من پێم وایە بە هۆی ئەوەی کە شانسی چوون بۆ پەرلەمانیان بۆ دەسپێکردنی هەندێک گۆڕانکاری هەبوو، دەبوایە کەڵک لەو دەرفەتە زێڕینە وەربگرن. ئێستا من زۆر نیگەرانم و دەترسم لەوەی کە کاتێک ئێمە بۆردومان کردنی شارەکان و کردەوەی تیرۆریستی لە شارەکان لە ژێر ناوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ناڕوون دەبینین، خەڵکی تورکیا لە ئەنجامدا کوردەکان بە بەرپرسی ئەم کردەوانە بزانن. ترسم لەوەیە کە ئەم بابەتە ببێتە هۆی شەڕی ڕەگەزی لە نێوان گەلی کورد و تورک.

* وادیارە کە گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر ئێوە بۆ گوشار خستنە سەر پەکەکە لە شەنگال زیاتر دەبێت. ئێوە ئەم گوشارە هەست پێدەکەن؟

ـ نا، ئێمە بۆ خۆمان بڕیار دەدەین.

* بەڵام من بیستومە کە مەسروور بارزانی وتوویەتی کە پەکەکە دەبێ شەنگال چۆڵ بکات.

ـ بە دڵنیاییەوە پەکەکە دەبێ شەنگال چۆڵ بکات و ئێمە داوای لێدەکەین کە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە ئەم کارە بکەن نەک بە شەڕ و پێکدادان و بە زۆر.

* ئایا ئەمریکاییەکان دەستیان لەم پرسە وەرداوە؟

ـ ئەمریکا دەست لە کاروباری ناوخۆیی وەرنادات.

* ئێوە ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدراڵی لە سووریا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ـ بە ڕای من سیستەمی فیدراڵی بۆ بارودۆخی ئێستای سووریا زۆر گونجاوە، بەڵام دەبێ خەڵکی سووریا لە سەر ئەم بابەتە ڕێکبکەون. کاتێک کە ئێمە لە ساڵی ١٩٩٢ سیستەمی فیدراڵیمان ڕاگەیاند، بە شیوەیەکی یەک لایەنە ئەم کارەمان نەکرد.

* پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردی سووریا یا PYD کە وێدەچێت یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدراڵی بێت، دەڵێت کە ڕێز لە مافی هەموو لایەنەکانی دیکە و دیموکراسی دەگرێت.

ـ بە پێی ئەو کردەوانەی ئەنجامی دەدات وێناچێت کە PYD لەبارەی دیموکراسی ڕاست بکات.

* چۆن دەڕواننە پەرەسەندی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (YPG

ـ هەموو جۆرە پشتیوانی کردنێک لە PYD بە واتەی پشتیوانی کردن لە پەکەکەیە.

* ئایا بە رای ئێوە پەکەکە و PYD هەر یەکن؟

ـ ئەوانە ڕێک هەر یەک شتن. ئەوان لە بنەماوە هەر یەکێن.

* ئایا ئەمریکاییەکانیش لە سەر ئەم باوەڕەن؟

ـ ئەوان زۆر باش ئەم ڕاستییە دەزانن، بەڵام نایانەوێت بڵێن کە زۆر باش ئەوە دەزانن. هەموو دەزانین کە یەکەمایەتی سەرەکی بۆ ئەمریکا و بۆ ئێمە شەڕ لە دژی داعشە ڕەنگە هەر بەم هۆیەشەوە چاوپۆشی لەو بابەتە دەکەن.

* با لەبارەی شەڕی داعشەوە قسە بەکین. ئایا ئێوە پێتان وایە کە بەر لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان دەبێ لەبارەی مووسڵەوە هوشیار بن؟

ـ سەربەخۆیی کوردستان و مووسڵ هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نییە.

* نا مەبەست ئەوەیە کە ئێوە سەربەخۆ بن و لە کاتێکدا کە داعش ئێستاش هەر لە مووسڵە.

ـ بۆچی نا.

* درواسێیەکی مەترسیدارن.

ـ گەلی کورد بە بوونی دراوسێی لەم شێوەیە ڕاهاتووە.

