به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژنامه‌ی واڵ ستریت ژۆرناڵ به گێڕانه‌وه له به‌رپرسانی ڕووسیا، ڕاپۆرتی دا که ئه‌م وڵاته پێشتر، بڕێک چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی ڕاده‌ستی کورده‌کانی عێراق کردووه و له داهاتووشدا بڕیار وایه که چه‌کی زۆرتر له‌به‌رده‌ستی ئه‌وان دابنێت.
به‌رپرسانی ڕووسیا وتوویانه که یه‌که‌مین وەجبە له چه‌که‌کان، که بریتییه له چه‌کی سووک، ناوه‌ڕاستی مانگی مارچ بۆ هه‌رێمی کوردستان نێردراوه. لیژنه‌یه‌ک له هه‌رێمی کوردستان ئه‌م مانگه بۆ گفتوگۆ سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی چه‌ک له ڕووسیا بۆ مۆسکۆ سه‌فه‌ری کردووه. بڕیار وایه که لیژنه‌یه‌کی دیکه له مانگی جوون به مه‌به‌ستی گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته بۆ پێتێرزبوورگ سه‌فه‌ر بکات.
به‌رپرسه کورده‌کان له هه‌ولێر ڕایانگه‌یاندووه که چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه ده‌که‌ن که وەجبەیەکی دیکه له چه‌که پێشکه‌وتووه‌کانی ڕووسیا له مانگی مه‌ی 2016 وه‌ربگرن.
هه‌ناردنی چه‌ک بۆ کورده‌کانی عێراق له ڕێگای ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق هه‌میشه یه‌کێک له بابه‌ته پڕدەنگ و هەراکان بووه. دوو به‌رپرسی شاره‌زا له‌م بابه‌تانه‌وه به واڵ ستریت ژۆرناڵیان ڕاگه‌یاندووه که بڕه چه‌کی یه‌که‌م له چه‌که ڕووسییه‌کان له ڕێگای ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه هه‌نارده کراوه، به‌ڵام له‌وانه‌یه که بڕه چه‌کی دووهه‌م به‌بێ پێویستی به وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت له به‌غدا به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ بۆ هه‌رێمی کوردستان هه‌نارده بکرێت.
به‌رپرسێکی نزیک له وه‌زاره‌تی به‌رگریی ڕووسیا له‌م باره‌یه‌وه وتی: چه‌ندین قۆناغ بۆ هه‌ناردنی چه‌ک له ئارادایه. له قۆناغی یه‌که‌مدا، چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی له ڕێگای پێتهختهکانهوه ڕاده‌ست ده‌که‌ین، به‌ڵام به هه‌بوونی حوکم له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆماره‌وه ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ وه‌کوو ئۆپراسیۆنی تایبه‌ت، چه‌که‌کان ڕاده‌ست بکه‌ین.
وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق له نیشاندانی کاردانه‌وه له‌م باره‌وه خۆی بواردووه.
ئێلیا مارگۆنۆف، سه‌فیری ڕووسیا له عێراق ڕایگه‌یاندووه که ڕووسیا پابه‌ندی ڕێککه‌وتنی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌باره‌ت به ناردنی چه‌ک بۆ کورده‌کان له ڕێگای به‌غدایه.
ناوبراو له دیمانه له‌گه‌ڵ واڵ ستریت ژۆرناڵ وتوویه‌تی که چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یه که به‌رپرسانی کوردستان، هاوینی ئه‌مساڵ بۆ گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته بۆ مۆسکۆ سه‌فه‌ر بکه‌ن. به وته‌ی ناوبراو، مۆسکۆ ده‌یهه‌وێت جۆرێک چه‌ک له به‌رده‌ستی کورده‌کان بنێت که پێویستی به مه‌شقی سه‌ربازیی هه‌یه.
ئێلیا مارکۆنۆف زیادی کرد: ئه‌گه‌ر کورده‌کان خواستی خۆیان بۆ وه‌رگرتنی چه‌کی پێشکه‌وتووتر نیشان بده‌ن، مۆسکۆ ئاماده‌یه که ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ به‌غدا بخاته به‌ر باس.
مارک کاتز، مامۆستای بابه‌ته‌کانی تایبه‌ت به ڕووسیا له زانکۆی جۆرج میسیۆن، سه‌باره‌ت به کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م ئاکاره‌ی ڕووسیا وتی: له‌وانه‌یه ئه‌م کاره، بێته هۆی هرووژانی ئه‌مریکا که پێش ڕووسیا ده‌ست به‌کار بێت و کاری زۆرتر بۆ ته‌یارکردنی هێزه کوردییه‌کان ئه‌نجام بدات.
کۆدی بابه‌ت: 55741 | بهروار: ۱۳۹۵/۲/۶ | کاتژمێر: 12 : 50
برچسب:
نویسنده: استخدام کار