بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەسوڵ خزری لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی خانە ملت، وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر ئاوڕدانەوە لە گەشتیاری تەندروستی، ڕایگەیاند: گەشتیاردەرمانی بە شێوازی سروشتی سێ هێندەی گەشتیاری ئاسایی داهاتی هەیە و خاڵی جێگای وردبوونەوە ئەوەیە کە لەم داهاتە تەنیا سێ یەکی بۆ کاروباری چارەسەر دەبێت و دوو لە سەر سێکەی دیکە بۆ کار و ئیشی هاوپەیوەند وەکوو ئوتێل، گواستنەوە و گەیاندن و حەوانەوە دەبێت.
ئەندامی لیژنەی تەندروستی و چارەسەریی مەجلیسی شورای ئیسلامی وێڕای رەخنە گرتن لەوەی کە بەداخەوە تاکوو ئێستا لە بەرامبەر بابەتی گەشتیاردەرمانیدا کەمتەرخەم بووینە، وتیشی: هەر ئەم کەمتەرخەمیە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەلپەرەستان ئەم هەلە بقۆزنەوە تا ئەو وڵاتانە کە بە مەبەستی چارەسەری ڕوو لە ئێران دەکەن و لەوان ئۆردۆن، سووریا یان عێراق بە هۆی نەبوونی پلانی دروست و بە بیانووی چارەسەری نەخۆش تووشی کێشە و گرفت بن.
ئەم نوێنەرە لە مەجلیسی نۆیەمدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە کەرتی تەندروستی ئێران لە ئاستی جیهاندا ناسراوە، تیشکی خستەسەر ئەوەی کە: بەهۆی ئەو ناوبانگە کە ئێران لە بواری تەندروستیدا بە دەستیهێناوە، لە سەر ئاستی جیهان مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵدا دەکرێت بەڵام دەبێت ژێرخانی پێویستی گەشتیار دەرمانی لە وڵاتدا دابین بکەین و بە وردیش ئاور لە چۆنیەتی هاتنی گەشتیاردەرمانی بۆ وڵات بدرێتەوە و هەروەها ئاسانکاریش لە بواری پێدانی ڤیزاشدا بکرێت.
ناوبراو بیریهێنایەوە: بەپێی دوایین ستانداردەکانی جیهان، دەبێت گەشتیاردەرمانی ببێت بە ئوتێل نەخۆشخانە چونکە ئوتێل نەخۆشخانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەم نەخۆشەکە و هەم ئەو کەسانە کە لەگەڵیدان لە کەشێکی ئارامدا بن و ئاستی ڕەزامەندی ئەوانیش بەرزتر ببێتەوە. لە سەر ئاستی جیهانیدا هەوڵ دەدرێت تا نەخۆشخانە ئاساییەکان بکرێن بە ئوتێل نەخۆشخانە.
خزری وتی: دەبێت لە گەورە شارەکان و تەنانەت لە پارێزگا سنوورنشینەکاندا وەربەرهێنانێکی باش بۆ کردنەوەی ئوتێل نەخۆشخانە بکرێت و بەهۆی ئەوەی کە ناوی ئەمساڵ بە ناوی ئابووری خۆڕاگرانە و هەوڵ و کردەوە نراوە دەتوانین هەنگاوی باش لە بواری گەشتیاردەرمانیدا ئەنجام بدەین.
نوینەری خەڵکی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی نۆیەمدا ڕایگەیاند: وەزارەتی ئابووری و دارایی، کاروباری دەرەوە و تەندروستی، دەرمان و فێرکاری پزیشکی دەبێت پێکەوە هاوکاری بکەن و ڕێکخراوی بەڕێوەبردن و بازرگانی دەبێت یارمەتی ئەم سێ وەزارەتخانەیە بدات تا کەشی کار و بازرگانی وڵات بۆ بوارەکانی هاوپەیوەند بە خزمەتگوزاری پزیشکی بکرێتەوە.
ئەندامی لیژنەی تەندروستی و چارەسەریی مەجلیسی شواری ئیسلامی وتی: بەدڵنیایەوە ئاوڕدانەوە لە بابەتی گەشتیاردەرمانی دەتوانێت داهاتێکی باش بۆ وڵات و کەرتی تەندروستی دەستەبەر بکات و بەرپرسانی پەیوەندیدار بە تایبەت وەزارەتی تەندروستی دەبێت ئەم توانایە لە بواری تەندروستی و چارەسەریدا بەکاربهێنن.
کۆدی بابهت: 54914 | بهروار: ۱۳۹۵/۱/۱۹ | کاتژمێر: 12 : 1
برچسب:
نویسنده: استخدام کار