* بۆچی ئێوە پێتان وایە کە ئێستا کات کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانە؟

ـ من هەمیشە بڕوام بەم مەسەلە بووە. کاتێکیش کەسێک لێم دەپرسێ بۆچی ئێستا، من دەڵێم بۆچی ئێستا نا؟

* چونکە لە گەڵ بەغدا باس نەکراوە.

ـ ئەم کارە تووشی شکست بووە.

* سنوورەکانی وڵاتی کوردستان تا کوێن؟ چۆن ڕەزامەندی حکوومەتی بەغدا بە دەست دێنن؟ بۆ کەرکووک چ دەکەن؟

ـ مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە لایەن حکوومەتی بەغداوە جێبەجێ نەکرا کە تێیدا داوای گشتپرسی بۆ چارەسەری پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان لە کەرکووک و شەنگال کراوە. ئەگەر خەڵک بڵێن دەیانەوێت بەشێک بن لە کوردستان، دەبێ دەنگیان ببیسترێت و ڕێزی لێبگیرێت. ئەگەریش بڕیار بدەن کە بەشێک لە کوردستان نەبن ئێمە دەنگیان دەبیستین و ڕێزیشی لێدەگرین.

* ئایا پێتوان وایە کە ئەمریکا لەم باتەدا یارمەتیدەر دەبێت؟

ـ هیچ کەس ناتوانێت وەکوو ئەمریکا ڕۆڵی گەورە بگێڕێت. گەڕەنتی کردنی ئەمنییەتی لە لایەن ئەمریکاوە بۆ مانەوەی کوردەکان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ئەگەر دژایەتی لە گەڵ سەربەخۆیی کوردستان نەکەن، ئێمە سپاسیان لێدەکەین.

* پرسێکی دیکە نەبوونی یەکهەڵوێستی لە ناو کوردە.

ـ ئێمە بە شێوەیەکی جیدی خەریکین لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی قسە دەکەین و لە گەڵ پارتەکانی دیکەس گفتوگۆمان کردووە و دەشیکەین. بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆڵێکی تێکەدەرانەی گێڕاوە.

* هاوکات کە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێن ئایا نەخشە ڕێگاتان هەیە؟

ـ بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. ئێمە دەمانەوێ بە هەڵبژاردنی سەرۆک پەرلەمانێکی نوێ دیسان جالاکی بکەینەوە. سەربەخۆیی کوردستان لە پارتەکان و پەرلەمانی کوردستان گرینگترە. هەر کەس پشتیوانی دەکا بە خێر بێت و هەر کەسیش دژایەتی دەکات دەبێ بروات و ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە.

* ئێوە پێتان وایە کە دەبێ لەم قۆناغە هەستیارەدا بەردەوام سەرۆکی هەرێم بمێننەوە؟

ـ ئامانجی من گەیشتن بەم مەبەستەیە: بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ. و ئەمە بەڵێنێکە کە داومە. ڕۆژێک کە کوردستانی سەربەخۆمان بێت من دەست لە پۆستی سەرۆکایەتی هەڵدەگرم. پیرۆزبایی لە خەڵک دەکەم و ڕێگە بە کەسێکی دیکە دەدەم کە جێگای من بگرێتەوە و ئەمە بەڵێنی و پەیمانی منە. من نابمە سەرۆک کۆماری کوردستان.

* بە ڕاست؟

ـ بەڵێ. ئامانجی من دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆیە نەک مانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی.

* پلانی ئێوە بۆ بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ لە سەر بنەمای داهاتی نەوت و وزە داڕژاوە. نرخی نەوت دابەزیوە. ئایدین سەلجان، باڵوێزی پێشووی تورکیا پێشنیاری داوە کە تورکیا دەبێ بەشی هەموو داراییە وەبەرهێنەرەکان لە هەرێمی کوردستان بکڕێت و تێچووی دامەزراندنی بۆڕی گاز کە نزیک بە ٨ ملیارد دۆلارە دابین بکات. ئایا ئەوە ڕێکاڕێکی باشە؟ ئایا ئێوە لەو پەیوەندییەدا قسەتان لە گەڵ بەرپرسانی تورکیادا کردووە.

ـ من بە ڕاستی نامەوێ زۆر بچمە ناو وردەکاری بابەتەکانەوە. وا باشە ئەم پرسیارانە لە ئەنجومەنی باڵای وەزیران بپرسن چونکە ئەوان بەرپرسی ئەم کارەن.

