به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژنامه‌ی لۆس ئانجلس تایمز ئه‌مڕۆ نووسی: باراک ئۆباما، سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا ڕۆژی ڕابردوو نووسینگه‌کانی ڕێکخراوی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مریکا "سیا"ی به سه‌ر کردۆته‌وه و دوایین گۆڕانکاری شه‌ڕ دژی داعش له‌م سه‌ردانه‌دا لێکدراوه‌ته‌وه.
هه‌ندێ له به‌رپرسانی ئه‌مریکا به‌م ڕۆژنامه‌یه‌یان ڕاگه‌یاند: بڕیاره 200 هێزی دیکه‌ی ئه‌مریکا به مه‌به‌ستی مه‌شقپێکردنی سه‌ربازی هێزه کوردییه‌کان و عه‌ره‌بی سوننه‌ی سووریا ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته بکرێن.
ئه‌م به‌رپرسانه به مه‌رجی پاراستنی ناویان به لۆس ئانجلس تایمزیان ڕاگه‌یاند: باراک ئۆباما ده‌یه‌وێت چه‌ک و جیهازاتی تۆپخانه‌یی پێشکه‌وتوو ڕاده‌ستی عه‌ره‌به سوننه‌کان بکات، یارمه‌تی به هێزه کوردییه‌کانی ئه‌و وڵاته زیاتر بکاته‌وه و که‌ڵک له هێزێکی عه‌ره‌بی سوننه‌ی زیاتر هاوشانی هێزه کوردییه‌کان بگرێت.
به وته‌ی ئه‌م به‌رپرسانه، هه‌رچه‌ند ئه‌مریکا هێزه کوردییه‌کان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش به کارامه ده‌زانێت به‌ڵام ئه‌وان مه‌یلێکی زۆریان بۆ پێشڕه‌وی له ناوچه‌کانی باشووری سووریا، شوێنێک که کوردێکی که‌متر له ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش تێیدا ده‌ژین، نییه.
به نووسینی لۆس ئانجلس تایمز، به‌رپرسانی هه‌واڵگری ئه‌مریکا چه‌ندین مانگه که هۆشداری ده‌ده‌ن که ده‌ره‌وه‌ستی زیادهلهڕاده به هێزه کوردییه‌کان مه‌ترسی دووربوونه‌وه‌ی عه‌ره‌به سوننه‌کانی به‌دواوه ده‌بێت که له‌باره‌ی کۆنتڕۆڵکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کان پێکه‌وه ڕکابه‌ری ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها ڕه‌نگه تووڕه‌بوونی تورکیای به‌دواوه بێت که بنکه‌ی گرینگی ئه‌و وڵاته میوانداری هێزی ئاسمانی ئه‌مریکا بووه و هاوپه‌یمانی ستراتژیکی ئه‌و وڵاته.
جفری وایت، به‌رپرسێکی پێشووی ڕێکخراوی هه‌واڵگری هێزه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکا به لۆس ئانجلس تایمزی وت: مه‌به‌ستی ئه‌مریکا بۆ داخستنی کۆریدۆری مێنبێج له باکووری سووریا، ستراتژییه‌کی کاتییه و له شکستهێنان به داعش زۆر کاریگه‌ر نییه. ئه‌م وڵاته ده‌بێت ستراتژییه‌کی گشتگیرتر وه‌کوو به‌کارهێنانی هێزێکی لێهاتوو له شه‌ڕ به‌کار بهێنێت. ناتوانرێت هێزه کوردییه‌کان وه‌کوو وه‌ها هێزێک ببیندرێت، چونکه ئه‌وان ناوچه‌یه‌کی به‌رفراوانیان له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه و نایانهه‌وێت که له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌کانی خۆیان شه‌ڕ بکه‌ن.
به‌رپرسێکی فه‌رمیی ئه‌مریکا که نه‌یویست ناوی بڵاو بێته‌وه، به لۆس ئانجلس تایمزی ڕاگه‌یاند که پێنتاگۆن ده‌یهه‌وێت ڕاهێنان به هێزێکی زۆرتر له سوننه‌کان بکات تا هه‌م وەڵامی خواسته‌کانی تورکیا بداته‌وه و هه‌م هێرشێک بۆ گرتنه‌وه‌ی شاری ڕه‌قه ئه‌نجام بدات.
ناوبراو زیادی کرد: ئێمه ده‌زانین که ته‌نیا به پشتبه‌ستن به کورده‌کان ناتوانین ڕه‌قه بگرینه‌وه و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه ده‌ستمان به ڕاهێنان و پڕچه‌ککردنی هێزه‌کان کردووه.
کۆدی بابه‌ت: 55274 | بهروار: ۱۳۹۵/۱/۲۶ | کاتژمێر: 14 : 39
برچسب:
نویسنده: استخدام کار