کوردپرێس/ ئهفشین غوڵامی- مۆفهق میراودەلی لە ساڵی 1979 لە قەزای پشدەر لە دایک بووە، دەرچووی زانکۆی سەڵاحەدینە لە ساڵی 2005 و ئێستەش مامۆستای ئامادەییە لە شاری قەڵادزێ، ئەو یەکەم کتێبی لە ساڵی 2011 بەناوی "عەشیرەتی میراودەلی" بڵاوکردەوە، ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتییە که زیاتر دهپرژێته سهر مێژووی زارەکی ئهو ناوچهیه.
کوردپرێس دیمانەیەکی لەگەل ئەم نووسەرە گەنجەی شاری قهڵادزێ ئەنجامداوە و ناوبراو لهو دیمانهیهدا خۆی به یهکهم نووسهری کورد دهناسینێت که بیبیلۆگرافیای لە سەر جینۆسایدی کورد نووسیوه.
کۆی دهقی دیمانهکه لە خوارەوە دەخوێننەوە:
* کەی هەستتان کرد کە دەتوانن بنووسن؟
ـ هەر لە منداڵیەوە تێکەڵی دنیای خوێندنەوە بووم، یەکەم کتێب خوێندمەوە ڕۆمانی "دایک"ی ماکسیم گۆڕکێ بوو. هەستێکی خۆشی پێبهخشیم، دوای ئەوە هێدی هێدی خوێندنەوەم زۆرتر بوو و دەستم کرد بە نووسین و لە بواری ڕۆژنامەوانی و توێژینەوە بابەتم بڵاوکردەوە و هەروەها زۆر بەشداری کۆڕ و کۆبونەوە و چالاکییە ڕۆشنبیری و نیشتمانییەکان دەبووم.
* تکایە سەبارەت بەو بابەتانەی کە پێشتر نووسیوتانه هەندێک بۆمان بدوێن؟
لە بەرواری 5/3/1998 خوێندکاری پۆلی سێهەمی ناوەندی بووم، وتارێکم نووسیبوو لە بارەی ڕاپەڕین لە خوێندنگه خوێندمەوە. ساڵی 2003 یەکەم بابەتی ڕۆژنامەوانیم لە ڕۆژنامەی خەبات بەناوی خوازراوی "قەندیل پشدەری" بڵاوکردەوە. بەپێی توانا حەزم لە پاراستن و ئەرشیفکردنی مێژووی کوردە، بەتایبەت مێژووی زارەکی و گواستنەوەی بۆ مێژووی نووسراو، بەهەموو لایەنە ڕۆشنبیری و سیاسی و سەربازی و نەهامەتی و فۆلکلۆرییەکانییەوە.
* یەکەم کتێبتان لە سەر چی بوو؟
ـ یەکەم کتێبم لە ساڵی 2011 بەناوی "عەشیرەتی میراودەلی" بڵاوکردەوە، ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتییە که زیاتر "مێژووی زارەکی" لەخۆدەگرێت. پاشان حەوت کتێبی دیکەم بڵاوکردنەوە هەر یەکەیان گرنگی و تایبەتمەندی خۆیان هەیە.
* جنابتان یەکەم کەسن کە بیبیلۆگرافیات لە سەر جینۆسایدی کورد نووسیوه، دهکرێ لهسهر ئهم پرۆژهیهتان زانیاری زیاترمان پێبدهن؟
ـ بەڵێ؛ یەکەم کەس بووم لە نووسەرانی کورد که له ساڵی 2013 بیبلیۆگرافیایەکم بە زمانی کوردی بەناوی "بیبلیۆگرافیای جینۆسایدی کورد" ئامادەکردووە، بەرگی یەکەم بڵاوبۆتەوە، ئێستا دووبەرگی دیکەی ئامادەی چاپکردنە.
* ئایا لە ههرێمی کوردستان بهپێی پێویست ئاوڕ له کار و بهرههمهکانتان دەدرێتهوه؟
ـ بەپێ پێویست نا؛ بەڵام لە ماوەی ساڵانی رابردوو دەیان جار خەڵات و ڕێزلێنان و سپاسنامەی ناوەندە ڕۆشنبیری و سیاسی و پەروەردەی و حکوومییەکانم پێشکهش کراوە.
