به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس به گێڕانه‌وه له ڕۆژنامه‌ی حوڕییه‌ت، داواکاری ئاشکرای ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی سه‌رۆکی پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست (MHP) له سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا که ڕایگه‌یاندبوو "نۆسهیبین له‌گه‌ڵ خاک یه‌کسان بکه‌ن و که‌سێک به زیندوویی مه‌هێڵنه‌وه"، سه‌لاحه‌ددین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان (HDP)ی ناچار به وه‌ڵامدانه‌وه هو هه‌ڵوێست گرتن کرد و وتی: "کوشت‌وبڕ له نۆسهیبین له پێشتره‌وه ده‌ستیپێکردووه و خه‌ریکه ئه‌نجام ده‌بێت."
ڕۆژی ڕابردوو 5ی ئهیپڕێڵ سه‌لاحه‌ددین ده‌میرتاش زیادی کرد: "پارتی نه‌ته‌وه‌خوازی درۆیی پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 7ی جوون به‌ملاوه زیاتر له خودی پارتی داد و گه‌شه (AKP) لایه‌نگری سیاسه‌ته‌کانی ئه‌و پارته بووه."
ده‌میرتاش له کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی پارته‌که‌ی وتیشی: "هه‌ر سێشه‌ممه AKP کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی خۆی به‌ڕێوه‌ده‌بات. ئه‌مه به‌فیڕۆدانی کات و هێز و تواناییه. به بۆچوونی من نابێت کاته‌کانتان به‌فیڕۆ بده‌ن. له‌مه‌وبه‌دوا ده‌بێ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی MHP و AKP به شێوه‌ی هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌بچێت. ته‌نیا پێویسته باخچه‌لی له کاتی قسه‌کردنی داوودئۆغڵۆ سه‌ر بجوولێنێت."
به وته‌ی ده‌میرتاش، لێدوانه‌کانی باخچه‌لی داواکاری ئاشکرا بۆ کوشت‌وبڕ له نۆسهیبینه.
ناوبراو زیادیشی کرد: "نه‌ته‌وه‌خوازی درۆیی و ده‌ستکردی وڵاتی چین که نیگه‌رانی له‌ده‌ستدانی کورسی سه‌رۆکایه‌تییه، به به‌کارهێنانی کارتی نه‌ته‌وه‌خوازی و شۆڤێنیزم داوای کردووه له نۆسهیبین کوشت‌وبڕ ئه‌نجام بدرێت و ڕایگه‌یاندووه که نۆسهیبین له‌گه‌ڵ خاک یه‌کسان بکه‌ن و که‌سێک به زیندوویی مه‌هێڵنه‌وه."
ده‌میرتاش ڕوو له باخچه‌لی جه‌ختی کرد: "ئێوه بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه ئه‌و شتانه‌ی که ئێوه له‌م داواکارییه‌ی خۆتان ئاراسته‌تان کردووه پێشتر ئه‌نجام نه‌دراوه؟ ئه‌نجام بووه. خه‌یاڵتان ئاسووده بێت، له ئێستادا نۆسهیبین له‌گه‌ڵ خاک یه‌کسان بووه."
ده‌میرتاش له کۆتاییدا، به‌م شێوه‌یه داواکاری خۆی ئاراسته‌ی لایه‌نه‌کانی به‌شداربوو کرد: "له‌م ماوه‌یه‌دا من جارێکی دیکه له هه‌موو لایه‌نه‌کانی به‌شداربوو له شه‌ڕی چه‌کدارانه داوا ده‌که‌م؛ له‌و سێ مانگه پیرۆز که له به‌رده‌ماندایه، له هه‌ر که‌سێک که ده‌سه‌ڵات و ده‌ره‌تانێکی له‌م بواره‌دا هه‌یه داوا ده‌که‌م؛ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکه‌ن، ئه‌م ئیرادهتانه نیشان بده‌ن، با ئه‌م ده‌رفه‌ته به خۆمان بده‌ین که پرسه‌کانمان له ڕێگای ئاشتییانه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ین."
کۆدی بابه‌ت: 54861 | بهروار: ۱۳۹۵/۱/۱۸ | کاتژمێر: 12 : 20
برچسب:
نویسنده: استخدام کار