* بەڵام زۆر جاران ڕەخنە لە شێوازی گرێبەستە وزەکان و ناشەفافیان دەگیرێت.

ـ ڕەنگە کەمۆکۆڕی هەبن بەڵام من ئاگاداری وردەکارییەکان نیم. کەوابوو وا باشترە ئەم پرسیارە لە ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بپرسن.

* شاندێکی یەکێتی نیشتمانی بەم زووانە بۆ دانوستان لە سەر پرسی گاز دەچێتە ئەنقەرە.

ـ گاز بەشی هەموو خەڵکی کوردستانە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ لەم بارەوە بڕیار دەربکات نەک پارت و لایەنی سیاسی. بازرگانی نەوت و گاز پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێمەوە هەیە. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە نییە.

* وێدەچێت لەبارەی گەندەڵی لەم قۆناغە دژوارەدا زۆر بە دەگمەن قسە کراوە. پلانی ئێوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ گەندەڵی چیە؟ ئامادەن بۆ ئەوەی کە بۆ نموونە پارتێکی سیاسی سزا بدەن تەنانەت ئەگەر کەسانی گەندەڵکاری ئەو پارتە بەرپرسانی باڵا بن؟

ـ ڕۆژێک بەر لە ئێستا کۆبوونەوەیەکی گرینگم لە گەڵ سەرۆکی دام و دەزگاکانی دادی هەرێم هەبوو. ئەمانە دامەزراوەگەلێکن کە بەرپرسی جێبەجێکردنی چاکسازی ئابوورین.

* کەوابوو لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە، ڕەنگە هەندێک کەس لەم پەیوەندییەدا سزا بدرێن؟

ـ من شتێکم بەوان گوت؛ نابێ کەس ببوێرن. ئەگەر شتێکتان سەبارەت بە من دۆزیەوە بانگهێشتم بکەن من لە بەردەم دادگا ئامادە دەبم. نێچیرڤانیش دەبێ بچێت بۆ دادگا. ئەگەر شتێکیش لەبارەی مەسروور بارزانی هەیە دەبێ لێپرسینەوەی لێبکرێت. دەبێت سەرەتا لە بنەماڵەی منەوە دەست پێبکەن و پاشان پارتی دیموکرات و دوای ئەوەش پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێم. هەر بۆیەش من بەو ڕێکخراوانەم وتووە هەر کەس لەم پێگەیەدا بێت پشتیوانی بێ ئەملاولای منی لە بەدواداچوونی ئەنجام دەرانی گەندەڵی دەبێت. ئێوە بە پێی یاسا بەرپرسی شەڕ لە دژی گەندەڵین. هەر بۆیەش داواتان لیدەکەم لە دژی گەندەڵی ڕابوەستن. بەڵام ئەگەر ئێوە کارەکەتان ئەنجام نەدەن، ئەوە ناچار بۆ خۆم دەستبەکار دەبم و شەڕ لە دژی گەندەڵی دەکەم. بەڵام دواتر من بە هۆی پشتگوێ خستنی یاسای کوردستان لۆمە مەکەن چونکە بۆ ئێمە زۆر گرینگە کە لە کوردستان شەڕ لە دژی گەندەڵی بکرێت و ئەوانەی کە پۆستی حکوومی بۆ گرێبەستی نەوتی، فرۆشتنی زەوی و زاری کشوکاڵی و ... بە کار دێن. هەموو بەرپرسان لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆک وەزیران، هەموو وەزیرەکان، هەموو سەرکردەی پارتە سیاسییەکان و هەموو بەرپرسێکی ئەمنی دەبێ بەرپرسیارەتی ئەو کارانەی کە ئەنجامیان داوە لە ئەستۆ بگرێت.

* من لە گەڵ خەڵکێکی زۆر قسەم کردوە هەموویان سەبارەت بە بوونی گەندەڵی گلەییان هەیە.

ـ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ گەندەڵی بابەتێکی گرینگە. کەوابوو وەک چۆن بە هەموو هیز و توانامانەوە لە گەڵ داعش شەڕ دەکەین، بە هەمان هێز و گوڕەوە بەرەوڕووی گەندەڵیش دەبینەوە.

برچسب: نویسنده: استخدام کار تاريخ: شنبه 7 فروردين 1395 ساعت: 3:35

صفحه بندی