* ئێستا چ کارگەلێکی دیکەتان بهدهستهوهیه که بتانهوێ بهمزووانه ههنگاوی بۆ ههڵبگرن؟
ـ لە ئێستادا کۆمەڵێک کتێبی دیکەم ئامادەی چاپکردنه بەتایبەت کتێبی "بیبلیۆگرافیای ئەدیب و نووسەرانی ناوچەی پشدەر" لە سەدەی نۆزدەوە تا ساڵی 2015. پڕۆژەیەکی دیکەم کۆبەرهەمی مامۆستا حەمەی مەلاکەریمە، کە چەند بەرگێکە لە ئێستادا بەرگی یەکەمی تەواوبووە. هەموو بابەتە ڕۆژنامەوانییەکانی مامۆستا حەمەی مەلا کەریم لە خۆدەگرێت کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکان بڵاوبوونەتەوە. هەروەها کۆبەرهەمی "شەهید کاوە فیدا" کە دە بەرهەمی جیاجیایە لە دووتوێی کتێبێکدا کۆکراونەتەوە و ئامادەی چاپکردنە.
* لە بواری نووسینهوه بۆ داهاتوو چ پلانێکتان ههیه و دەتانەوێ چی بکەن؟
ـ ئەگەر تەمەن باقی بێت و تەندروستیم باش بێت، کار و پلانی داهاتووم زیاتر کۆکردنەوەی مێژووی زارەکی و گواستنەوەیەتی بۆ سەر کاغەز، بۆ ئەوەی ئەو خەزێنە گەورەی لە سینەی شارەزایان و پیرەمەردان دایە لە فەوتان ڕزگاری بێت و تۆماربکرێت.
* ههتاکوو ئێستا چەند بەرهەمتان چاپ و بڵاو کراوەتهوه؟
بەرهەمی چاپکراوم ئەمانەن: 1- عەشیرەتی میراودەلی، مێژوو، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی، سلێمانی، 2011، 213 لاپەڕە (لەسەر ئەرکی بەڕێز عەلی هەمزە باپیر چاپکراوە).
2- ئینسایکلۆپیدیای شەهیدانی قەڵادزێ، مێژوو، چاپی یەکەم، سلێمانی: چاپخانەی پیرەمێرد، 2012، 78 لاپەڕە (لەسەر ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان له سلێمانی چاپکراوە).
3- پشدەر لە هەگبەی مێژوودا، مێژوو، چاپی یەکەم، سلێمانی: چاپخانەی ڕوون، 2012.
4- بیبلۆگرافیای جینۆسایدی کورد، مێژوو، چاپی یەکەم، سلێمانی: چاپخانەی کەماڵ، ئازاری 2013، 578 لاپەڕە (لەسەر ئەرکی بەڕێز دوکتۆر تەها ڕەسووڵ چاپکراوە).
5- ڕاگواستنی قەزای پشدەر کۆتایی ئەنفال (1977-1989)، مێژوو، چاپی یەکەم، 2013، 101 لاپەڕە و چاپی دووەم، ساڵی 2013، 104 لاپەڕە، سلێمانی: چاپخانەی کەماڵ، (چاپی یەکەم لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، لەسەر ئەرکی بەڕێز دوکتۆر تەها ڕەسووڵ، چاپی دووەم لەسەر ئەرکی خۆم).
6- پێڕستی هەردوو گۆڤاری ئابووری و ئابووری سیاسی، ڕۆژنامەوانی، چاپی یەکەم، سلێمانی: چاپخانەی کەماڵ، 2013، 126 لاپەڕە (لەسەر ئەرکی سەندیکای ئابووریناسی کوردستان چاپکراوە).
7- شەهیدانی پشدەر لە جەنگی تیرۆرستانی داعشدا، مێژوو، چاپی یەکەم، سلێمانی: چاپخانەی کەمال، 2015، 103 لاپەڕە (لەسەر ئەرکی بەڕێز پەروین بابەکر حەمەئاغا) چاپکراوە.
8- کارەسات و ڕاپەڕینی قەڵادزێ لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا (24/4/1974) و (24/4/1982)، ڕۆژنامەوانی، چاپی یەکەم، سلێمانی: چاپخانەی کەمال، 2015، 87 لاپەڕە (لەسەر ئەرکی بەڕێز پەروین بابەکر حەمەئاغاچاپکراوە).
* سپاس بۆ ئەم دەرفەتە که پێت داین تاکوو بتوانین زیاتر خۆتان و بهرههمهکانتان به خوێنهرانی کورد بناسێنین.
ـ سپاس بۆ کوردپرێسیش کە هەمیشە ئەرکی خۆی لە بەرانبەری نووسەران کورد بە جی دێنێت.
- - , .
برچسب:
نویسنده: استخدام کار